خانووی گوندەکان وابەستەی وەبەرهێنان بێت

10:36 - 2022-07-27
دووتوێ
864 جار خوێندراوەتەوە

خالید گڕاوی

پێش کارەساتی ئەنفالەکان و تێکدانی گوندەکانی هەرێمی کوردستان، زۆربەی گوندەکان کۆمەڵێک ماڵ بوون، لە نزیکی یەکتر بوون و خەڵکەکەی لەگەڵ یەکتر کۆمەڵێک تایبەتمەندیی خزمایەتی و هاوپیشەیی لەگەڵ یەکتریان هەبوو. گوندەکان زۆر گەورە نەبوون، زۆر لە کۆڵانەکانیان ئەوەندە تەسکبوون تەنها وڵاغ دەیتوانی پێیدا تێ بپەڕێت، گوندە گەورەکانیش دانیشتوانیان لەنێوان چەند سەد کەسێک تا هەزار کەس دەبوو، زۆربەیان سەربە یەک تیرە یان ھۆزێک یان یەک بەرەباب بوون. هەندێکیان، بەرەباب و هۆزێکی جیاوازیان هەبوو. لە رووی کارگێڕییەوە لەلایەن ئەنجومەنی گوند یان (موختار) بەڕێوەدەبران، لە کۆندا لەلایەن ئاغا و کوێخاوە سەرپەرشتی دەکران.
خەڵکی گوندەکان پێش راگواستنیان خەریکی کاری کشتوکاڵ و جۆرەکانی ئاژەڵداری بوون، بەرهەمەکانیان بەگوێرەی ئاستی بژێویی ژیانیان بوو.
دوای راپەڕین هەندێ لە گوندەکان لەسەر شێوازی کۆن دورستکرانەوە و بەهەمان شێوەی پێشوو ژیانیان دەستپێکردەوە، بەهۆی پڕۆسەی ئازادیی عیراق و باشبوونی دۆخی ئابووری، خەڵکێکی زۆر خانووی رێک و جوانیان لە گوندەکاندا دورستکرد، پاشان حکومەتی هەرێمیش پڕۆژەی قەرزی خانووبەرەی بۆ هاووڵاتیان کردەوە و ئەمەش شێوە و روخساری گوندەکانی گۆڕی.
جاران گوندەکان سەرچاوەی دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵکی شار بوون، کاتێک کۆمەڵگە لە کشتوکاڵ  پێشکەوتوو دەبێت و بەرەو پێشدەچێت، شارستانیەتیش خێراتر هەنگاو دەنێت.
 خەڵکی گوندەکان لە زۆربەی وڵاتانی دەوروبەرمان بە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریکن، چونکە پێویستیان بە سەرمایەیەکی زەبەلاح نییە، جگە لەوەی دەستکەوتەکەشی باشە و دەبێتە بنەمای دڵنیایی بۆ پێویستییە سەرەکییەکانی ناوخۆ، بە زیادكردنی بەرهەمی خۆماڵی نەك پێویستیی خۆیان دابین دەکەن، بەڵكو دەبنە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی خۆراك بۆ ناردنە دەرەوەش.
 لەگەڵ گەشەسەندنی کشتوکاڵ، بەشێکی بەرچاو لە نیگەرانییەکانی کۆمەڵگە سەبارەت بە ئاسایشی خۆراک و سەربەخۆیی ئابووری نامێنێت، وڵاتێک کە بەم پێگەیە بگات، بە دوو ئاراستە دەست دەکات بە رۆیشتن بە رێگای پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی  لە بوارە جیاوازەکان.
لە هەرێمی کوردستان بەم دواییە خەڵکێکی زۆریش ئەوانەی لە شارەکان دەژیان، روویان لە گوندەکان کردەوە، بەڵام بە جلوبەرگی شارییانە، زۆربەشیان مووچەخۆری حکومەت،  بەشێکیان  لە بێ جێگەیی روویان لە گوند کردەوە نەک بۆ کار و راپەڕاندنی ئەرک و فرمانی گوند.
شانبەشانی گوندنشینە مووچەخۆرەکان، خەڵکێکی دەوڵەمەندی شار بۆ شوێنی حەوانەوە و سەیران، زەوییە باشەکانی گوندنشینانیان کڕیوە و ڤێللا و  باخی بێ بەرهەمیان لێ دورستکردووە.
بەمەش زەوییە باشەکان زۆر کەمبوونەتەوە بۆ ئاژەڵداریی و لەوەڕاندن و  کشتوکاڵ و خەریکە زەوی لە گوندەکان بەرەو نەمان دەڕوات. ڤێللاکانیش تەنها بۆ کاتی پشوو بەکاردێن. ئێستا سنووری شار و  قەزا و ناحیە و گوند وون بووە، بۆیە پێشنیاز دەکەم:
1-هیچ باخێک لە گوندەکان دروست نەکرێت، یان مۆڵەتی پێنەدرێت ئەگەر بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریی و هەنگەوانی و حەوزی ماسی بەخێوکردنی تێدا نەبێت.
2- حكومەتی هەرێمی كوردستان  پێویستە گرنگی زیاتر بە كەرتی كشتوكاڵ  بدات و زۆرترین بودجەی تایبەت لە بودجەی گشتی ساڵانە بۆ كەرتی كشتوكاڵ تەرخان بکات و هاوکاری مادی جوتیاران و مەڕداران بکات.
3- هێنان و دانانی ژمارەیەک لە کارگەی پێویست بۆ پیشەسازیی خۆراکی بۆ کڕینی بەرهەمی جوتیاران و لەقتونانیان و رزگارکردنی جوتیاران لە ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان و دڵنیاکردنەوەیان لە زیان نەکردن.
4- دروستکردنی کۆگای هەڵگرتنی خۆراک بە سیستمی نوێ، کە مەرجی پاراستن و هەڵگرتنی میوە و بەرهەمەکانی تری هەبێت.
5-ـ پێویستە كەرتی تایبەتیش وەبەرهێنان لە كەرتی كشتوكاڵی بكات. لەبەرئەوەی ئەو كەرتە ستوونێكی سەرەكیی پەیداكردنی داهاتی نەتەوەیی و  دابینكردنی خۆراك و سەقامگیریی ئاسایشی نەتەوەییە، بە هەردوو لقی  بەرهەمی ئاژەڵی و بەرهەمی رووەكی و تەنانەت بەرهەمی ماسی و گیانەوەرە ئاوییەكان كە كاریگەریی زۆری هەیە لە گەشەپێدانی ئابووریی وڵات بە گشتی و بەرزكردنەوەی داهاتی تاك بە تایبەتی.
ساڵانە بڕێکی زۆر بەرهەمی خۆراکیی لە ئارد و ساوەر و بڕوێش و  هێلکە و  میوە هاوردەی هەرێم دەکرێت، ئەوەش بۆتەهۆی چوونە دەرەوەی  پارە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوە و بەو هۆیەشەوە هەم کەرتی کشتوکاڵ دەپووکێتەوە و هەم ئابووریی هەرێم لاوازدەبێت، ئەمەش دواجار بە زیان بۆ حکومەت و تاک بە تاکی هاووڵاتیان تەواو دەبێت.
یەكێكیش لەو كێشانەی ئێستا هەرێمی كوردستان رووبەڕووی بۆتەوە نەبوونی بەرهەمی ناوخۆیی كشتوكاڵی و ئاژەڵییە، بەهۆی پشتگوێخستنی بەرهەمی ناوخۆیی و گرنگی نەدان بە كەرتی كشتوكاڵی، ئەمەش وایكردووە هەرێم بێبەش بێت لە بەرهەمی ناوخۆیی، بۆیە گرنگیدانی زیاتر بەم كەرتە دەتوانێت سوودێكی زۆر بگەیەنێت بە دانیشتوانی ناوخۆی هەرێم و هەلی كار بڕەخسێنێت.

ئەگەر حكومەتی هەرێم رووبەروی هەر هەرەشەیەكی دەرەكی یان حاڵەتێكی نەخوازراو ببێتەوە، ئەوا ئەو كات دەتوانێت بۆ ماوەیەكی درێژ پشت بە بەرهەمی خۆماڵی ببەستێت و ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگە دەستەبەر بکات.
 گوندەکان بە سەرچاوەی سەرەکیی ئابووریی وڵات دادەنرێن لەهەر وڵاتێكدا بێت، ئەگەر كەرتی كشتوكاڵ پێش بكەوێ، ئەوا وڵاتەكەش زیاتر پێش دەكەوێت.

#گوندستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان