ئەم مانگە ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عیراق رادەگەیەندرێت و تاوەکو 10ی کانوونی یەکەمی 2024 ژمارەی دانیشتووانی عیراقیش گەیشتووەتە 46 ملیۆن و 122 هەزار کەس.
وەزیری پلاندانانی عیراق لە میانی بەشداریکردنی لە سیمینارێکدا کە دامەزراوەی نارامسین رێکیخستبوو ئاماژەی بەوەکرد، تێکڕای گەشەی دانیشتووانی عیراق لە 2.53٪ یە و رێژەی نێرینە لە مێینە زیاترە.
محەمەد تەمیم وەزیری پلاندانانی عیراق ئاماژەی بەوەشکرد، دانیشتووانی شارەکان سێ لەسەر چواری هەموو دانیشتووانی عیراق پێکدەهێنن و رێژەی هەژاری لە 17.5٪یە، ئەوەش پاشەکشەکردنێکی باشە چونکە پێشتر رێژەکە بەرزتربووە.
وەزیری پلاندانان روونیشیکردەوە، پارێزگای موسەننا بە رێژەی 40٪ هێشتا پلەی یەکەمی پارێزگاکانی لە هەژاریدا گرتووە و، پارێزگای بابل لە پلەی دووەمدا دێت و رێژەی هەژاریش لە بەغدادی پایتەخت 13٪ـە.
پێشتر وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی گشتیی، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 6 ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەس و 14%ی دانیشتووانی عیراق پێکدەهێنن.
لە 20ی تشرینی دووەمی 2024 پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عیراق بەرێوەچوو.