گۆچان دروستکردن

10:49 - 2022-07-27
دووتوێ
1280 جار خوێندراوەتەوە

گۆچان، لە هەندێك ناوچەی دیكەی كوردستان پێیشی دەوترێت «گۆپاڵ»، ئەم گۆچانە، مێژووەكەی دێرینە لە كوردستاندا، بەو پێیەی كە كورد شوانكارەیی زۆر كردووە و لە دەرودەشتدا بەدوای مەڕ و ماڵاتەكەیەوە بووە، بۆیە بیری لەوە كردۆتەوە كە چۆن وابكات ئەو دارەی دەستی كە بۆ دەركردنی مەڕەكانی بەكاری دەهێنێت، شوێنێكی هەبێت هەڵیبگرێت و نەكەوێت، دواتر بڕیار دراوە دارەكان بچەمێننەوە و وەك قولاپی لێبكەن و پێی بگوترێت «چەمە» كە وشەكە روونە و لە «چەماندنەوە» وەرگیراوە. زۆرجار شوانكارەكان ئەم چەمەی گۆچانە دەكەن بە دەستیاندا یان دەیكەن بە ملی خۆیاندا تاكو گۆچانەكە ون نەبێت و ئاسان بۆیان هەڵبگیرێت.
شێوازی چەماندنەوەی گۆچانیش لە كۆندا بە شێوەیەكی ئاسان و سادە بووە، ئەوەش پاش ئەوەی لقێكی «توڵێكی» باریك و رێكی دار بەڵاڵوك، بی، بەڕوو....هتد، لە ئاگرێكدا گەرم دەكرێت تاكو شیلەی درەختەكەی دەردەدات و نەرم دەبێتەوە، دواتر لەنێوان دوو لق داری گەورەدا، گۆچانەكە دەور دەدرێت بە یەكێك لە لقەدارەكاندا و چەمەی گۆچانەكە دروست دەكرێت، پاشان بۆئەوەی چەمەی گۆچانەكە تێكنەچێت و بەمانایەكی تەواو سادە بۆئەوەی چەمەی گۆچانەكە «نەپسێت»، پێویستە بە پەتێك یان تێلێك، هەردوولای چەمەكە ببەسترێت تاكو گۆچانەكە وشك دەبێتەوە، بەڵام ئێستا دەزگای چەماندنەوەی گۆچان گۆڕاوە بۆ دەزگایەكی پێشكەوتو و وەك جاران نەماوە و كاری ئەو كەسانەی ئاسان كردووە كە پێیان دەگوترێت «گۆچان ساز»
گۆچان، لە كۆندا و بە ئێستاشەوە، هێشتا بایەخی هەیە و ئەو كەسانەی كە ئارەزووی گۆچان دەكەن، تاكو جوان و رێك و باش چەمێنرابێت و جۆری دارەكەی باش بێت، زیاتر بەلایانەوە گرنگ دەبێت. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی كە گۆچان رۆڵی جیاجیا دەبینێت، شوانكارە و خاوەن مەڕەكان بە دوای باشترین جۆرەكانی گۆچاندا دەگەڕێن و ئامادەن جوانترین و باشترین جۆری گۆچان بكڕن، ئەمەش بۆئەوەی بەرگەی كەژوكێو بگرێت و بۆ پاراستنیش بەكاری بهێنن لە دڕەندەكان. هەرچی نەخۆشەكان و دەردەدارەكان و پیر و پەككەوتەكانیشە هەمیشە گۆچان بە هێز و گوڕوتینێكی دیكە دەزانن تاكو یارمەتییان بدات و بەسەر كۆسپ و بەربەستەكانی رێگایاندا زاڵیان بکەن.

#گوندستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان