خەڵكی قەزای سۆران لە كەمی رێژەی سەوزایی و نەبوونی پاركی خێزانی، نیگەرانن..

10:44 - 2025-02-12
دووتوێ
95 جار خوێندراوەتەوە
دیمەنێک لە قەزای سۆران

ئا:  زەمەن قادر


قەزای سۆران، كە ئێستا ناوەندیی ئیدارەی سەربەخۆ سۆرانە، بەدووری 120 كیلۆمەتر دەكەوێتە باكووری خۆرهەڵاتی شاری هەولێر، ژمارەی دانیشتوانەكەی بە 200 هەزار كەس مەزەندە دەكرێت و لە ساڵی 1980 بڕیاری بە قەزابوونی بۆدەرچووە، سنووری سۆران بەناوچەیەكی گرنگی گەشتیاریی و بازرگانی هەرێمی كوردستان دادەندرێت، ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی ناوخۆ و دەرەوە سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی وەك(گەلی عەلی بەگ و بێخاڵ و جوندیان) و چەندین شوێنی تر دەكەن، لەگەڵ ئەوەی ناوچەیەكی گەشتیارییە و كەشووهەوایەكی لەباری هەیە بۆ سەوزایی و خاوەنی چەندین سەرچاوەی ئاوە، كەچی لەچەندین خزمەتگوزاریی بێبەش كراوە، بەتایبەتی لەڕووی گرنگیدان بە ژینگە و زیادكردنی رێژەی سەوزایی و نەبوونی پاركێكی خێزانی.
ئارام گەڵاڵی، وەك دانیشتوی قەزای سۆران لەبارەی هۆكاری كەمی رێژەی سەوزایی بۆ كوردستانی نوێ وتی: بەهۆی پشتگوێخستنی ناوەندیی قەزای سۆران لەلایەن ئیدارەی سنوورەكە، رێژەی سەوزایی لەو شارە زۆر كەمە و بایەخی پێنەدراوە، هەروەها هیچ پاركێكی خێزانی گەورەی نییە شایەنی شارەكە بێت،  ئەمەش وایكردووە پێشكەوتنی ئەوتۆ بەخۆیەوە نەبینێت.
وتیشی: قەزای سۆران چەندین تایبەتمەندیی تێدایە، كە نابێت بەمجۆرە رێژەی سەوزایی كەم بێت و لەرووی ژینگەییەوە پشتگوێ بخرێت، لەوانە كەشووهەواكەی و بوونی چەندین سەرچاوەی ئاو و شارەزایی دانیشتوانەكەی لە چاندن و خزمەتكردنی دارودەرخت، بەڵام هەمووئەمانە پێویستییان بە بودجە و خەمخۆریی ئیدارەی سۆران هەیە، كەچی  كەمتەرخەمن.
ئاماژەی بەوەشكرد: لە سۆران ئەوەندە گرنگی بە دروستكردنی باڵەخانە و خانووی تایبەت و ڤێللا بۆ بەرپرسان و دەستڕۆیشتوان دراوە، ئەوەندە بایەخ بە سەوزایی و پاراستنی ژینگەكەی نادرێت، جگە لەناو شار تەنانەت چیا و دۆڵەكانیش دەكەن بە پرۆژەی تایبەت، بەهۆیەوە چەندین دار و درەختی خۆڕسك لەقەدپاڵی دۆڵ و چیاكان لەناوچووە.
هەرپەیوەست بەو بابەتە هێمن عەلی، وەك هاووڵاتیەكی دیكەی سۆران بەهەمانشێوە پێیوتین: 
بەداخەوە شاری سۆران كە ناوەندیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، لەچەندین خزمەتگوزاریی بێ بەشكراوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە ژینگە و رێژەی سەوزاییەوە هەیە، راستە لەڕووی رێگاوبان و باڵەخانە و پاكوخاوێنی تاڕادەیەك پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام لەرووی سەوزاییەوە كەمتەرخەمی زۆر هەیە، هەست دەكەین پلانێكی تایبەت لەو بوارە لەلایەن ئیدارەی سنوورەكە دانەنراوە، ئەمەش مایەی نیگەرانی ئێمەیە، وەك خەڵكی ئەم ناوچەیە.
پێشیوابوو: مانەوەی شاری سۆران بەمجۆرەی ئێستا، وادەكات ناوچەكە تایبەتمەندیی گەشتیاری لەدەست بدات، چونكە سروشتی ناوچەكە  وایكردووە ببێتە شوێنێكی گەشتیاری سەرنجراكێش، ئەوەش بەهۆی بوونی ئاووهەوا و ژینگەكەی، كاتێكیش لەو بوارەدا پاشەكشە هەبێت، بێگومان گەشتیاران روو لە شوێنی دیكە دەكەن، ئەمەش زیان بە ئابووریی دانیشتوانەكەی دەگەیەنێت، چونكە سەرچاوەی ژیانی زۆربەی خەڵكی سۆران گەشتیارییە.
عامر رۆستایی وەك یەكێكی تر لە دانیشتوانی قەزای سۆران بە كوردستانی نوێی راگەیاند: راستە ناوەندیی قەزای سۆران لەرووی رێژەی سەوزاییەوە، كەموكوڕیی هەیە، دەبوو شاری سۆران ئێستا زۆرترین رێژەی سەوزایی هەبێت، بەڵام  بەو جۆرە نییە لە ئاستی خواستی خەڵكدا بێت.
ئاماژەی بەوەشكرد: جگە لەوەی پێویستە خەڵك لەرووی رێژەی سەوزایی و پاراستنی ژینگە هۆشیاربن و خەمخۆری شارەكەیان بن، لەهەمانكاتدا لەسەر حكومەت پێویستە پلانی هەبێت، هەرچەندە لەم دواییەدا هەندێك كار كراوە، بۆ چاندنی دار و درەخەت و دروستكردنی پاركێكی خێزانی، بێگومان بە تەواوكردنی ئەو پڕۆژانە رێژەی سەوزایی باشتر دەبێت.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان