گوڵناز عەزیز بۆ کوردستانی نوێ :

کـاریگەریـی جینۆسـایدی ئــەنفال لەسـەر ژنــان لە پـــلەی بــــاڵادایە

10:00 - 2025-02-13
دیدار
126 جار خوێندراوەتەوە

گۆڵناز عەزیز (گوڵاڵەی گەرمیان) یەکێکە لەو کارەکتەرانەی هەم وەک نووسین و هەمیش وەک کەسێکی چالاک، بەردەوام لە خەمی دۆسێی کەسوکاری بەجێماوانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفالدایە. راستتر وایە بڵێین؛ ئەو هەمیشە پرسی ژنانی بەجێماوی ئەنفالی کردووەتە ناوەندی چڕی کار و نووسینەکانی، لەم بوارەشدا کۆمەڵێک کتێبی دیکۆمێنتاری و هاوکات نووسینەوەی مێژووی زارەکیی تاوانەکەی ئامادەکردووە و نووسیوە و چاپ و بڵاوی کردوونەتەوە.
لە گفتوگۆیەکی کراوەدا، ئەمەی بەردەستمان لە دیدو بۆچوونەکانی چنییەوە.

 


تاوانی ئەنفال و کاولکاری
تاوانی جینۆسایدی ئەنفال؛ یەکێکە لە تاوانە بەربەرییەکانی سەدەی رابردووی رژێمی فاشیستی بەعس، کە زۆربەمان لەسەر ئەوە کۆکین ئەم تاوانە بە هەموو پێوەرێک و هاوشانی رەهەندە فەلسەفی و فیکری و سیاسییەکەی فاشیزمی بەعس، کاولکاری بوو لە ئاستی ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و دەروونی و ژینگەیی، بۆ ئەمەش دەرکەوتە و لێکەوتەی زۆری 36 ساڵی رابردوومان لەبەردەست و لەپێشچاوە.
گوڵناز لەوبارەیەوە دەڵێت: (تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، ئەو پەلامارە سەربازییە کاولکارییە بوو کە بۆ مێژووییەکی دوور و نەزانراو، کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر ناوچە بەرکەوتووەکان دەمێنێتەوە بە سروشت و مرۆڤەوە). 
ئەگەر قسەیەکی (مێژوویەکی دوور و نەزانراو) وەربگرین و لە هەردوو ئاستی (سروشت و مرۆڤ) بیخەینە چوارچێوەی گفتوگۆوە، ئەوا دەگەینە ئەو بڕوایەی کە تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، تا ئەو ئاستە بەربەری و فاشییانە بووە کە هەردوو (سروشت و مرۆڤ) پێکەوە گرێ بدات و بیانکاتە ئامانج لە نەخشە و سیاسەتی خۆیدا و کار لەسەر تێکشکاندنیان بکات.
ئەنجامیش جگە لەوەی مرۆڤ (کورد بوون) بەبێ جیاوازیی تەمەن و رەگەز و ئایدیا، کە دەبێتە ئامانجی لەناوبردن لە چوارچێوەی پەلامارەکەدا، سروشت و ژینگەش دەبنە ئامانجە باڵاکانی لە کاولکردن و تێکشکاندن، بۆئەوەی پێش بە هۆکار و رەگەزەکانی ژیان و بووژانەوە و سەرهەڵدانەوە بگرێت.

کاریگەریی تاوانەکە لەسەر ژن
ژن لە تەواوی تاوانەکانی جینۆسایددا لە جیهان و تاوانەکانی جەنگ و دژبە مافی مرۆڤ، لە توێژە هەرە بەرچاوەکانی قوربانییەکانە و بۆ جینۆسایدی ئەنفالیش، ئەم بابەتە چەندین قات و پلە دەبێتەوە و نموونەی زۆریشمان لەبەردەستدایە.
گوڵناز لەم بارەیەوە تەنیا رای خۆی نا؛ بەڵکو نموونەی زیندوومان بۆ دەهێنێتەوە و دەڵێت (خەدیجە عەزیز بۆ خۆمی گێڕایەوە کە کچەکەی گەنج و جوان بووە، سەربازێک دەستی گرتووە و بەزەبری هێز لە چنگی دەرهێناوە و بردویەتی و تا هەتایە نەیبینیووەتەوە). 
گێڕانەوەی ئەم دیمەنە بەدەم ئاسانە، بەڵام ئەگەر تۆ بێیت و خۆت بخەیتە شوێن و جێگای ئەم ژنە، کچەکەت تازە لە تەمەنی پازدە و شازدە ساڵیدا بێت، بە زۆر و بە زەبری هێز و قامچی لەنێوان هەردوو دەستتدا هەڵی پچڕێنن و بۆ هەمیشە نەیبینیەوە؛ دەبێت لە چ ئازارێکی دەروونیدا بتلێیتەوە و چۆن ئەم دیمەنەت لەپێش چاو ونببێت؟ 
یان دەڵێت ژنێکی تر بەناوی ئامینە ساڵح بۆی گێڕامەوە و وتی: (لە زیندانی تۆپزاوە کچێکمان لەگەڵدا بوو، ناوی حەمدیە بوو، زۆر جوان بوو، دایکی بە ناچاری و لەترسی ئەوەی نەبێتە جێگای سەرنجی سەربازەکان و نەیبەن، بەڕەشی ژێرەوەی کتری دەموچاوی رەش کردبوو، بەڵام لە نوگرەسەلمان بینیان و بردیان، تا ئێستا قیژە و زریکەی ئەو کچە لە گوێمدا دەزرنگێتەوە و دایکیشی دوای سێ رۆژ لە عەزرەتانا لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا).
ئایا ئەم نموونانە پێویستی بە هیچ لێکدانەوەیەک هەیە؟ بەڕای گوڵناز کاریگەریی ئەم حاڵەتە و سەدان و بگرە هەزاران حاڵەتی تر لە تاوانی جینۆسایدی ئەنفال لەسەر ژنان تا مەودا و مێژوویەکی نەزانراو دەمێنێتەوە. 
بە دیدێکی تر، ئەو پێیوایە و دەڵێت: (کاریگەریی جینۆسایدی ئەنفال لەسەر ژن لەپلەی باڵادایە و بەداخەوە هێشتا نەمانتوانیووە رەهەندە جیاجیاکانی ئەم کاریگەرییە بە دروستی دیاری بکەین و شێلگیرانە کاریان لەسەر بکەین).

یەکێک لە نموونەکان فەهیمە رۆستەمی بەجێماوی ئەنفالە کە لەکاتی شاڵاوەکاندا کەوتووەتە سەر ژانی منداڵبوون و بەرێگەوە منداڵەکەی بووە، هەمووان پێیانوابووە منداڵەکە مردووە، بۆیە ئەویش وایزانیووە مردووە پەڕۆیەکی تێوە پێچاوە و لە بندیوارێکدا بەجێیهێشتووە!!

 

«لێمگەڕێن سەرەتا با تێر بگریم»
بەو پێیەی گوڵناز کتێبە چاپکراوەکان و زۆربەی کنە و پشکنینەکانی لەناو ژنانی بەجێماوی تاوانی جینۆسایدی ئەنفالدا چڕکردوەتەوە و کاری لەسەر کردوون؛ نموونەی زیندوومان بۆ دەهێنێتەوە، وەک (دوای چەندین ساڵ لە تاوانەکە، فەهیمە رۆستەم دەڵێت: (با تێر بگریم) و دواتر وتی: ئەو رۆژەی کە ئەنفال کراین، لای ماڵەکانی قادر کەرەم بووین، ژانی منداڵبوون هەڵی پێچام، کوڕێکم بوو، سەرەتا وتیان مردووە و بەجێی بهێڵە، لەوێ پارچە پەڕۆیەکم تێوە پێچاو لەپەنا دیوارێکدا بەجێمهێشت، ئێستا دەزانم نەمردبوو، بورابووەوە).
دەی مرۆڤ کاتێک دیمەنی ئەم دایکە و منداڵەکەی و فڕێدانی لەپەنا دیوارێک و بەجێهێڵانی دەهێنێتەوە پێش چاوی خۆی، چۆن کاریگەرییەکانی ئەم دۆخە لەسەر دایکەکە دیاری بکات، جگەلەوەی تەنیا دڵنیایی لەوەی ئەم دایکە تا دوا هەناسەی ژیان ئازار و ژان دەچێژێ و رەنگیشە هەموو ساتێکی تەمەنی دۆزەخ بێت؟!.

بۆچی قوڕمان  لە خۆمان هەڵدەسوو؟ 
یان نموونەیەکی تری نەخوازراوی زیندوو باس دەکات و دەڵێت: (خاتوو نەدیم پێی وتم بۆ تۆی باس دەکەم، لەدوای ئەنفال دەبوو بە رۆژ باوکی منداڵەکانمان بین و کرێکاری بکەین، بە شەویش ببین بە دایکیان. ئەو رۆژانەی ساڵانی دوای ئەنفال گەنج بووین، کە لە کێڵگەکان کرێکاریمان دەکرد و لەکاتی سووڕی مانگانەدا دەبووین، جلەکانمان لە قوڕ هەڵدەژەنی بۆئەوەی خوێنی سووڕی مانگانەکانمان دیارنەبێت لەپێش چاوی خاوەن کارەکان و کرێکارەکانی تر، تا ئەو دۆخەی خۆمانی پێ بشارینەوە).
ئایا ئەم نموونەیە پێویستی بە لێکدانەوە و شیکارکاری هەیە؟ ئایا هەر خودی نموونەکە بۆ خۆی قسە ناکات؟ 
گوڵناز دەیان و سەدان نموونەی زیندووی لەبەردەستە، کە دەکرێت وەک هەموو نموونەکانی تر کە لێرەو لەوێ لێیان کۆکراوەتەوە و زۆربەی زۆریشیان تائێستا لە ناخ و دەروونی ژنان و کچانی بەجێماوی ئەنفال پەنگی خواردووەتەوە و نەدرکێنراون. لە سەنتەرەکانی جینۆساید و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە، بەجدی کاریان لەسەر بکرێت، بێگومان نەک وەک پێویست، بەڵکو کەمترین لێکوڵینەوە و توێژینەوەیان لەبارەوە کراوە.

ئا: جینۆسایدنامە

ژنە بەجێماوەکانی ئەنفال، هەریەکەو چیرۆکی خۆیان هەیە

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان