ئەنجومەنی ئاسایش هێرشەكانی توركیای بۆ سەر خاكی عیراق تاوتوێكرد

09:38 - 2022-07-28
ڕاپۆرت
894 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دیاری سابیر

بە مەبەستی تاوتوێكردنی هێرشەكەی سەر گوندی بەرەخ لە سنووری پارێزگای دهۆك، لەسەر داوای عیراق، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە نیویۆرك، كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی رێكخست ‌و تێیدا نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای راگرتنی ئەو جۆرە هێرشانەی كرد بۆ سەر خاكی عیراق.

بەڵگەیە بۆ پشتگوێخستنی ژیانی مەدەنییەكان
جینین بلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند: لەگەڵ ئەوەی پێویستە سەرجەم لایەنە ناكۆكەكان هەموو رێوشوێنێك بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی بگرنەبەر، بەڵام ئاشكرایە كە پێوەی پابەندنابن، وتیشی: ئەو هێرشە، بەڵگەیە بۆ پشتگوێخستنی ژیانی مەدەنییەكان ‌و پێوەرە پەسەندكراوە نێودەوڵەتییەكان بۆ یاسای مرۆیی ‌و نێودەوڵەتی بۆ مافی مرۆڤ، لەپێناوی پاراستنی مەدەنییەكاندا.

هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی ‌و جیهان
پاشان لە وتارێكدا، د.فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق رایگەیاند: رۆژی 20ی ئەم مانگە، سوپای توركیا بەهێرشكردنە سەر ژمارەیەك خێزانی مەدەنی لە هاوینەهەواری بەرەخ لە پارێزگای دهۆك، سەروەریی عیراق ‌و ژیانی هاووڵاتییەكانی پێشێلكرد، كە بەهۆیەوە نۆ هاووڵاتی مەدەنی شەهید بوون ‌و 33ی دیكەش برینداربوون ‌و زیانی مادیشی لێكەوتەوە، وتیشی: عیراق بە توندی ئەو پێشێلكارییەی توركیا ئیدانە دەكات، كە هێرشی سەربازییە بۆ سەر سەروەریی عیراق ‌و ئەمن ‌و سەقامگیریی خاكەكەی. هەروەها هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی ‌و جیهان ‌و بە پێشێلكردنی بنەماكانی یاسای نێودەوڵەتی ‌و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی ‌و پرەنسیپەكانی دراوسێیەتی باش دادەنرێت، هەروەك پێشێلكاریی پرەنسیپ ‌و ئامانجەكانی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان ‌و ئامانجەكانێتی. 

پشتگوێخستنی داواكارییەكانی عیراق
وەزیری دەرەوەی عیراق، ئاماژەی بەوەشدا: ئەو پێشێلكارییە، بەڵگەیە بۆ بەردەوامبوونی توركیا بە پشتگوێخستنی داواكارییەكانی عیراق بۆ راگرتنی هێرشە بەردەوامەكانی توركیا بۆ سەر سەروەریی خاكەكەی ‌و كشاندنەوەی هێزە سەربازییەكانی لە خاكی عیراق، وتیشی: لە ساڵی 2018ەوە،  296 یاداشتی رەسمی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عیراقەوە ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی توركیا كراوە، بۆ ناڕەزایی دەربڕین لەسەر ئەو پێشێلكارییانە ‌و تائێستا ئەو وڵاتە 22 هەزار ‌و 742 پێشێلكاری لە بەرامبەر خاكی عیراق كردووە. 
باسی لەوەشكرد، كە عیراق پێشوازی لە بەیاننامەی ئەنجومەنی ئاسایش دەكات، كە تێیدا ئیدانەی ئەو هێرشە ئاشكرایەی توركیا دەكات بۆ سەر خاك و سەروەری ‌و ژیانی هاووڵاتیانی عیراق، كە دواجار هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەكە و  جیهانیش، وتیشی: داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش دەكەین كە بەرپرسیارێتییەكانی خۆی لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیدا بەكاربهێنێت و بەپەلە بڕیارێك دەربكات بۆ پابەندكردنی توركیا بە كشاندنەوەی هێزە سەربازییەكانی لە ناو خاكی عیراقدا.

توركیا پابەند بكرێت
روونیشیكردەوە: توركیا پاساوی نایاسایی بۆ بوونی هێزە سەربازییەكانی لە عیراق دەهێنێتەوە، بانگەشەی بوونی رێكەوتنێكیش لەگەڵ عیراق دەكات كە رێگە بە سوپای توركیا دەدات خاكی وڵاتەكەی ببەزێنێت، بەڵام تەئكید دەكەینەوە كە هیچ رێكەوتنێكی ئەمنی لە نێوان عیراق ‌و توركیادا نییە دەربارەی رێگەدان بە هێزەكانی ئەو وڵاتە بۆ هاتنە ناو خاكی عیراق بۆ شەڕ دژی پەكەكە. وتیشی: ئەنجومەنی ئاسایش بە بڕیارێك، توركیا پابەندبكات بە كشاندنەوەی هێزە سەربازییەكانی لە سەرجەم خاكی عیراق، هەروەها بە توندی ئیدانەی پەلامارەكاتی توركیا بكات و كاربكەن بۆ دڵنیابوون لە لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو كارە قێزەونە، توركیاش پابەندبكرێت بە قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتیانی مەدەنی، كە بەهۆی هێرشەكانیانەوە زیانیانلێكەوتووە.

هەڵوێستی ئەمریكا ‌و چین ‌و روسیا 
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، نوێنەری ئەمریكا ئیدانەی بۆردومانی هاوینەهەواری بەرەخ-ی كرد ‌و داوایكرد رێز لە سەروەریی خاكی عیراق بگیرێت.
لای خۆشیەوە، نوێنەری چین داوای لە هەموو لایەنەكان كرد، كە هاوئاهەنگی عیراق بكەن لە لێكۆڵینەوەكاندا، وتیشی: پێویستە هەموان رێز لە سەروەریی عیراق بگرن ‌و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هاوكاریی بكات.
نوێنەری روسیاش داوای لێكۆڵینەوەی لە رووداوەكە كرد ‌و پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ سەقامگیری ‌و سەروەریی خاكی عیراق راگەیاند ‌و وتیشی: پێویستە بگەن بە چارەسەرێكی سیاسی. 

هەڵوێستی بەریتانیا ‌و فەرەنسا
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، نوێنەری بەریتانیا رایگەیاند: وڵاتەكەی پشتیوانی لە سەروەری ‌و سەقامگیریی عیراق دەكات، پێویستیشە سەرجەم لایەنەكان پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەكان بن.
هەروەها نوێنەری فەرەنسا ئیدانەی هێرشكردنە سەر هاووڵاتیانی مەدەنی كرد لە دهۆك ‌و پشتیوانیی وڵاتەكەشی بۆ بەدیهێنانی ئاسایش ‌و سەقامگیریی ئیقلیمی دووپاتكردەوە. 

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

#ئەنجومەنی ئاسایش

بابەتە پەیوەندیدارەکان