رۆژانی كۆتایی ژیانی گابۆ، لەزاری كوڕەكەیەوە

11:18 - 2025-02-13
ئەدەب و هونەر
241 جار خوێندراوەتەوە
ماركیز و رۆدریگۆ گارسیای کوڕی

ئامادەو وەرگێڕان:
سامان یاروەیس 

 

«لە زهنمدا پێداچوونەوە بە یادداشت و یادەوەرییەكانی چەند رۆژی كۆتاییدا دەكەم و نازانم دەتوانم وەك چیرۆكێك بەیەكەوە بیانبەستمەوە یان نا. باوكم (گابۆ) وەك دایكم، باوەڕێكی بەهێزی هەبوو كە ژیانی خێزانەكەمان بە تایبەتیی بمێنێتەوە، لە منداڵیدا دەبوو ئەم یاسایە پەیڕەو بكەین، بەڵام ئێمە ئیتر منداڵ نین، رەنگە ئێمە منداڵی پێگەیشتوو بوو بین، بەڵام چیتر منداڵ نین.» ئەمە وتەكانی رۆدریگۆ گارسیا، كوڕی گابرێل گارسیا مارکیز(گابۆ)یە، كە بەم دواییە كتێبی «ماڵئاوایی لە گابۆ و مێرسیدس»ی بڵاوكردەوە. ئەو باش دەیزانی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی كتێبەكەیدا پێشوازییەكی گەرمی لەلایەن خوێنەرانی ماركیزەوە لێدەكرێت. هەروەها رۆدریگۆ گارسیا بەردەوامە لە هەوڵدان بۆئەوەی لێكدانەوە زهنییەكانی خۆی سەبارەت بە بڵاوكردنەوەی ئەم كتێبە لەگەڵ خوێنەردا بەش بكات:
"دەزانم هەرچییەك لەسەر دوا رۆژکانی گابۆ و ژیانی دایكم بنووسم، بەبێ گوێدانە ئاستی كوالێتییەكەی، بە ئاسانی بڵاودەبێتەوە. دەزانم لە كۆتاییدا شتێك دەنووسم و ئەم یاداشتانە بە جۆرێك لە جۆرەكان بڵاودەكەمەوە. بۆیە بۆئەوەی ئەم كارە بكەم، دەگەڕێمەوە بۆ وەسیەتنامەكەی باوكم ، كە پێیوتین: كاتێك دەمرم، هەرچیتان دەوێت بیكەن".

 

گابرێل گارسیا ماركیز - گابۆ

 

رۆدریگۆ گارسیا كوڕی یەكێك لە نووسەرە بەناوبانگەكانی سەدەی بیستەم گابرێل گارسیا ماركیزە کە نازناوی گابۆی هەڵگرتووە، لە كتێبی (ماڵئاوایی لە گابۆ و مێرسیدس)دا كە لە 32 بەش پێكدێت، بیرەوەرییەكانی دوایین رۆژەكانی ژیانی گابۆ و مێرسیدس لە مەكسیك سیتی لە ساڵانی 2014 و 2020 دەگێڕێتەوە، هەروەها رووخساری باوكی بەشێوەیەك دەكێشێت پێشتر بە هیچ جۆرێك نەبینراوە. گابۆ هەمیشە بە كەسێكی سوعبەتچی ناسرابوو، سەرەڕای نەخۆشییەكەی لە دوا ساڵەکانی ژیانیدا، بەڵام هەر سوعبەتکردن و قسەخۆشیی خۆیی پاراستبوو. ئەو دەیگوت:
"بیرەوەریم لەدەست دەدەم، بەڵام خۆشبەختانە لە یادەوەریمدا لەبیرم دەچێتەوە كە لەدەستمداوە". بینینی وێنەی گابۆیەكی بێ هیوا و بێ دەسەڵات بە ئازارە. وردە وردە توانای نووسین لەدەست دەدات، تەنانەت ناتوانێت رووخساری ئاشناكانی خۆی بناسێتەوە و توانای دروستكردنی رستە و یەكخستنەوەی چەمكەكانی لەكاتی قسەكردندا نییە. بەڵام تا دواسات دەستبەرداری قسەخۆشەکانی خۆی نەبوو.
رۆدریگۆ ئەوە بە بیر دەهێنێتەوە، گارسیا ماکیز (گابۆ)ی باوکی، لە رۆژانی كۆتایی ژیانیدا هەوڵی خوێندنەوەی كتێبەكانی خۆی دەدا، ئەركێك كە پێشتر رقی لێی بوو، دوای تەواوكردنی كتێبەكەش سەری دەسوڕما كاتێك وێنەی خۆی لەسەر بەرگی كتێبەكە دەبینی، جارێكیان بە سەرسوڕمانەوە پرسی: ئەم كتێبانە لە كوێوە هاتوون؟
رۆدریگۆ لە كتێبی (ماڵئاوایی لە گابۆ و مێرسیدس) لە لاپەڕەی 18دا باسی نەخۆشییەکەی باوكی دەكات:
"ئەو سكرتێر و شۆفێر و چێشتلێنەرانەی ساڵانێك لە ماڵەكەدا كاریان كردووە، وەك ئەندامی خێزان و كەسانی میهرەبان دەیانناسێتەوە، چونکە ئاسایش و ئارامیی بۆ دابین دەكەن، بەڵام ناوەكانیانی لەبیر نییە. كاتێك من و براكەم دەچینە سەردانی، زۆر بە وردیی و بە سەرسوڕمانەوە سەیری ئێمە دەكات. هەندێك شتی رابردووی دووری بیر دەكەوێتەوە، بەڵام دیسانەوە ناتوانێت بمانناسێتەوە. لە خزمەتكارەكە دەپرسێت: (ئەمانە كێن؟)، خزمەتکارەکەی دەیووت: (ئەوان كوڕەكانی ئێوەن)، باوکیشم دەیووت: (بەڕاستی؟ ئەم بەڕێزانە؟ وای! باوەڕ پێ نەكراوە!)".
گابرێل گارسیا ماركیز، رۆژی پێنجشەممەی مانگی ئازاری 2014 لە ماڵەكەی خۆی لە پایتەختی مەكسیك كۆچی دوایی كرد. رۆدریگۆ بیری دێتەوە كە دایكی چۆن كاردانەوەیەکی هێمنی بەرامبەر بە مردنی گابۆ هەبوو. خێرا بە هاوكاریی پەرستارێك جەستەی بێ گیانی هاوسەرەكەی بۆ مەراسیمەكە ئامادە كرد و لە كاتی پرسەكەدا رێگەی بە خۆی نەدەدا شیوەن بگێڕێت. مێرسیدس بارچا، كەسێكی سەربەخۆ و بەوەفا و خاوەن كەسایەتیی بوو، كاتێك سەرۆكی مەكسیك لە مەراسیمی یادكردنەوەی كۆچی دوایی ماركیزدا، وشەی بێوەژنی بەرامبەر بە مێرسیدس بەكارهێنا، بەتووڕەییەوە كاردانەوەی خۆی نواند و لەیەكەم چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانیدا جەختیكردەوە لەسەر ئامادەكاریی بۆ هاوسەرگیریی لە داهاتوودا، دوا قسەشی لەسەر ئەم بابەتە بریتییە لە: "من بێوەژن نیم، من خۆمم!"
كوڕەكەی بیری دێتەوە دایكی راشكاوانە و نهێنی و سەرسەختانە ماوەتەوە، تەنانەت لە رۆژانی پێش مردنیدا لە ساڵی (2020)، سەیرنییە مێرسیدس پێی خۆش نەبوو كوڕەكەی كتێبێك لەسەر ژیانی تایبەتیی خۆیان(خێزانەكەیان) بنووسێت، "دایكم حەزی دەکرد بیرمان بخاتەوە، ئێمە كەسایەتیی گشتی نین، دەشمزانی تا ئەو كاتەی توانای خوێندنەوەی هەبێت، ناتوانم ئەو كتێبە بڵاوبكەمەوە".

 

گابۆ كە هەمیشە بە كەسێكی سوعبەتچی ناسرابوو، سەرەڕای نەخۆشییەكەی لە دوا ساڵەکانی ژیانیدا، بەڵام هەر سوعبەت کردن و قسەخۆشیی خۆیی پاراستبوو

 مردنی ماركیز بە تایبەتی بۆ رۆدریگۆ گرنگ نەبوو بەهۆی سروشتی گشتییەوە، بەڵام مردنی مێرسیدس گرنگ بوو، چونكە كۆتایی هاتنی پێكهاتەی خێزانەكەیان بوو. ئەو خێزانەكەی بە (یانەیەكی چوار كەسیی) ناودەبات، كە پێكهاتووە لە باوكی و دایكی و برا بچووكەكەی گۆنزالۆ گارسیا، بە گوتەی ئەو یانەكەیان كە چوار كەسی تێدایە. لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا بە مەرگی دایكیان بە رەسمی هەڵوەشایەوە. 
بەشێكی زۆری كتێبی (ماڵئاوایی لە گابۆ و مێرسیدس) باس لە ماركیز دەكات، با پێكەوە یاداشتەكانی تری رۆدریگۆ بخوێنینەوە: "بەیانیی ئەمڕۆ باڵندەیەكی مردوو لەناو ماڵەكەدا دۆزرایەوە، چەند ساڵێك لەمەوبەر بنمیج و دیواری ماڵەكەیان داپۆشی و كردیان بە ژووری میوان و ژووری نانخواردن كە زیاتر دیمەنی باخچەیەكی هەبوو. دیوارەكان شووشە بوون، بۆیە وا دیارە باڵندەكە لە كاتی فڕیندا رێگەی خۆی هەڵەکردووە و خۆی بە شووشەكەدا کێشاوە و بە مردوویی كەوتووەتە سەر ئەو قەنەفەیەی باوكم زۆربەی جار لەسەری دادەنیشت". 
"سكرتێرەكەی باوكم ئاگاداری كردمەوە، ستافی ماڵەكە بەسەر دوو گروپدا دابەشبوون: گروپێكیان پێیان وابوو مردنی باڵندەكە بەو جۆرە بەختی ناخۆش دەهێنێت و پێویستە فڕێبدرێتە زبڵدان، گروپەكەی تریش بە نیشانەیەکی باشیان زانی و دەیانویست باڵندەكە لەناو باخچەكەدا بنێژن. سەبەتەی زبڵەكە دەجوڵێنن و باڵندەكە ئێستا لەناو دەبەیەكدایە لە گۆشەی چێشتخانەكە. دوای گفتوگۆی زۆر بە شێوەیەكی كاتی، باڵندەكە لەسەر زەویی لە گۆشەیەكی باخچەكەدا دادەنێن، بۆئەوەی چارەنووسەكەی دیاریی بكەن، دواجار لە تەنیشت تووتییەكەوە دەینێژن، لە شوێنێكدا كە توولە سەگێكش لەوێیە. ستافی ماڵەكە هەمیشە بوونی گۆڕستانێكی ئاژەڵە ماڵییەكانیان لە باوكم دەشاردەوە، چونكە لێی دەترسان. لە بەشێكی كتێبەكەدا رۆدریگۆ بڕیار دەدات رووداوەكانی ژیانیان لە روانگەی خۆیەوە و لە چاویلكەی بیركردنەوە و نائارامییەكانی خۆیەوە بگێڕێتەوە، ئەمە زۆر سەرنجڕاكێش دەبێت. لە كاتی نووسینی بیرەوەرییەكانیدا، تێدەگات ئەو دیوارەی دایك و باوكی لە دەوری ژیانی تایبەتیی خۆیان دروستیان كردبوو ئەویشی لەخۆگرتبوو، بۆ نموونە تا تەمەنی 50 ساڵیی نەیدەزانی باوكی لەناوەڕاستی چاوی چەپیدا كوێرە و توانای بینینی لەدەستداوە نەیزانیبوو كە مێرسیدسی دایكی دوو خوشك و برایەكی لە تەمەنی منداڵیدا لەدەستداوە.
"لەدەرەوەی زهنی خۆمدا ئەم بیركردنەوەیە هەیە كە رەنگە منیش بە باشیی دایك و باوكم نەناسیبێت". لەبەرئەوەی شتی زۆرم لەسەر ژیانیان، تایبەتمەندییەكانیان، شێوازی بیركردنەوەیان، ترس و هیواكانیان نەپرسی بوو، بیرمە باوكم هەمیشە دەیگوت: "مرۆڤ سێ ژیانی هەیە، ژیانی گشتی، ژیانی تایبەت و ژیانێكی نهێنی".
لە كاتێكدا سەیری پرسەی ماتەمینیم دەكرد لە مەراسیمی یادی باوكمدا، ئەو پرسیارە بەردەوام بە مێشكمدا دەهات: ژیانی نهێنیی باوكم چی بوو؟
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵێكی رادیۆی ناوخۆی كۆڵۆمبیادا، رۆدریگۆ لە وەڵامی پێشكەشكاری بەرنامەكەدا كە پرسیاری ئەوەی لێكرد: كام بەشە لە ژیانی گارسیا ماركیز لەم كتێبەدا زۆرترین باسی لێوە كراوە، وتی:
"بەو پێیەی ژیانی گشتی باوكم لەلایەن خەڵك و هەوادارەكانییەوە زانراوە، هەوڵمداوە لەسەر ئەوە شتی زۆر نەنووسم و لە نهێنییەكانی ژیانی نزیك نەبوومەتەوە، بەڵام هەوڵم داوە تا دەتوانم لەسەر ژیانی تایبەتیی باوکم بنووسم، بەتایبەتی لە دوایین هەفتەكانی ژیانیدا كە لە ماڵەوە لەژێر چاودێریی پزیشكیدا بووە". 
"باوكم هەمیشە دەیگوت: یەكێك لە و هۆكارانەی وایكردووە رقی لە مردن بێت ئەوەیە، تاكە لایەنێکی ژیانییەتی كە ناتوانێت لەسەری بنووسێت". كوڕەكەی ماركیز بۆی دەركەوت، خراپترین بەش لە مردنی باوكیدا ئەو شتەیە کە نەیتوانیوە لە ژیانیدا لەسەری بنووسێت، بەڵام ئێستا رۆدریگۆ گارسیا ماکیز، ئەو كارەی بۆ باوكی كرد.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان