کوردستانی نوێ ، ئاستەنگ و سوودەکانی دەخاتەڕوو

ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە هەرێم، روو لە زیادبوونە

09:38 - 2025-02-16
ڕاپۆرت
88 جار خوێندراوەتەوە
# لە هەرێم زیاتر لە 11 هەزار ئۆتۆمبێلی تەواو کارەبایی تۆمارکراوە

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

بەڕێوەبەری مەڵبەندی چاکكردنەوەی ئۆتۆمبێلی هایبەرد بۆ   کوردستانی نوێ  : لە هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێلی هایبەرد و تەواو كارەباییش هەیە، زۆر سەركەوتوو و ئابوورین، ژمارەشیان بەردەوام زیاد دەکات

دروستكردنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی یان باتری، یەكێكە لەو پێشكەوتنە گرنگانەی كە مرۆڤ لە بواری پیشەسازی ئۆتۆمبێلدا بە دەستی هێناوە كە چەندین سوودی هەیە، وەك پاكڕاگرتنی ژینگە، كەمیی خەرجی بەكارهێنانی ئۆتۆمبێل، كەمبوونی ژاوەژاوی بزوێنەر، كەمكردنەوەی گڕگرتنی ئۆتۆمبێل بەهۆی سووتەمەنی و لابردنی چەندین پارچەی ناو ئۆتۆمبێل. ئێستا ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە دەهێنرێنە هەرێمی كوردستان، بەڵام رێژەی بەکارهێنانی بەو شێوەیە نییە كە بتوانێت ژینگەی هەرێمی كوردستان لە پیسبوون رزگار بكات.
حسێن ئەحمەد شارەزا لە بازاڕی ئۆتۆمبێل لە شاری هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە هەرێمی كوردستان ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەکاردەهێنرێت، هۆكارەكەی بۆ هۆشیاریی خەڵكی بۆ پاراستنی ژینگە و دابەزینی نرخی ئۆتۆمبێلی لەو جۆرە و دانانی وێستگەی بارگاویكردنی زیاتر لە شارەكاندا دەگەڕێتەوە.
وتیشی: لەگەڵ ئەوەی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە لە بازاڕدا هەیە، بەڵام هێشتا چەند كێشەیەك رێگرە لە بەردەم زۆربوونی لەسەر شەقامەكان، ئەویش كەمیی وێستگەی بارگاویكردن لە ناوچە دوورە دەستەكان و نەبوونی سیستمێكی تەواوی چاككردنەوەیان و بەرزیی نرخی هەندێك جۆریان.

جۆرەکانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی
ئۆتۆمبێلی كارەبایی دوو جۆری هەیە، یەكەمیان پێی دەوترێت (هایبێرد) كە بزوێنەرەكەی لە یەك كاتدا بە بارتی و بەنزینیش كاردەكات و دەتوانرێت تا خێرایی 60 بۆ 80 كیلۆمەتر بە باترییەكەی بەبێ سووتانی بەنزین لێی بخوڕیت، جۆری دووەمیش بریتییە لە ئۆتۆمبێلێكی تەواو كارەبایی كە پێویستی بە بارگاویكردن هەیە و بەنزینی ناوێت، شوفێرەكانی هەرێمی كوردستان جۆری یەكەم زیاتر بەكاردەهێنن و كۆمپانیاكانیش بەرەو زیاتر هاوردەكردنی هەنگاو دەنێن، بەڵام جۆری دووەم كە تەواو كارەباییە بە ژمارەیەكی كەم هاوردە دەكرێت كە هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، شوێنی بارگاویكردن کەمە. بۆ نموونە لە شاری هەولێر 3 تا 4 جێگە دانراوە بۆ بارگاویکردنەوە، لە شارەكانی دهۆك و سلێمانیش بە هەمان ژمارە هەن كە بەشی بارگاویكردنی ئەو رێژە ئۆتۆمبێلە ناكات.
حسێن ئەحمەد باسی لە كێشەی كەمیی باتری ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە كرد و وتی: ئێستا باتری ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە لە هەرێم كەمن و بە ئاسانیی دەستناكەون، هۆكارەكەی بۆ كەمیی ژمارەی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە و بەرزیی نرخی باترییەکە دەگەڕێتەوە، كە لە نێوان 1000 تا 1500 دۆلاردایە.
باتری ئۆتۆمبێلەکان جۆری جیاوازیان هەیە، جۆری باشیان بە گەرەنتییە و هەیانە بەبێ گەرەنتی دەفرۆشرێن كە ئەوانیش دوو جۆرن ئەو باتریانەی لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا هاوردە دەكرێن كوالێتیان بەرزە، بەڵام ئەوانەی لە وڵاتی چین دەهێنرێن كوالێتییان نزمە و نرخیان 700 تا 800 دۆلاردایە، كوالێتی نزمەكان تەمەنیان لە نێوان 2 تا 3 ساڵدایە، بەڵام كوالێتی بەرزەکان تەمەنیان لە نێوان 10 تا 20 ساڵدایە.
نرخی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە بازاڕدا جیاوازە، ئەو شارەزایەی بازاڕی ئۆتۆمبێل دەڵێت: لە بازاڕەكانی جیهاندا نرخی ئۆتۆمبێلی كارەبایی دابەزیوە بۆ نموونە جۆری (تێسلا) كە سەرەتای هێنانیان بۆ هەرێم نرخیان لە سەرووی 40 هەزار دۆلار بوو، بەڵام ئێستا بووەتە 28 هەزار دۆلار كە هۆكارەكەی بۆ نەبوونی شوێنی بارگاویكردن لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە و لە وڵاتانی ئەم ناوچەیە بارگاویكردن بە سیستم نەكراوە.

کەمیی شوێنی بارگاویکردنەوە
كاتێك بەنزینخانەیەك دروست دەكرێت دەبێت شوێنی بارگاویكردنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی هەبێت، یاخود لە هەر شوێنێك بۆ پشوودان دروستكراوە ئامێری بارگاویكردن دابنرێت بەخۆڕایی، بەڵام لە هەرێم بارگاویکردنەوەی ئۆتۆمبێل بە پارەیە.
عیسام غانم بەڕێوەبەری مەڵبەندی چاکكردنەوەی ئۆتۆمبێلی هایبەرد لە هەولێر بۆ کوردستانی نوێ وتی: لە هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێلی هایبەرد و تەواو كارەبایی هەیە كە زۆر سەركەوتوو و ئابوورین، ژمارەشیان بەردەوام زیاد دەکات.
وتیشی: ئێستا وەستا و شارەزای چاكکردنەوەی ئۆتۆمبێلی كارەبایی لە شاری هەولێر كەمە، بۆ تازەیی ئەو ئۆتۆمبێلانە و ئاڵۆزیی تەكنۆلۆژیای ئۆتۆمبێلی كارەبایی دەگەڕێتەوە، چاكکردنی قورسە و لەگەڵ ئۆتۆمبێلی ئاسایی جیاوازە، ئێمە وەستاكانمان لە دەرەوەی هەرێم خولی چاكکردنەوەیان بینیوە ئینجا توانای چاكکردنەوەیان هەیە.
ئۆتۆمبێلی كارەبایی لە كاتی دروستبوونی كێشە لە باترییەکەیدا تێچووی چاكکردنەوەی زۆرە، هەروەها پارچەكانی دیکەشی گرانن و بەشێكیشیان لە هەرێمی كوردستان دەستناكەون.
ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین پارچە کە پێشووتر لەناو ئۆتۆمبێلی بەنزیندا هەبوو، ئێستا لەناو ئۆتۆمبێلی كارەباییدا لابراون وەک بزوێنەر، تانكی بەنزین، نۆزڵ، سلف و هەندێك پارچەی دیکە.

بڕیاری حکومەت
لە شاری هەولێر چەندین كۆمپانیای فرۆشتنی ئۆتۆمبێل هەیە یەكێك لەو كۆمپانیایانە ماوەیەك لەمەوبەر ئۆتۆمبێلی كارەبایی بۆ فرۆشتن نمایش كردبوو، بەڵام ئێستا ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە لە هۆڵی نمایشی كۆمپانیاكەدا نەماوە، لەوبارەیەوە كارمەندێكی ئەو كۆمپانیایەیە بۆ كوردستانی نوێ وتی: بەهۆی ئەوەی ئەو جۆرە ئۆئۆمبێلە فرۆشی نەبوو لە هەولێر، بەڵام لە بەغدا داواكاری زۆری لەسەرە، ئۆتۆمبێلە كارەباییەكانمان ناردووەتە بەغدا بۆ فرۆشتن.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نوێترین بڕیاریدا، باجی تۆماركردنی یەكەمینجار و خه‌رجیی ژینگه‌ی ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی هه‌ڵگرت، بە مه‌به‌ستی هاندانی هاووڵاتییان بۆ بە کارهێنانی ئۆتۆمبێلی (ته‌واو كاره‌بایی)، كه ‌مه‌ترسییه‌كانی ژینگه‌ كەمدەكاتەوە.
دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم رایگەیاند، بڕیارەکە لە رۆژی 16/2/2025 ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 11 هەزار ئۆتۆمبێلی تەواو کارەبایی تۆمارکراون، لەو ژمارەیە زیاتر لە سێ هەزار و 500 ئۆتۆمبێلیان لە هەولێرن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان