دوێنێ، لە ساڵۆنی كوردستانی نوێ، بۆردی هۆشیاریی و رۆژنامەی كوردستانی نوێ كۆڕی ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبی (جەنگی سارد 1917 - 1991) لە نووسینی: پ.د. ئیڤان ڤالدێن بێرخ و وەرگێڕانی لە هۆڵەندییەوە بۆ كوردی رێكەوت ئیسماعیل، بەڕێوەچوو.
لە كۆڕەكەدا، سەرەتا رۆژنامەنووس بەهێز حسێن، كورتەیەكی لەبارەی كار و چالاكییەكانی بۆردی هۆشیاریی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری پێشكەشكرد، لەگەڵ پرۆژەكانی ئایندەیان، هەروەها كورتەیەكی لەبارەی بەرهەم و چاپكراوەكانی وەرگێڕ باسكرد.
دواتر نووسەر و وەرگێڕ رێكەوت ئیسماعیل، خوێندنەوەی بۆ ناوەڕۆكی كتێبەكە كرد، بەتایبەت كە ئەم كتێبە یەكێكە لە كتێبە هەرە گرنگەكان كە زانیاری نەبیستراوی لەبارەی جەنگی سارد تێدایە لە نێوان ساڵانی 1917 بۆ 1991. ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەم كتێبە سەرەتا نووسەرەكەی (ئیڤان ڤالدێن بێرخ)، بۆ فیلمێكی دیكۆمێنتەری تەلەفزیۆنی ئامادەی كردووە، بەڵام دواتر پەرەی پێداوە و كردوویەتی بە كتێب.
لە پێشەكی كتێبەكەدا، كە لەلایەن مامۆستا فوئاد مەجید میسری-ەوە نووسراوە، لەبارەی جەنگی سارد، دەڵێت: جەنگی سارد زاراوەیەكی سیاسییە و تەعبیر لە دۆخی گرژیی و بێ متمانەیی و نائارامیی نێوان دوو، یان چەند دەوڵەت و هێزی سیاسی دەكات. ئەگەرچی بنەمای مێژوویی و سەرهەڵدانی ئەم چەمكە مەودایەكی مێژوویی كۆنتری هەیە، بەڵام وەك حاڵەتێكی جێگیر لە دوای شۆڕشی ئۆكتۆبەری 1917 و كۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی یەكەم (1918) خۆی سەپاند، بەتایبەت كە سەرمایەدارانی جیهان هەستیانكرد سیستمێكی تری جیاواز رووبەڕوویان بووەتەوە و لەسەر زەمینەی واقیع وەك دوژمنێكی سەرخەست مامەڵەیان لەتەكدا دەكات، ئەو سیستمەش سۆسیالیزمە.
كتێبی (جەنگی سارد)، لە بڵاوكراوەكانی بۆردی هۆشیاریی سەر بە مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیارییە.
كۆمار مەسعود
فۆتۆ: حەمە عومەر