دوو برای شەهید

ژیان و خەباتی سدیق مەرگەیی و عەبدوڵڵا مەرگەیی

10:53 - 2025-02-17
ڕاپۆرت
215 جار خوێندراوەتەوە

لاپەڕەی سەروەران

زۆرینەی خانەوادەكانی كوردستان خاوەن شەهید و قوربانین، خاوەن پێشمەرگە و تێكۆشەری قۆناغی خەباتی رزگاریی نەتەوەیین، لەناو ئەوانەشدا هەیە زیاد لە شەهیدێكیان بە كوردستان بەخشیوە، خێزانیش هەیە تەواوی ئەندامەكانی شەهیدبوون و كەسیان نەماوەتەوە.
لێرەدا باسی دوو رۆڵەی یەك خێزان، دوو برای شەهیدی خەڵكی گوندی مەرگەی سنووری قەزای دوكان دەكەین، كە ئەوانیش شەهیدان (سدیق مەرگەیی و عەبدوڵڵا مەرگەیی)ن.
هەردوو شەهید، تێكۆشەری شۆڕشی نوێ و یەكێتیی نیشمانیی كوردستان و ئەندامی دڵسۆزی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان بوون، لە تەمەنێكی كەمەوە شانیان داوەتە بەر زەحمەتییەكانی خەباتی نەتەوەیی و لەبەرامبەر ئەركەكانی خەباتدا، گوێڕایەڵ و دڵسۆز بوون و لە هەمان كاتیشدا، چاونەترس و بوێربوون.
شەهید سدیق مەرگەیی
شەهیدی نەمر، سدیق عومەر قادر ناسراو بە سدیق مەرگەیی، لە دایكبووی ساڵی 1963ی گوندی (مەرگە)ی قەزای دوكانە، قۆناغی ئامادەیی لە شاری رانیە تەواوكردووە.
شەهید سدیق خوێندكارێكی زیرەك بوو، لە تاقیكردنەوەكانی پۆلی شەشەمی زانستیدا كۆی نمرەكانی 98 بوو، بەڵام بەهۆی نەكردنی ئیمزای بەعسی بوون، نەیانهێشت درێژە بەخوێندن بدات.
ساڵی 1978 پەیوەندیكردووە بە ریكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و  ساڵی 1980 بووە بە پێشمەرگە لە هەرێمی چواری ئەوكاتە.
لەژیانی پێشمەرگایەتیدا چەندین پلەی پێدراوە، وەك: فەرمادەی مەفرەزە، فەرماندەی كەرت.
هەورەها بەشداریی چەندین شەڕ و نەبەردیی پێشمەرگانەی كردووە، لەوانە: داستانەكانی قەیوان- ماوەت و رزگاری و دابان-هەلاج و هێزەكانی پشتیوانی لە خۆرهەڵاتی كوردستان و شەڕەكانی دۆڵی جافایەتی و قەڵای مەرگە و شەڕەكانی ئەنفال و دۆڵەكۆگە و قەندیل، دوجاریش بریندار كراوە.
لە راپەڕینی 1991 بەشداریی كاریگەری هەبووە و دواتریش بەشداریی چەند نەبەردییەكی دیكەی كردووە.
ساڵی 1993 بۆتە فەرماندەی سریە لە فەوجی سكرتاریەتی هەڤاڵ سكرتێری گشتیی ی.ن.ك، ساڵی 1995 لەلایەن هەڤاڵ مام جەلالەوە كراوەتە فەرماندەی تیپی 43ی ئاسۆس.
شەوی 20/2/1995 بەسەختی بریندار بووە، دوای چاكبوونەوەی درێژەی بەخەبات داوە و چۆتە لەشكری ئاسۆس و بۆ لێپرسراوی كاروباری سیاسیی و رێكخستنی لەشكرەكە.
ساڵی 1996 بەشداریی خولی كادیرانی قەڵاچوالانی كردووە و پلەی زۆرباشەی بەدەستهێناوە، دواتر لە هێزەكانی فەرمادەیی گشتی (ه.پ.ك)و بۆتە رێبەری سیاسی.
ساڵی 1999 لەسەر داوای مەڵبەندی شەشی راپەڕین گەڕاوەتەوە بۆ ناو رێكخستنە جەماوەرییەكان و كراوەتە سەرپەرشتیاری رێكخستنەكانی مەرگە و چەند ناوچەیەك، ساڵی 2000 بووە بە جێگری فەرماندەی فەرماندەیی 65ی قەندیلی  پێشمەرگە دێرینەكان.
مخابن، شەوی 25/12/2000 لە ناوچەی (بەرد قەڵشیو)  شەهیدكرا و بووە دووەم شەهیدی خێزانەكەی و پێنجەم شەهیدی بنەماڵەكەی.
شەهید عەبدوڵڵا مەرگەیی 
شەهیدی نەمر، عەبدوڵڵا عومەر قادر ناسراو بە عەبدوڵڵا مەرگەیی، برای شەهیدی فەرماندە سدیق مەرگەییە.
لەدایكبووی ساڵی 1957ی گوندی (مەرگە)ی قەزای دوكانە، تاپۆلی پێنجەمی سەرەتایی خوێندووە.
ساڵی 1983 پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە لە سنووری كەرتی رێكخستنی قەڵادزێ.
تێكۆشەرێكی چالاكی خەباتی نهێنی بووە و جێگە دەستی دیار بووە، بەتایبەت دوای ئەنفالی ساڵی 1988 كە وەك (دەلیل) چاوساغی مەفرەزە پارتیزانەكانی پێشمەرگە بەشدار بووە لە چەندین چالاكی گەورەو گرنگدا.
یەكێك بووە لەوانەی بەشداربووە لە ئامادەكاریی و هاندانی خەڵك و رێكخستنەكان بۆ راپەڕینی ساڵی 1991 و چالاكانەش بەشداریی راپەڕینەكەی كردووە، پێشمەرگەیەكی ئازا و دڵسۆزی تیپی 43ی ئاسۆس بووە.
لە كۆڕەودا و لە رۆژی 25/4/1991، بەهۆی تەقینەوەی (ئەڵغام) مینەوە شەهیدكرا و بووە دووەم شەهیدی خێزانەكەی و پێنجەم شەهیدی بنەماڵەكەی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان