رشتەیەک دەربارەی ئەدەبی بەراوردکاری

09:48 - 2025-02-20
ئەدەب و هونەر
241 جار خوێندراوەتەوە

لێکۆڵینەوەی: شێخ فوئاد بەرزنجی


 بە کورتی، ئەدەب دیاردەیەکی هونەریی و ئاڵۆزە، دەبێت بۆ بەراوردکردنی دەقێک یان هەر بابەتێکی هونەریی، سەردەم و کات و  پەیوەندیی ناوەڕۆکی دوو دەقەکە و پاڵنەرەکانی نووسینیان لەگەڵ جیاوازیی نێوان تەمەنی نووسەرەکان و هەموو ئەو شتانەی کە بۆ بەراوردکارییەکە پێویستن، ئاگاداری بین، وێڕای جیاوازیی زمانی نووسینەکە (کە پێوستە جیاواز بێت)، هەروەها دەبێت باس لە کاریگەریی ئەدەبی هەر وڵاتێک بەسەر ئەدەبی وڵاتێکی ترەوە بکەین. عەزیز گەردی لە کتێبی (ئەدەبی بەراوردکاری)، لە لاپەڕە (22)دا دەڵێت: ״گومانی تێدا نییە دیاردەی کارلێککردن و کەڵک لە یەکدی وەرگرتنی ئەدەبیاتی نەتەوە جۆربەجۆرەکانی دنیا، وەک هەر زانست و زانیارییەکی تر، تا ماوەیەکی زۆر هەبووە و پەرەی سەندووە و رەگی باش چەسپاوە، ئینجا وایلێهاتووە سەرنجی نووسەر و زانایانی راکێشاوە، وایلێکردوون بەرهەمی ئەدەبیی دوو نەتەوە زیاتر بەراورد بکەن و لایەنی لەیەکچوون و جیاوازیی هەردوو بەرهەمەکە دەستنیشان بکەن، لە روانگەی مێژوییشەوە تەماشای ئەم کارتێکردنە بکەن و هۆ و ئەنجام و سەبارەتەکانی بۆ پەیوەندیی مێژوویی و بەیەکگەیشتنی هەردوو بەرهەمەکە ببەنەوە. بەمەش ئەدەبی بەراوردکاری هێدی هێدی چەقی لێدا و سەری بەرزکردەوە، پەیتا پەیتا رێوشوێن و دەستوور و یاسای لێ هەڵهێنجرا و بوو بە زانستێکی سەربەخۆ کە ئەمڕۆ لە بوای لێکۆڵینەوەی ئەدەبییدا شانبەشانی ئەدەبەکانی تر رۆڵی گەورەی خۆی، لە ساغکردنەوە و هەڵسەنگاندن و بەرەوپێشبردنی کاروانی ئەدەب و لێکۆڵینەوەی ئەدەبییدا دەگێڕێت".

 

عومەر مەعروف بەرزنجی: مێژووی ئەدەبی بەراوردکاری... دەگەڕێتەوە بۆ دەیەی سێیەمی سەدەی نۆزدەهەم، یان وردتر بڵێین بۆ ساڵی 1828 کاتێک « ئێبیل فرانسوا ڤیلمان Abel Fr.villman»ی فەرەنسی لە یەکێک لە موحازەرەکانیدا لە زانکۆی سۆربۆن، باسی کرد

 سەبارەت بە مێژووی ئەم ئەدەبە (عومەر مەعروف بەرزنجی) دەڵێت: 
 "مێژووی ئەدەبی بەراوردکاری، دەگەڕێتەوە بۆ دەیەی سێیەمی سەدەی نۆزدەهەم، یان وردتر بڵێین بۆ ســــــــــــاڵی 1828، کــاتێک ئێبیل فرانســوا ڤیلمـان Abel.Fr.villman ی فەرەنسی لە یەکێک لە موحازەرەکانیدا لە زانکۆی سۆربۆن، باسی کرد. دوای (ڤیلمان)یش ئەم لێدوان و ئاماژانە وشکاییان پێ نەهات، بەڵکو(جان جاک ئەمبیر 1864 1800-) ساڵی 1832 لە شاری مارسیلیا موحازەرەیەکی لەو بارەیەوە پێشکەش کرد، ساڵی 1835 نووسینەکانی (فیلاریت شاڵ ph . shalles) لەسەر لاپەڕەکانی گۆڤاری پاریس، زیاتر بە ناخی ئەم ئەدەبەدا رۆچوو، لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمیشدا لە ساڵی 1896 جۆزیف تکست لە شاری لیۆن، هەمان مەسەلەی وروژاند. لە بەریتانیاش (هنری هالام H . Hallam ) لە ساڵانی 1837-1839 کتێبێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە. بۆ یەکەمجاریش لە سەدەی نۆزدەهەمدا کەسانی وەک (کاسپەر دایناڵ مورھوف  K.D. Morhof ) و (شمیدت shmidt 1853-1939 ) و (مۆرینز کارییر M. Carrier) سەبارەت بەم بابەتە دواون و بە شارەزایانی ئەم بابەتە دادەنرێن، کەچی لە ئیتالیا کۆمەڵێ کۆسپ و بەرهەڵستیی هاتنە رێگای و سەرەڕای دۆخی تایبەتی نەتەوەیی(بندیتۆ کروچە، Benedetto Croce 1886-1952) بەتوندیی بەرەوڕووی ئەم تەوژمە ئەدەبییە وەستاوە و بە بێزارییەوە لێی دواوە، هەرچەندە ساڵی 1861 توانرا کورسی تایبەت بە رەخنە و ئەدەبی بەراوردکاری لە زانستگای ناپۆلی بۆ تەرخان بکرێت، لەسەرەتای سەدەی بیستەمیشەوە زیاتر رووی لە خەمڵاندن کرد و کورسی لە زانستگا پێشکەوتووەکانی جیهاندا بۆ تەرخان کرا".
(ڤان تیگم) لە گۆڤاری ئەدەبی بەراوردکارییدا زنجیرە باسێکی سەبارەت بە پڕۆگرام و پەیڕەو و دەستووری بەراوردکاریی بڵاوکردووەتەوە و ساڵی 1930 یەکەم کتێبی تیۆریی بەناونیشانی (ئەدەبی بەراوردکاری) خستە بەردەم خوێنەران و شارەزایانی ئەدەب و تائێستاش بە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو و دانسقە دەژمێردرێت.
سمکۆ محەمەد لە کتێبی ئیستاتیکا (دیالێکتی ئەخلاق و زانست)، چاپی یەکەم، لەلاپەڕەی 85دا دەڵێت: "پەیوەندیی رەخنە و رەخنەگر لەگەڵ هونەردا، پەیوەندییەکی کۆمەڵناسانەیە".
جگە لەم بۆچوونە دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە ئەدەبی بەراوردکاری، بەشێکە لە ئەدەب کە جوانییەکانی نێوان ئەدەبیاتی وڵاتانی جیهان نیشان دەدات، لەڕووی مێژووی ناوەڕۆک و هەموو ئەو شێوازانەی دەق هەیەتی، لە بەرامبەر دەقێکی تردا کە بە زمانی جیاواز و رووخساری جیاواز لەلایەن نووسەرێک یان شاعیرێکەوە نووسراوە".
دەکرێت ئەدەبی بەراوردکاریی بەمجۆرە باسبکەین، کە نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد ساڵی 2015، لە فەرهەنگی زاراوەکانی ئەدەب و زانستە مرۆڤایەتییەکاندا، کە دەزگای ناوەندی غەزەلنووس چاپی کردووە، دەڵێت: "ئەدەبی بەراوردکاریی بە ئینگلیزی(Comparative literature) بەشێکی نوێیە لە ئەدەب کە سەرهەڵدانی ئەم ئەدەبە بە شێوەیەکی پراکتیکی و زانستی بۆ نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم دەگەڕێتەوە. ئەم ئەدەبە بەشێوەیەکی گشتیی، پەیوەندیی و بیچمی لێکچووی نێوان ئەدەبی نەتەوەکان شیدەکاتەوە و لێیان دەکۆڵێتەوە، لەوێشەوە بەدوای کاریگەریی تێکستەکانی ئەدەبی نەتەوەیەکی دیاریکراو بەسەر ئەدەبی نەتەوەکانی دیدا دەگەڕێت؛ سا ئەمە پێوەندیی بە کارتێکردن و کاریگەرییەوە هەبێت، یان بە کارلێکی سروشتیی نێوان ئەدەبی نەتەوەکان. ئەم چەشنە ئەدەبە لە ئەوروپادا سەری هەڵداوە، بە شێوەیەکی بەرچاوتر لە فەرەنسادا برەوی پێ دراوە و گەشەی کردووە. بەڵام دواتر لە ئەمریکا و سۆڤیەتی جاران و وڵاتانی دیکەش برەوی پەیدا کردووە. بەم پێیە، سێ قوتابخانەی سەرەکیی لە ئەدەبی بەراوردکاریدا هەن، بریتین لە: قوتابخانەی فەرەنسی، قوتابخانەی ئەمریکی، قوتابخانەی روسی، کە دەکرێت ئەم قوتابخانانە لە باسێکی تردا بەجیا باس بکەین.

مانا و ئامانجی ئەدەبی بەراوردکاری
د. محەمەد عەبدولسەلام کەفافی لە کتێبی ئەدەبی بەراوردکاریی، چاپی یەکەم، لە لاپەڕەی 21-29 دا دەڵێت: "ئەگەر بڵێین قوتابخانەی فەرەنسی بەمانا تایبەتەکەی سەرنجی لێکدانەوەی ئەدەبی بەراوردکاری دەدات، ئەوا هەڵەمان نەکردووە. مەبەست لە مانای تایبەتی، ئەوەیە ئەم لێکدانەوەیە لە چوارچێوەی  لێکدانەوەی ئەدەبیدا (کە لە چوارچێوەی بەستێنەکانی ئەدەبی بەراوردکارییدا دایدەنێت) تێناپەڕێت.  هەروەها گرنگیی دەدات بە لێکدانەوە و بەراوردکردنی بەرهەمێکی ئەدەبیی بەزمانێکی دیاریکراو، لەگەڵ بەرهەمێکی هاوشێوەی دیکە لە زمانێکی تردا. ئەدەبی بەراوردکاریی سەرنجی بەراوردکردنی ئەدەبێکی دیاریکراو لەگەڵ ئەدەبی میللەتێکی دیکە، یان هەندێک لە بەرهەمەکانیان، دەدات".  ئەو قوتابخانە هونەرییانەی لە هونەرە جۆراوجۆرەکان و ژانرە ئەدەبییە جیاوازەکاندا باون، تەنیا لە بەستێنی ئەدەبدا لێیان دەکۆڵرێتەوە، بەڵام بە باوەڕی فەرەنسییەکان بەراوردکردنی نێوان ئەدەب و هونەرەکانی دیکە لە چوارچێوەی بابەتەکانی ئەدەبی بەراوردکارییدا جێ ناگرێت. ئەمە بەو مانایە نییە کە فەرەنسییەکان بەراوردکردنی ئەدەب لەگەڵ هونەرەکانی دیکە نازانن، بەڵکو فەرەنسییەکان ئاشنایەتییان لەگەڵ زۆر جۆری ئەم لێکۆڵینەوانەدا هەیە، بەڵام لە ریزی ئەم زانستەدا داینانێن، واتە زانستێک کە لە زانکۆکانیاندا بە ئەدەبی بەراوردکاریی بەناوبانگە. لەو شوێنەوە کە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی ئەدەب لە قوتابخانەی فەرەنسیدا لە شێوەی لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی بەراوردکاریدایە، بۆیە دەبێت ئەم بنەمایانەی خوارەوە لەخۆ بگرێت:
1 - دەبێت لە زماندا جیاوازیی هەبێت، بۆ نموونە کاتێک کە زمان لە دوو ئەدەبدا یەک بێت، ئەوا هەرجۆرە بەراوردێک لە نێوان ئەدەبی ئینگلیزیی و ئەدەبی ئەمریکیدا، ناچێتە ناو خانەی ئەدەبی بەراوردکارییەوە، ئەمە (بە باوەڕی فەرەنسییەکان) هەروەها لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی ئەدەبی فەرەنسی، کە خۆیان فەرەنسین ناچێتە ناو خانەی ئەدەبی بەراوردکارییەوە.
2 - دەبێت ئەو دوو ئەدەبەی دەمانەوێت بەراوردیان بکەین، پەیوەندیی مێژووییان پێکەوە هەبێت. قوتابخانەی فەرەنسی بە پلەی یەکەم و بەرلەوەی بپەرژێتە سەر بابەتگەلی لاوەکیی لێکدانەوەی بەراوردکارانە، گرنگیی بە روونبوونی پەیوەندیی مێژوویی نێوان دوو ئەدەب دەدات، بەڵام ئەگەر بەڵگە و ئاماژە سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان دوو ئەدەب لە ئارادا نەبن، ئیدی هیچ دەرفەتێک بۆ لێکۆڵینەوەی بەراوردکارانە نامێنێتەوە.
کەواتە، ئەدەبی بەراوردکاریی لەوانەیە لە یەکێک لەم (چوارچێوە) بابەتانەی خوارەوە بکۆڵێتەوە:
1 - لێکۆڵینەوە لە مێژووی ئەدەبی نەتەوەیەکی دیاریکراو و نیشاندانی ئەو هۆکارانەی کاریگەریی و کارتێکردن کە لە نێوان ئەدەبی نێو نەتەوەیی و نەتەوەکانی دیکەدا هەیە.
2 - لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی رەخنەگرانەی شاعیر یان نووسەرێک، کە لایەنەکانی کاریگەریی و کارتێکردنی ئەدەبی بێگانەی بەسەرەوە دیارە، چونکە ئەدەبی بەراوردکاریی دەبێتە هۆی دۆزینەوەی سەرچاوەگەلێک کە کاریگەریی لێوە یان لێیانەوە گواستراوەتەوە. بەجۆرێک هاوکات کاریگەرییەکەی لەسەر خوێنەران (شاعیر یان نووسەر و وەرگرەکانی هونەرەکەشی، نیشان دەدات).
3 - تێگەیشتنی روون لە ئاڵوگۆڕی هونەرێکی گرنگی وەک رەخنەی ئەدەبی، چونکە رەخنەی ئەدەبی بۆ یەکەمجار لەلای یونانییەکان پەیدابوو، دوای ئەوە گوێزرایەوە بۆ ئەسکەندەرییە و پاشان قوتابخانەگەلێکی جیاوازیشی لێ پەیدابوو. پاشان دووبارە گەڕایەوە رۆما و کاریگەریی لەسەر شاعیران و رەخنەگرەکان دانا و ئینجا لە سەردەمی رێنیسانسدا دووبارە سەریهەڵدایەوە و پاشان لە سەردەمی کلاسیکی نوێدا دەرکەوتەوە.
4 - لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی جۆرێکی ئەدەبیی دیاریکراو، لێکدانەوەیەکی مێژوویی و واقیعییە کە بەدوای دەربڕینی رەسەنایەتی و لاساییکردنەوە و پەردە لادەدات لەسەر گۆڕانی مێژوویی جۆرێکی ئەدەبی دیاریکراو لە ئەدەبە جیاوازەکاندا و لە گواسترانەوەی ئەمجۆرە ئەدەبە لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەکی دیکە بەدرێژایی مێژوو، دەکۆڵێتەوە.
5 - لە حیکایەتی مرۆیی، ئەفسانەی ئەدەبە جیاوارەکان دەکۆڵێتەوە.
6 - لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی قوتابخانەیەکی ئەدەبی کە لە هەندێک لە ئەدەبە جیاوازەکاندا بەدیهاتووە.
7 - لکاندنەوە و هەڵسەنگاندنی شاعیر یان نووسەرێک کە بەرهەمەکانی لە سنوورەکانی ئەدەبی نەتەوەیی خۆی زێدەتر چوون، هەروەها نیشاندانی کاریگەریی ئەم بەرهەمانە لەسەر ئەدەبی ئەوروپا.
8 - ئەو حاڵەتانەی باسمان کردن هەموویان لە ریزی نموونەدا بوون، نەک ئەوەی تەنیا هەر ئەمانە بن و بەس.
9 - لێکۆڵینەوەکانی ئەدەبی بەراوردکاری، بەپێی پێناسە ئەمریکییەکەی، لەوانەیە هەر لێکۆڵینەوەیەک کە لەنێوان ئەدەب و هونەرەکانی دیکەدا دەستی داوەتە بەراوردکردن، یان هەر پەیوەندییەک باس لە ئەدەبیات و لێکۆڵینەوەکانی دیکەی زانستە مرۆییەکان دەکات، لەخۆبگرێت، ئەوەی مەبەستمانە ئەوەیە گرنگی بە ئەدەبی بەراوردکاریی بدرێت بۆ ناساندنی کاریگەربوونی هەریەکەیان لەسەر یەکتری، واتە هەر وڵاتێک بۆ سەر وڵاتێکی تر و بە پێچەوانەوە، ئەویش بۆئەوەی باشتر کار لەسەر ناسینی ئەدەبی خۆماڵی و گەلانی تر بکات.

سەرچاوەکان:
- د. محەمەد عەبدولسەلام کەفافی: ئەدەبی بەراوردکاری.وەرگێڕانی بۆ کوردی/ هەژار رەحیمی، چ1،چاپخانەی رۆژهەڵات -هەولێر- 2011.
- سمکۆ محەمەد: ئیستاتیکا (دیالێکتی ئەخلاق و زانست)، چ1، ناوەندی مەم و زین، 2021.
- عەزیز گەردی: ئەدەبی بەراوردکاری، زانکۆی سەڵاحەدین، کۆلێژی ئاداب/ بەشی کوردی.
- نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، 2015، فەرهەنگی زاراوەکانی ئەدەب و زانستە مرۆڤایەتییەکان، دەزگای ناوەندی غەزەلنووس.
- عومەر مەعروف بەرزنجی، وتار، لە واڵی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە.


#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان