كەشتییەكەی سیسیۆس گەشتێك بەناو دەریای فەلسەفەدا

فەلسەفەی فیلم

09:59 - 2025-02-20
ئەدەب و هونەر
1182 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات ئەحمەد سوڵتان

(18)


 وتەیەک


 هەرێم عوسمانی هاوڕێم، کۆرسێک دەربارەی فەلسەفەی فیلم دەڵێتەوە. ئەمجارەیان وەک هاوکارییەک بۆ خوێندکارەکانی ئەو ئەم گۆشەیە دەنووسم و عوسمانیش دەکەم بە هاودایالۆگم لە نووسینەکەدا. دەشبێت بڵێم، گەرچی من و عوسمان سەدەها سەعات دایالۆگمان کردووە و باسی جۆرەها پرسی فەلسەفیمان کردووە؛ بەڵام ئەمەیان ئەندێشەییە و هەر کەموکورتییەکی تێدا بێت، تەنها خۆم لێی بەرپرسم.
سوڵتان: مەبەستت لە فەلسەفەی فیلم چییە؟ یانی کە ئەم دەستەواژەیە دەبیستین، چی تێدەگەین؟
عوسمان: دەستەواژەکە کۆمەڵێک پرسیاری بنەڕەتیی لەخۆگرتووە، دەربارەی سروشت و ئامانجی سینەما،  راستەوخۆ دەمانخاتە بەردەم ژمارەیەک دەرگا کە هەر بیانکەینەوە خۆمان دەکەین بەناو فەلسەفەدا.

 

هەرێم عوسمان

 

 

سوڵتان: کام دەرگایانە؟
عوسمان: دەرگای ئیستاتیک و مێتافیزیک و ئاکار و ئۆنتۆلۆجی، لە هەریەکێک لەمانەوە بچینە ژوورەوە لایەنێکی سینەما و فیلم دەبێت بە بابەتی لێکۆڵینەوە، وەک ئەوەی ‹فیلم چیە؟› چۆن مانامان بۆ دەگوێزێتەوە، لە ئەزموونی مرۆییدا چ رۆڵێکی هەیە؟
سوڵتان: زۆرباشە، لە ئەمانەشەوە دەتوانین کۆمەڵێک پرسیار بخەینە روو، وەک: ئایا فیلم فۆرمێکی هونەرییە، یاخود تەنها ئامڕازێکە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکان؟ ئەگەر خۆی فۆرمێک یان ژانرێکی هونەریی بێت، چۆن لە فۆرم/ ژانرە هونەرییەکانی دیکە جیاوازە، وەک شانۆ، ئەدەب، نیگارکێشان؟
عوسمان: راستە، پرسیاری دیکەش، وەک: ئایا فیلم لە بنەڕەتدا وێناندنی فۆتۆگرافییانەی واقیعە، یان واقیعی تایبەتی خۆی دەخوڵقێنێت؟
سوڵتان: هەروەها ئایا دەتوانین ئەنیمەیشن، یاخود ئەوەی بە شێوەیەکی دیجیتاڵ دروست دەکرێت، ئەوانیش بە فیلم لەقەڵەم بدەین؟ واتە هەمان هاوشان لەگەڵ بەها مرۆییەکاندا مامەڵەیان لەگەڵ بکەین؟ لەهەمووشی گرنگتر ئەوەیە بپرسین، فیلم چۆن وێنای ریاڵەت (واقیع) دەکات؟ ئایا فیلم لەژێر ناوی ریالیزمدا پۆلێن بکەین یان شتێکی دیکە؟
عوسمان: ئەمە گرفتی پرسیارە سۆکراتییەکەیە، بەردەوام پرسیاری دیکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت؛ جگە لەوەش، هیچکام لەو دایالۆگانەی ئەفلاتوون کە بە دایالۆگە سۆکراتییەکان ناسراون، بەردەوام دەپرسرێت(س) چیە، بێ ئەوەی لە کۆتاییدا بگەنە هیچ وەڵامێک.
سوڵتان: دەی گرنگیی فەلسەفە لەمەدایە و بەردەوام گومان دەخاتە سەر وەڵامە حازربەدەستەکان. هەربۆیەشە فەلسەفە بۆ هەموو کەس نابێت، کێشەی گەورەی لەگەڵ شار و دینیشدا هەیە. بۆچی؟ چونکە زۆربەی ئەوانە توانای پرسیارکردنیان نیە.
عوسمان: باشە، بەڵام با خەریکی پرسیارە ئۆنتۆلۆجییەکە ببین، من لە تۆ دەپرسم: فیلم چیە؟
سوڵتان: بەو حوکمەی تۆ خەریکی کۆرسێکیت لەبارەی فەلسەفەی فیلمەوە؛ دەبوو من ئەم پرسیارە بکەم. بەڵام هەوڵ دەدەم وەڵامێک بدەمەوە. بە بڕوای من، وەک پێشتریش ئاماژەم پێکرد دەبێت لە دوو لایەنەوە لەم پرسیارە بکۆڵینەوە: ئایا فیلم فۆرمێکی هونەرییە، یاخود تەنها ئامڕازێکە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکان؟
عوسمان: باشە. بێگومان تۆش ئەوە لەپێشچاو دەگریت کە پرسیارەکە لەوە قووڵترە وەها وەڵامی بدەینەوە: بریتییە لە زنجیرەیەک وێنەی جوڵاو. یانی ئەمە پێناسەیەکی باش نیە!
سوڵتان: شتێکی خۆشت پێ بڵێم! لەم ماوەیەی ڕابردوودا بانگخوازێکی ئاینی لە گرتە ڤیدیۆیەکدا دەڵێت: «وێنەگرتن حەرامە.» بێ ئەوەی بزانێت گرتەڤیدیۆکە خۆی زنجیرەیەک وێنەیە. دەتوانین لە چەند ڕوویەکەوە گفتوگۆ لەبارەی فیلمەوە بکەین: أ. نێوەند (medium) تەکنیکییە. (ب) ئامڕازێکە بۆ گێڕانەوەی چیرۆک، یان ئەگەر قووڵتر ببینەوە (ج) رێگایەکە بۆ ئەزموونکردنی جیهان.
عوسمان: باشە.

 

فیلم پارێزگاری لە ریاڵەت (واقیع) دەکات بە هەموو وردەکارییەکانەوە، بەجۆرێک دەیکات بە جێگرەوەی راستەوخۆی مۆمیاکردن. دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە بارزین بیری لە گرتە درێژەکان دەکردەوە

سوڵتان: لە سادەترین پێناسەدا، وەک تۆ وتت، فیلم زنجیرەیەک وێنەی یەک لەدوای یەکە و بە خێرایی نمایش دەکرێن، بۆ بەرهەمهێنانی جووڵە. هەرخۆی لەسەرەتادا (مەبەستم لەو ماوەیەیە کە فیلمی بێدەنگ نمایش دەکرا)، فیلمەکان بریتی بوون لە شریتێکی درێژ وێنەی یەکلەدوای یەکیان لەسەر تۆمارکراوە و لەسەر رەوڕەوەیەک پێچراوەتەوە و یەکێک دەیسوڕێنێتەوە و دەیداتە بەر رۆشناییەک تا لەسەر سکرینێک پەرچ ببێتەوە. لە سەردەمی دیجیتاڵدا، ئەمە گۆڕاوە، بەڵام بەشێوەیەک لە شێوەکان لەبری بەدواییەکدا هاتنی وێنەکان گۆڕاوە بۆ ریزبەندییەکی ژمارەیی.
عوسمان: ئەمە سەیرکردنێکی زۆر فۆرمالیستانەیە.
سوڵتان: باشە، ئەم پێناسەیەت پێ چۆنە: جەوهەری فیلم لەوەدایە دەتوانێت ریاڵەت وەک خۆی هەڵبگرێتەوە و بیپارێزێت؟ ئەم کارە چۆن دەکات؟ لە رێگای دیسان بەرهەمهێنانەوەی ریاڵەتەوە، بە شێوەیەکی میکانیکی.
عوسمان: ئەمە رای ئەندرێ بازینە(1918-1958). ئەو پیاوە تەنها (39) ساڵ ژیاوە و قۆناغەکانی سەرەتای سینەمای بینیوە و فریای ئەو گۆڕانکارییانە نەکەوتووە کە لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەوە روویانداوە. بەڵام با هەر گفتوگۆی لەبارەوە بکەین، چونکە بۆچوونەکانی کاریگەریی زۆریان لەسەر سینما هەبووە.
سوڵتان: ئەم پیاوە سەر بە قوتابخانەی ریالیزم بووە، دەڵێت فیلم شتێکی ناوازەیە، لە شتەکانی دیکە ناچێت، بەتایبەتی ئەوانەی لێیەوە نزیکن، وەک هونەری فۆتۆگراف یاخود شانۆ.
عوسمان: بۆستە! بۆچی لەوانە ناچێت؟
سوڵتان: چونکە (بەڕای بازین) هونەری فۆتۆگراف بۆ نموونە، بە شێوەیەکی بابەتییانە و بێ دەستێوەردانی مرۆیی وێنەکان دەگرێت. ئەمەشی بە ‹گرێی مۆمیا› دانا.
عوسمان: ئەمە چیە؟
سوڵتان: مەبەستی لەوەیە مرۆڤ بەردەوام ئومێدی ئەوەی هەبووە ساتە خۆشەکان، کەسەکان، رووداوەکان، بەکورتی ئەو ریاڵەتەی تێیدا دەژی، بپارێزێت، هەوڵەکانی پێشووتری پەیکەرەکان و تابلۆکان و فۆتۆگرافەکان بوون، بەڵام ئەمانە هیچیان ناتوانن وەک فیلم ریاڵەت بەرجەستە بکەن.
عوسمان: واتە تا ئێستا فیلم لە هەموو هونەرەکانی دیکە زیاتر ئەم ئارەزووە تێر دەکات؟
سوڵتان: ئەمە راستە! شتی تریشمان هەیە، وەک دەبینیت، زانست شێتانە و بە خێرایی بەرەوپێش دەچێت و لەمپەرەکان دەبەزێنێت، یانی شتێکمان هەیە پێی دەوترێت کۆپیکردنەوەی مرۆڤەکان، ئەمیش دیسان هەنگاوێکە بەو ئاڕاستەیەدا. بەڵام ئەمە بابەتەکەمان نیە، تۆ بڕوانە، بارزین لە ساڵی 1945دا وتاری‹ئۆنتۆلۆجی وێنەی فۆتۆگراف›ی نوسیوە و تێیدا باسی ئەم گرێیە دەکات و ئاماژەش دەکات بۆ ئەوەی میسرییە کۆنەکان هەمان ئامانجیان هەبووە لە مۆمیاکردنی مردووەکانیان. یانی سینەما دەیەوێت ساتەکان تۆماربکات، بیانپارێزێت، پێش ئەوەی لەناوبچن.
عوسمان: ئەها! پرسەکانیش دەربارەی سەفەرکردن بە کاتدا، گەڕانەوە بۆ سەردەمانی رابردوو، ئەمانیش هەر وەها دەبینیت؟
سوڵتان: تۆ بڕوانە، ئێمە باسی فیلم دەکەین، ئەمەش رای یەک کەسە، خەڵکی دیکە زۆرن رای جیاوازتریان هەیە. ئێستا با لە خاڵەکە دوور نەکەوینەوە. شوبهاندنەکەی بارزین مانای قووڵی هەیە. تۆ بڕوانە، میسرییە کۆنەکان جەستەکانیان مۆمیا کردووە، تا شی نەبنەوە و رۆحەکان دواتر بتوانن بیاندۆزنەوە و دیسان لەناویاندا نیشتەجێ ببنەوە. وێنە فۆتۆگرافییەکان ساتەوەختەکان دەپارێزن، فیلم چی دەکات، نەک ریاڵەت بەڵکو سیما نامادییەکانیشی وەک هەست  و سۆزەکان، هزرەکان، جیهانبینییەکان؛ هەموویان دەپارێزێت.

 

سینەمای ئەوروپی و فەلسەفەی کیشوەری: فیلم وەک ئەزموونی هزریی

عوسمان: بارزین خۆشی دەڵێت: فیلم لوتکەی ئەم ئارەزووە دێرینەیە. هەوڵ دەدات کات لەناو سەهۆڵدا هەڵبگرێت و بیپارێزێت، ئەم کارەش چۆن دەکات؟ بێگومان لە رێگای بەرهەمهێنانەوەی میکانیکییانەی ریاڵەتەوە. یانی فیلم، بەتەنها وێنە ماتریاڵەکان نا، بەڵکو جووڵەکان، کاتەکان، کارلێکە سۆزییەکان، هەموو شت دەپارێزێت.
سوڵتان: رەنگە زێدەڕۆیی نەبێت ئەگەر بڵێم فیلم ریاڵەتێکی هاوتەریبە لە تەنیشتی ئەم ریاڵەتەی خۆمانەوە. تۆ بڕوانە، فیلم پارێزگاری لە ریاڵەت دەکات بە هەموو وردەکارییەکانەوە، بەجۆرێک دەیکات بە جێگرەوەی راستەوخۆی مۆمیاکردن. دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە بارزین بیری لە گرتە درێژەکان دەکردەوە.
عوسمان: ئەمە وام لێدەکات بیر لە ئەشکەوتەکەی ئەفلاتون بکەمەوە.
سوڵتان: ئەمە زۆری دەوێت، جێگەش نەماوە بۆ قسەکردن لەم بارەیەوە، با هەڵیبگرین بۆ کاتێکی دیکە. جگە لەوەش ئەشکەوتەکەی ئەفلاتون زیاتر لە شانۆ دەچێت، چونکە دیکۆر و ئامادەکاریی تایبەتی هەیە، بەڵام بارزین زۆر باوەڕی بەمانە نەبوو. ئەو پێداگریی دەکرد کە دەبێت لەناو سروشتدا و بەوجۆرەی هەیە، فیلمەکان بەرهەمبهێنرێن.
با لە جیاتی ئەوە شتێکی خۆشت بۆ بگێڕمەوە، بیرۆکەکەی زۆر لە قسەکانمانەوە نزیکە.
عوسمان: دەی.
سوڵتان: ساڵێکیان بەفرێکی زۆر دەبارێت، چوار پێنج راوچی دەچنە شاخ بۆ راوکردن، بەڵام هیچیان دەستناکەوێت و بە نائومێدیی دەگەڕێنەوە. نزیکی بەهار یەکێک لە راوچییەکان دەچێتەوە بۆ هەمان شوێن بۆ راوکردن. لەناکاو گوێی لە چەند دەنگێک دەبێت و بۆی دەردەکەوێت دەنگی هاوڕێکانێتی. لە دڵی خۆیدا دەڵێت «وادیارە ئەوان بێ ئەوەی بە من بڵێن، هاتوون بۆ راو»، بەڵام کە دەچێتە پێشەوە، دەبینێت ئەوە قسەکانی زستانیان بووە بەستبووی، ئیستا وردە وردە دەیکاتەوە.
عوسمان: وەک فارسەکان دەڵێن ‹جالبە›؛ بەڵام گفتوگۆکەمان کۆتایی نەهاتووە.

ئەندرێ بازین 1918 - 1958

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان