حەسیب ساڵح؛ سیمبولی تەلارسازی و ئاوەدانی

02:06 - 2025-02-21
کەلتور
48 جار خوێندراوەتەوە

خەلیل عەبدوڵڵا

ئەگەرچی چەندین تەلار‌و پرۆژەی گەورەی بیناسازی لەسەرانسەری عیراقدا دروست كردووە، بەڵام دروستكردنی تەلارێكی بڵند لەسەر شەقامی سالم و  لە دەروازەی شەقامی مەولەویی شاری سلێمانی، زیاتر ئەو ئەندازیارو بەڵێندەرەی  بەخەڵكی سلێمانی‌و كوردستان ناساند‌، تەلارەكەش گەرچی لە رەسمیاتدا ناونرا ھۆتێل سلێمانی بەڵام هەر بەناوی خۆی‌و بەبینای حەسیب ساڵح ناسرا‌و تا لەدوای راپەرینی ١٩٩١ ناوەكەی بۆ سلێمانی پاڵاس گۆڕا.
حەسیب ساڵح كێیە؟
ئەندازیار‌و بەڵێندەرێكی زیرەك‌و ناوداری كورد بووە، نەك لەسەر ئاستی كوردستان‌و عیراق، بەڵكو لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش ناسراوە، شوێن پەنجەی بەدروستكردنی چەندین تەلاری بڵند‌و مەزن‌و دڵگیرەوە لەسەرانسەری عیراقدا دیارە‌و كە وەك سامانێكی تەلارسازیی نیشتمانی‌و یادگاری حەسیب ساڵح ماونەتەوە.
حەسیب ساڵح حەبیب لەڕۆژی 12ی كانونی یەکەمی 1930 لەشاری كەركوك لەدایكبووە‌و ماوەی چەند ساڵێک لە گوندی ھۆمەر قەومی ناوچەی سورداش  ژیاون و لە قوتابخانەی سەرەتایی  لە ناحیەی سورداش خوێندوویەتی. دواتر قۆناغەكانی تری خوێندنی لە شارەکانی کەرکوک و  بەغدا تەواو كردووە.
بەرەچەڵەک  باوکی خەڵکی گوندی خەرپانی ناوچەی ھەورامان بووەو مـەلا بووە، بەڵام زۆر کاری مەلایەتی نەکردوە، چۆتە شاری کەرکوک و لەوێ ھاوسەرگیری کردووە و بەکاری ئازادو بازرگانییەوە خەریک بووە. 
حەسیب ساڵح ساڵی 1954 کۆلیجی ئەندازیاری شارستانیی   زانكۆی بەغدای بەپلەی یەكەم تەواو كردووە، بەهۆی ئەوەوە لەلایەن مەلیك فەیسەڵی دووەمەوە خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشراوە.
بۆ ماوەیەكی كەم وەك ئەندازیار لە فەرمانگەی ئاوی بەغدا دامەزراوەو دواتر وازی هێناوە‌ و خەریكی كاری ئازاد‌و بەڵێندەرایەتی بووە‌و كۆمپانیایەكی بەناوی خۆیەوە بۆ ئەو مەبەستە دامەزراندووە.
 چەندین پرۆژەی  گەورەی تەلارسازی‌و ئاوەدانی جێبەجێكردووە لەوانە (مۆنۆمێنتی ئازادی) لەگۆڕەپانی تەحریری بەغدا كە كارێكی تەلارسازی‌و هونەریی پەیكەرتاشی هونەرمەندی گەورە جەواد سەلیمی لەسەر نەخشێنراوە، تەلارەكانی بانكی رافدەین‌و وەزارەتی تەندروستی‌و كۆمپانیای دڵنیایی‌و چەندین پرۆژەی تر لەشارەكانی عیراق‌و كوردستاندا.
حەسیب ساڵح بایەخیشی بەكاری كولتوری داوە‌و تەلاری كتێبخانەی نیشتمانی‌و هۆڵەكانی وانەوتنەوە لەشاری بەغدا بەرهەمی كاری ئەو بوون.
هەر لە روانگەی بایەخدانی بە كایەی رۆشنبیریی كوردی، لەسەر ئەرك‌و بودجەی خۆی یانەی رۆشنبیریی زانكۆ‌ و كتێبخانەی زانكۆی سلێمانی لەساڵی 1979دا دروستكردووە.
حەسیب ساڵح لە دامەزرێنەرانی یەكێتیی بەڵیندەرانی عیراق بووە‌و لەكۆتایی هەشتاكاندا سەرۆكی ئەو یەكێتییە بووە.
حەسیب ساڵح هەر لەقۆناغی ئامادەییەوە خولیای كاری پیشەیی هەبووە‌و لە رێكخراوی خوێندكاران كاری كردووە‌ و هەڵگری بیری چەپ‌و پێشكەوتنخواز بووە.
 ساڵی 1948 نوێنەری هەڵبژێردراوی خوێندكارانی شاری كەركوك بووە بۆ كۆنگرەی خوێندكارانی عیراق لە گۆڕەپانی (السباع) لەبەغدا كە یەكەم كۆنگرەی خوێندكاران بووە لە مێژووی عیراقدا.
هەر لەو كۆنگرەیەدا بەڕێز مام جەلال وەك نوێنەری خوێندكارانی شاری كۆیە بەشدار بووە، هەروەها شاعیری گەورەی عەرەب محەمەد مەهدی ئەلجەواهیریش ئامادەی کۆنگرەکە بووە.
حەسیب ساڵح كەسایەتییەكی گەورەی  نیشتمانی‌و كوردپەروەر بووە‌و ھاوکاری مادیی زۆری شۆڕشەکانی کوردستانی کردووە، ھەروەھا ھاریکاری ھەژاران و خوێندکارانی کردووە. لەقۆناغە سەخت‌ و دژوارەكانی سەردەمی رژێمی بەعسیشدا بەوپەڕی ئازایەتی ‌و چاونەترسییەوە بەرگری لەمافەكانی گەلی كوردستان كردووە.
مێژوونووسی گەورەی كوردستان د.كەمال مەزهەر لە پرسەنامەیەكدا بۆ خانەوادەی خوالێخۆشبوو حەسیب ساڵح ئاماژە بەوە ئەكات كە لەناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەكاندا، لەسەر داوای سەدام حسێن، سەعدی مەهدی ساڵح ئەندامی مەجلیسی قیادەی سەورە لەگەڵ  ژمارەیەك لە كەسایەتییە كوردەكانی شاری بەغدا كۆبۆوە، لەو كۆبوونەوەیەدا سەعدی مەهدی ساڵح  باسی ئەوەی كرد كە گوندەكانی سەر بەقەزای چەمچەماڵ بخرێنە سەر پارێزگای كەركوك‌و لەسەر ئیدارەی حكومەتی هەرێم نەمێنن، د.كەمال مەزهەر لەو بارەیەوە ئەڵێ‌، حەسیب ساڵح كە یەكێك لەئامادەبوانی كۆبوونەوەكە بوو وتی: من خزمم لەو ناوچانە هەیە‌و پێیان باشە كە لەدەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندی و لەسایەی حکومەتی کوردستاندا بمێننەوە، چونكە حکومەتی ناوەندی مامەڵەی لەگەڵیان خراپ بووە.
د.كەمال ئەڵێ‌ت هەر لەو كۆبوونەوەیەدا پێشنیازی ئەوە كرا حزبی كوردیی لایەنگری بەغدا دابمەزرێ‌، حەسیب ساڵح ئەوەشی رەتكردەوە‌و وتی، ئەو ئەزموونە شكستی خواردووە‌و پێوستە لەگەڵ حزبەكانی كوردستان گفتوگۆ بكرێ‌‌و ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێ.
بەڵێ‌ تا دوا رۆژەكانی ژیانی، حەسیب ساڵح لەگەڵ خەم‌و خواستی گەلەكەیدا بوو.
دوای خزمەتێكی زۆر بەپرۆژەكانی ئاوەدانی‌و تەلارسازیی وڵاتەکەی، ئەندازیار‌و بەڵێندەری  زیرەك‌و شارەزا‌و نیشتمانپەروەر حەسیب ساڵح  لە 18ی شوباتی 2012 لە شاری عەممانی پایتەختی ئوردن كۆچی دوایی كرد‌و تەرمەكەی برایەوە بۆ شاری كەركوك‌و لەوێ‌ لە گۆڕستانی شێخ محێدین بەخاك سپێردرا.
دروود بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی كەسایەتیی نیشتمانی‌و ئەندازیار‌و بەڵیندەری هەڵكەوتوو حەسیب  ساڵحی نەمرو دەستڕەنگینی تەلارسازی‌و ئاوەدانیی نیشتمان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان