سەرژمێرییش نەکرێتە یاسای نەوت و غاز

09:49 - 2022-07-30
عیراق
424 جار خوێندراوەتەوە

خولی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، دەبوو لە ساڵی 2007دا یاسای نەوت و غازی دەربکردایە، بەڵام گرفتە سیاسییەکانی نێوان پێکهاتە و حزبەکانی عیراق بوونە رێگر لە دەرچوونی یاساکە کە ئەمڕۆ وەک کێشەیەکی سەرباری کێشە مێژووییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا هەرێم  ئەویش بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
یاسایەکی تر کە هەمان خولی ئەنجومەنی نوێنەران دەریکرد، تایبەت بوو بە سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی عیراق و وابڕیاربوو لە ساڵی 2008 دا بکرێت و قۆناغە سەرەتاییەکانیشی لە گەمارۆدان و ژمارە لیدان (الحصر والترقیم) دەستیپێکرد، بەڵام ئەویش هەربوو بە قوربانیی ململانێ سیاسی و تایفییەکانی عیراق و وا 14 ساڵیش بەسەر ئەو بڕیارەدا تێپەڕی و هێشتا سەرژمێریی بۆ دانیشتوانی عیراق نەکراوە.
گریمان مەسەلەی یاسای نەوت و غاز رەهەندێکی سیاسی و ئابووریی هەیە و بە کۆمەڵێک رەهەندی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەوە بەستراوەتەوە و بەرژەوەندییە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەکان وا دەخوازن کە ئەو کەیسە بێدەنگەی لێبکرێت یان وابەستەی هەژموونی سیاسی و تایفی کرابێت. جگە لەوەش ئەمڕۆ لە رێگەی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەتوانن زانیارییەکانی تایبەت بە بواری گرێبەستی نەوت و غاز و هەناردە و داهاتییەکانییەوە لە سەرچاوە رەسمی و ناڕەسمییەکان وەربگرن،  بەڵام هیچ هۆکارێکی قەناعەت پێکەر نییە کە پاساوی ئەوە بداتەوە وڵاتێک بەبێ ئامارێکی رەسمیی بەڕێوە ببرێت بەتایبەتی لەڕووی (دابینکردنی خزمەتگوزاریی، داڕشتنی پلانی کورتخایەن و درێژخایەن، دەرکردنی یاسای بودجەی ساڵانە و ...هتد) لە وڵاتێکدا کە لە ساڵی 1997-ەوە سەرژمێریی دانیشتوانی تێدا نەکرابێت.
وائێستا دووبارە ئەو بابەتە هاتۆتەوە گۆڕێ و قسەوباس گەرمە کە دەبێت لانیکەم لە ساڵی 2023دا ئەو پڕۆسەیە لە سەرتاسەری عیراقدا بەڕێوەبچێت، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێستا و  حکومەتی ئایندەی عیراق لە جاران گوشار و چاوی ناوخۆ و دەرەوەیان لەسەرە کە دەبێت گۆڕانکاریی ریشەیی بکەن و بەشێک لە مەینەتییەکانی خەڵکی عیراق کەم بکەنەوە، بێگومان دەستبردن بۆ چارەسەری زۆربەی کەیسەکانیش پێویستی بە پلانە و هیچ پلانێکیش بەبێ ئامارێکی دروست ئەنجامێکی ئەرێنی بەدەستەوە نادات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان