لە کوردستانی نوێ -وە پرۆژەكانی سنووری ئیدارەی راپەڕین بە داتا...

سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین: ساڵی رابردوو 23 پرۆژەی ئاو لە سنوورەكەدا جێبەجێكراون

09:51 - 2025-02-23
دیدار
1175 جار خوێندراوەتەوە

هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، لە دیدارێكدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، بە ئامار و داتا، تیشكی خستەسەر چەندین پرۆژەی گرنگ كە لە سنوورەكەدا لە هەموو بوارەكاندا جێبەجێكراون، راشیگەیاند: پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگیی زیاتر بە خزمەتكردنی خەڵكی ئەم ناوچەیە بدات و داواكارییەكانمان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە و خزمەتگوزاریی زیاتر لە سنوورەكەدا، لەبەرچاو بگرێت. 

دیداری/ هەڵكەوت زەنگەنە

هیوا قەرەنی  بۆ کوردستانی نوێ   : پێویستە حكومەتی هەرێم گرنگیی زیاتر بە خزمەتكردنی سنووری  ئیدارەی راپەڕین بدات


هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، لە سەرەتای دیدارەكەدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، دەربارەی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، وتی: ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین یەكێكە لە ناوەندە كارگێڕییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە سێ قەزا و هەشت ناحیە پێكهاتووە و ژمارەی دانیشتووانەكەی نزیكەی 450 هەزار كەسە. 

پرۆژەكانی سنوورەكە
سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین باسی لەوەشكرد، كاروانی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی لە سنوورەكە لە ئاستێكی بەرزدایە و لەوبارەیەوە وتی: لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، كۆمەڵێك پرۆژەی جۆراوجۆر لە سەرجەم سێكتەرەكاندا جێبەجێكراون. بۆ ئەو مەبەستەش چەند پرۆژەیەكی بە نموونە هێنایەوە، لەوانە: پرۆژەی تەواوكردنی قۆناغی یەكەمی دووسایدكردنی رێگەی نێوان چوارقوڕنە تا گوندی هیزۆپ كە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕیندایە، دروستكردنی پردی دەربەندی رانیە، راكێشانی هێڵی 132 كەیڤی بازیان - رانیە، دروستكردنی سایلۆ، كردنەوەی دەروازەی نێودەوڵەتیی كێلێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بە پاڵپشتیی تەواوی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، كە دەروازەیەكی گرنگ بوو بۆ گەشەسەندنی زیاتری سنوورەكە و كارئاسانی تەواو بۆ بازرگانان و سەرمایەدارانی سنوورەكە و هاووڵاتیان. 

پرۆژەكانی كەرتی تەندروستی
سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین لە درێژەی خستنەڕووی پرۆژەكانی سنوورەكەدا، تیشكی خستەسەر ئەو پرۆژانەی كە لە كەرتی تەندروستیدا جێبەجێكراون، لەوانە: چاککردنی نەخۆشخانەی كۆنی قەڵادزێ بە ئامانجی كردنەوەی نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوون لە شاری قەڵادزێ، چاککردنی مەڵبەندی تەندروستیی راپەڕین و شەهیدان لە شاری قەڵادزێ، فراوانكردنی نەخۆشخانەی گشتیی حاجیاوا، هەروەها لە رێگەی كەرتی تایبەت و وەبەرهێنانەوە نەخۆشخانەیەكی تایبەتی دڵ لە شاری رانیە لە قۆناغی دروستكردندایە، وتیشی: ئێستا 11 سەنتەری تەندروستیی حكومی لە سنوورەكەدا وەك سەنتەری مەمك، گورچیلە، ددان لە رانیە و قەڵادزێ و تاقیگەی ناوەندی و تالاسیمیا خزمەت بە هاووڵاتیان دەكەن و ساڵانە بە هەزاران كەس لە سنوورەكە، سوودمەندن لە خزمەتگوزارییەكانیان، هەروەها حەوت نەخۆشخانە و 18 مەڵبەندی تەندروستی، بەردەوام خزمەتی هاووڵاتیانی سنوورەكە دەكەن.  
راشیگەیاند: لە پێناو گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بە سەرجەم ماڵ و ناوچەكانی سنوورەكەمان، دەیان پرۆژەی جۆراوجۆر لە بواری ئاودا جێبەجێكراون، یان لە قۆناغی جێبەجێكردندان، بۆ ئەو مەبەستەش تەنها ساڵی رابردووی بە نموونە هێنایەوە و وتی: تەنها لە ساڵی رابردوودا بەبڕی زیاتر لە سێ ملیار دینار 23 پرۆژەی ئاو لە سنوورەكەدا جێبەجێكراون. 

پرۆژەكانی كەرتی كارەبا
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین تیشكی خستەسەر ئەو پرۆژانەی كە لە كەرتی كارەبادا جێبەجێكراون و لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەدا: لە كەرتی كارەبادا زیاتر لە 50 پرۆژە لە سنوورەكە لە بواری گەیاندنی كارەبا و چاككردنی تۆڕەكانی كارەبادا جێبەجێكراون، هێڵی پەستان بەرزی 132 كەیڤی بازیان بۆ رانیە جێبەجێكراوە، هەروەها چەندین پرۆژەی دیكەی گرنگ لەو بوارەدا جێبەجێكراون، لەوانە: پرۆژەی بەستنەوەی هێڵی هەردوو وێستگەی رانیەی كۆن و پێنجی ئازار لە رانیە بە وێستگەی 132 كەیڤی و دامەزراندنی وێستگەی 132 كەیڤی لە حاجیاوا. 

پرۆژەكانی رێگەوبان
سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین وتیشی: لە بواری رێگەوباندا، بەبڕی زیاتر لە پێنج ملیار دینار، چەندین پرۆژەی گرنگیی رێگەوبان لە سنوورەكەماندا جێبەجێكراون، هەروەها پردی دەربەندی رانیە بەبڕی زیاتر لە  12 ملیار دینار جێبەجێكراوە، پرۆژەی رێگەی نێوان قەڵادزێ- دارەشمانە ئێستا لە بواری جێبەجێكردندایە و بەبڕی سێ ملیار دینار جێبەجێدەكرێت، سەرەڕای ئەوانەش بە بڕی نزیكەی 20 ملیار دینار، رەزامەندیی بۆ چەندین پرۆژەی دیكە وەرگیراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی نەختینەوە جێبەجێنەكراون. 

پرۆژەكانی بواری وەبەرهێنان
راشیگەیاند: لە بواری وەبەرهێنانیشدا، سنووری ئیدارەی راپەڕین پێشكەوتنێكی گەورە و بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، چەندین كۆمپانیای گەورە خواستیان هەیە لە سنوورەكەدا وەبەرهێنان بكەن، بۆ ئەو مەبەستەش زیاتر لە 13 پرۆژەی وەبەرهێنان لە سنوورەكە مۆڵەتیان وەرگرتووە، پرۆسەی داواكردنی مۆڵەت بەردەوامە و چەندین داواكاریی مۆڵەتی وەبەرهێنان پێشكەشكراوە.

گرنگیدانی زیاتر بە سنوورەكە
لەگەڵ خستنەڕووی ئەو پرۆژانەدا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین دەڵێت: پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان، گرنگیی زیاتر بە خزمەتكردنی خەڵكی ئەم ناوچەیە بدات و داواكارییەكانمان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە و خزمەتگوزاریی زیاتر لە سنوورەكە لەبەرچاو بگرێت و ئەو پرۆژانەی دەبنە هۆی خزمەتكردنی زیاتری خەڵك جێبەجێ بكرێن، بە تایبەت لە بواری كردنەوەی قوتابخانەی نوێ و دووسایدكردنی رێگەوبان و تەواوكردنی ئەو پرۆژانەی كە تەواونەكراون.

11 سەنتەری تەندروستیی حكومی، حەوت نەخۆشخانە و 18 مەڵبەندی تەندروستی، بەردەوام خزمەتی هاووڵاتیانی سنوورەكە دەكەن

یادی راپەڕین
دیدارەكەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین لەگەڵ كوردستانی نوێ، نزیكی یادی راپەڕینی بەهاری 1991ی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە كە لە 5/3/1991 لە رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە دەستیپێكرد، لەبارەی شێوازی یادی راپەڕینەوە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین، وتی: دەبێت بە گرنگییەوە لە یادەكە بڕوانرێت و كەرنەڤاڵ و چالاكیی جۆراوجۆر ئامادەبكرێت، پێویستیشە حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەیەكی تایبەت بەو یادە نیشتمانییە تەرخان بكات. 

پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بە دادپەروەرانە
لەبارەی هەوڵی ئیدارە و فەرمانگە حكومییەكانی سنوورەكە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە هاووڵاتیان، رایگەیاند: هەمیشە داوام لە فەرمانگە حكومییەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین كردووە كە بە هەموو توانایانەوە لە خزمەتی هاووڵاتیانی سنوورەكەدا بن و بەپێی ئەو بودجەیەی دێتە بەردەستیان، دادپەروەرانە لە تەواوی سنوورەكەدا خزمەتگوزاریی پێشكەش بكەن، لەبەرئەوەی سنووری ئیدارەی راپەڕین، سنوورێكی فراوانە و خزمەتكردنیشی ئەركی هەموولایەكمانە. 

داواكاریی بۆ خزمەتكردنی زیاتر
لەبارەی داواكاریی و سەرنجیان بۆ خزمەتكردنی زیاتری سنوورەكە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین، وتی: گرنگترین داواكارییەكانی سنوورەكەمان، خزمەتكردنی زیاتر و جێبەجێکردنی پرۆژەی نوێیە بۆ تەواوی سنوورەكە و تەواوكردنی پرۆژە تەواونەكراوەكانە، هەروەها گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە سەرجەم گوندەكان، گەیاندنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بە سەرجەم كۆڵان و شەقامەكان لە تەواوی شار و شارۆچكەكانی سنوورەكەدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان