ناوچە جێناکۆکەکان لە جیهاندا

10:14 - 2022-07-30
کەلتور
719 جار خوێندراوەتەوە
#خۆپیشاندانێکی لایەنگرانی پۆلیساریۆو مەغریب دژ بەیەک

ئا: ئارێز حسێن

ئەڵقەی پێنجەم

مەغریب و جەزائیر و دەوڵەتە دانپێدانەنراوە 
بیابانی خۆرئاوا یان (سەحرای غەربی) ناوچەیەکی جێی مشتومڕ و ناکۆکییە کە دەکەوێتە نێوان مەغریب - کە بە مەغریبی گەورەش ناسراوە - لە باکووری کیشوەری ئەفریقا. ئەو ناوچەیەی لەلایەن وڵاتانی دیکەوە بە کۆلۆنی ناسراوە و نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەفریقاش بەشوێن دەرکردنی بڕیارێکەوەن بۆ چارەسەری یەکجاریی ئەو کێشەیە بە ئامانجی دیاریکردنی مافی چارەنووسی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە.
ناوچەکە لە باکوورەوە لەگەڵ مەغریب و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ جەزائیر و لە باشووریشەوە لەگەڵ مۆریتانیادا هاوسنوورە کەنارەکانی زەریانی ئەتڵەسی دەکەوێتە بەری خۆرئاوایەوە.
رووبەری خاکەکەی نزیکەی 266 هەزار کیلۆمەتر دووجایە، زیاتر لە نیوەی رووبەری عیراق دەبێت، بەڵام  کەمترین چڕیی دانیشتوانی هەیە کە ژمارەیان  لە 500 هەزار کەس زیاترەو بە پێی هەڵکەوتەی خاکەکەی 40 ٪ی دانیشتوانەکەی لە شاری عەییون نیشتەجێن.
بنەچەی کێشەکە
دانیشتوانی ئەو ناوچەیە وەک هەر یەکێک لە گەلانی تری ناوچەکە لە دژی کۆلۆنیالیزمی خۆرئاوایی و بەتایبەتی ئیسپانیا (کە لە 1884 ەوە بۆ 1976 ئەو ناوچەیەی داگیرکردووە، جەنگاون بۆ سەربەخۆیی) کە زیاتر لە 90 ساڵ بەرگرییان لە ناوچەکەیان کردووە و دەڵێن ئێمە بۆ خۆمان کردووە نەک بۆ داگیرکەرێکی دیکە کە مەبەستیان شانشینی مەغریبە، بەڵام دوای چوونە دەرەوەی ئیسپانییەکان کێشەکە بە هەڵواسراوی لە نێوان ئەو هۆزانەی ناوچەکە و حکومەتی ریباتدا مایەوە. بەتایبەتی دوای ئەو فێڵەی بەناوی کۆنفیدراڵی لە نێوان مەغریب و مۆریتانیا کرا و دواتر جیابوونەوەیان، بەشێکی زۆری ئەو ناوچانە کەوتنە دەستی مەغریبەوەك ئەگەرچی لە ساڵی 1963 ەوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک یەکێک لە ناوچە  ئۆتۆنۆمەکانی جیهان پۆلێن کراوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان و هەڵوێستی شەرمنانە
ئەگەرچی دەبوو نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتیی ریفراندۆمێک بکات لە ناوچەی بیابان، بەڵام لەلایەک داوای روونکردنەوەیەک لە مەغریب دەکات و لەلایەکی دیکەوە لە ساڵی 1964 ەوە  دەیەوێت ریفراندۆمێک لە ئیسپانیا بکات بەمەبەستی ساغکردنەوەی خاوەندارێتی ئەو ناوچەیە، ئەوەش لەبەر راگرتنی هاوسەنگیی زلهێزەکان، چونکە روونە مەدرید بەڵێ بە سەربەخۆیی میللەتێک نادەن کە 90 ساڵ بەرگریی داگیرکاریی ئەوانی کردبێت و ریبات-یش راپۆرتێکی بێلایەنانە رەوانەی UN ناکات، بەڵکو نکوڵی لە خاوەندارێتی سەحراوییەکان دەکات بەتایبەتی دوای ئەوەی زانراوە کە ناوچەکە بەچەندین کانزا دەوڵەمەندە. 
سەرهەڵدانی بەرەی پۆلیساریۆ
لەئەنجامی هەڵوێستی مەغریبییەکان و پاشەکشەی ئیسپانییەکان و کۆنفیدراڵییە تاکتیکییەکەی لەگەڵ مۆریتانیادا، کێشەکە جەزائیریشی تێکەوت و لەجیاتی چارەسەر، ئاڵۆزتر بوو و بەو هۆیەشەوە خەباتی چەکداریی لەلایەن بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیست بەناوی بەرەی پۆلیساریۆ دەستیپێکرد و دوای ئازادکردنی بەشێک لە ناوچەکان و دەرهێنانی لەژێر رکێفی مەغریب دەوڵەتێکیشی تێدا راگەیاند بەناوی (کۆماری دیموکراتی عەرەبیی بیابان) راگەیاند و لە جەزائیرەوە حکومەتێکی مەنفای پێکهێنرا.
ئەگەرچی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەی پۆلیساریۆ بە نوێنەری راستەقینەی گەلی سەحرا دەزانێت و داوا لە مەغریب دەکات  دان بە مافی چارەی خۆنووسینیاندا بنێت.
ئاگربەست و مانەوەی کێشەکە بە هەڵواسراوی
UN لە ساڵی 1991 ەوە پشتیوانیی ئاگربەستی نێوان پۆلیساریۆ و مەغریبی خستە ئەستۆی خۆی بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی خۆی کە تێیدا هاتووە دوو لەسەر سێی خاکی سەحرا لەلایەن حکومەتی مەغریبەوە بەڕێوەدەبرێت تەنها یەک لەسەر سێی لەلایەن پۆلیساریۆوە بەڕێوە دەبرێت، بۆ ئەوەش مەغریب سوودی لە ڤیتۆی یان یەحەفوزی ئەمریکاو فەرەنسا بینیووە.
جگەلەوەش زۆربەی وڵاتانی جیهان بێ هەڵوێستن لە ئاستی ئەو کێشەیەدا و وەک زۆر کیشەی دیکەی هەڵپەسێردراو بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان لە سەروو مافی ئەو گەلەوە دەبینن، کە هەندێکیان زلهێزیشن وەك روسیا کە پشتیوانیی هەردوولا دەكات. 
تائێستا حکومەتەکەی بەرەی پۆلیساریۆ دانپێدانانی 37 وڵاتی بەدەستهێناوە لە کۆی 193 وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەکاتێکدا هیچ وڵاتێک بە رەسمی دانی بە خاوەندارێتی مەغریبدا نەناوە بەسەر بیابانی خۆرئاوادا، تەنها ئەمریکا نەبێت کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپدا لە ساڵی 2020 دا دانپێدانانی بە سەروەریی مەغریبدا نا، ئەوەش لەبەر خاتری ئەوەی مەغریب بڕیاریدابوو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی بکاتەوە.
کۆلۆنیالیزمی ئیسپانیا و سەرەتای ناکۆکییەکە
ئیسپانیا لە کۆتایی سەدەی حەڤدەهەم و سەرەتای سەدەی هەژدەهەمدا ویستی ئەوەی هەبوو ناوچەکە بگۆڕێت بۆ بەندەرێک بەمەبەستی بازرگانیکردن بە کۆیلەکانەوە، بەڵام لە ساڵی 1700دا ئامانجی خۆی گۆڕی، چونکە لە جیاتی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، پشتی بە ناوچەکە بەستبوو بۆ چالاکیی ئابووری دوای ئەوەی لە کۆنفرانسی بەرلین لە ساڵی 1884 رێکەوتنێک لە نێوان زلهێزە کۆلۆنیالیستەکانی ئەوروپا کرا،  لەو نێوەندەشدا ئیسپانیا کۆنترۆڵی بیابانی خۆرئاوای کرد.
ئەگەرچی مەغریب هەر چاویان لەسەر بیابانەکە بوو، بەڵام ساڵانە لە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامدا، ئاغاکانی ئەو ناوچەیە دڵسۆزی خۆیان بۆ شانشینی مەغریب نیشان دەدا تا هێرش نەکەنە سەریان و لە ناوچەکە دەریان نەکەن.
بە تێپەڕبوونی کات، لە دوای جەنگی دووەمی جیهان ناڕەزایی گەلانی ئەفریقا وایکرد هێزە کۆلۆنیالیستەکان ئەو وڵاتانە بەجێبهێڵن و سەربەخۆییان پێ ببەخشن، بەڵام سەربەخۆیی ناوچەکانی باشووری مەغریب زۆر بە خاوی بەڕێوەدەچوو بۆیە لەساڵی 1974 - 1975 مەدرید بەڵێنیدا کە ریفراندۆمێک بۆ سەربەخۆیی بیابانی رۆژئاوا بەڕێوەبچێت، بەڵام هەریەکە لە مەغریب و مۆریتانیا داوای خاوەندارێتی ئەو خاکەیان دەکرد.
جەزائیر هاتە ناو کێشەکەوە
 دواتر جەزائیریش دەستوەردانی کرد، بەڵام کەوتە پشتیوانیکردنی سەربەخۆیی بیابان و لەو رووەشەوە هەواری بومێدیەن لە ساڵی 1975دا بە لەگەڵ پۆلیساریۆدا رێککەوتنێکی ئیمزاکرد تا بەرەیەک پێکبهێنن کە دژایەتی هەموو داواکانی مەغریب و مۆریتانیا بکات و داوای سەربەخۆیی بکەن. بەڵام مەغریب هەوڵیدا سەرەتا بە رێپێوانی سەوز و دواتر بە لەشکرکێشی بەر بەو هەوڵەی بۆمیدیەن بگرێت و بۆشی چووەسەر، ئەوەبوو بەر لە کۆتایی ئۆکتۆبەری 1975 مەغریب لە باکوورەوە هێرشی کردە سەر بیابانی خۆرئاوا.
لەو ساڵەشەوە کە نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاری ریفراندۆمی داوە، مەغریب بە سەرژمێریی UN رازیی نابێت لەترسی ئەوەی نەبادا پۆلیساریۆ و جەزائیر و ئیسپانیا لە داتا و ناوی دانیشتواندا فێڵی لێ بکەن، هەرچی پۆلیساریۆ و جەزائیریشە لەترسی ئەوەی مەغریب خەڵکی خۆی لە ناوچەکانی دیکەوە نەنێرێتە ئەو سنوورانە، بە ئامارو سەرژمێرییەک رازیی نابن کە بە بێ ئاگاداریی خۆیان بەڕێوەچووبێت. 
پلانەکەی بەیکەر لە ئەنجومەنی ئاسایش
جەیمس بەیکەر-ی وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا نێردەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا سەردانی بۆ ناوچەکە کرد و لەگەڵ لایەنەکانی کێشەکەدا کۆبۆوە و بابەتەکەی بە راپۆرتێک خستە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایش لە ساڵی 2000دا ئەوەش رێکەوتنێکی لێکەوتەوە کە بەگوێرەی ئەو پلانەی بەیکەر بیابانی خۆرئاوا بە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی دیفاکتۆ هەژماردەکرێت، لەکاتێکدا دانیشی بە خاوەندارێتی بەرەی پۆلیساریۆدا نەناوە.
 چاوەڕوان دەکرا ساڵی 2005 ریفراندۆم بەڕێوەبچێت و چارەنووسی ناوچەکە و دانیشتوانەکەی دیاری بکرێت بەڵام وەک ئاماژەمان پێکرد ئەمجارە پۆلیساریۆ رازیی نەبوو، چونکە مەغریب داوای دەکرد هەرچی دانیشتوانی ناوچەکەیە بەشداریی ریفراندۆمەکە بکەن بەبێ گوێدانە شوێنی لە دایکبوونیان.
لە ساڵی 2010 شدا هەوڵێکی تر خرایەگەڕ، بەڵا، بەهۆی هاوکاتیی دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانەوە لەنێوان دوو لایەنە سەرەکییەکەی ناکۆکییەکە، زۆری درێژە کێشا، هەر لەو سەروبەندەدا شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی و لێکەوتەکانی هەم ئەرکی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانی قورسترکرد، هەم پۆلیساریۆ ئەو پشتیوانییە بەهێزەی جەزائیری لەدەستچوو هەمیش پۆلیساریۆش چاوەڕوانی گۆڕان بوون لە مەغریبدا تا بتوانن سوود لەو دەرفەتە وەربگرن. بۆیە لە 2005- 2006 بەدواوە ئەو ناوچەیە هەر بە جێناکۆکی ماوەتەوە و هیچ تروسکاییەکیش لە ئاسۆدا بەدیی ناکرێت بۆ چارەسەر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان