ژنانی کۆڕی خەبات

10:30 - 2022-07-30
کەلتور
353 جار خوێندراوەتەوە
#عیسمەت مەمەند ئاغا سەعید

ئا: نەسرین كوردە

ژنانی گومناوی کاروانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان لێرەدا باسی خەباتی ژنی تێکۆشەری ماندونەناس و دڵسۆزی گەل و نیشتمان و کوردستان دەکەین کە هاوکاری باوک و هاوسەر و براو کوڕیان بوون وەک تەتەری ناو شاخ و شار خۆڕاگری و خەباتی خۆیان دەگێڕنەوە.
عیسمەت مەمەند ئاغا سەعید
ژنێکی دیکەی خاوەن خەبات و شۆڕشگێڕ ئەویش عیسمەت مەمەند ئاغا سەعید-ە  لە ساڵی 1953 لە شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی  لە دایكبووە. 
 عیسمەت دەڵێت: لە ساڵی 1982 لەگەڵ هاوسەرم شەهید ئەحمەد محەمەد كە ناسراوە بە مامۆستا ئەحمەدی سەناعە، پەیوەندیمكرد بە ریزەكانی شۆڕشەوە لە ناوزەنگ‌و زەڵێ‌، كاری من لە شۆڕشدا گەیاندنی سەرجەم نووسراوە نهێنییەكانی هەڤاڵانی شاخ ‌و شار بوو، یەكەم چالاكیشم لەو بوارەدا لەگەڵ هاوسەرم ‌مامۆستا ئەحمەد و شەهید ئاراس بوو سەردانی ناوزەنگ‌ و زەڵێمان كرد بەمەبەستی  بەشداری كردن لە كۆنفرانسی دووەمی كۆمەڵە لەو سەردانەدا من كۆمەڵێك نوسراوی نهێنی ‌و دەمانچەكانی هاوسەرم ‌و شەهید ئاراسم هەڵگرتبوو، هەرلەو كاتەوە دەستمكرد بە كاری نهێنی بەجۆرێك زۆربەی شەوەكان بەیاننامەمان لەسەر دیواری شەقامەكان ‌هەڵدەواسی و هەڵماندەدایە ناو ماڵانەوە.
کارو چالاکی
عیسمەت مەمەند باسی لەوە کرد لەگەڵ ئەوەشدا نووسراوی هەڤاڵانی ناوشاری گەیاندۆتە شاخ بۆ یاغسەمەرو سەرگەڵو و بەرگەڵو و گاپیڵۆن دەڵێت: بەجۆرێك ئەو رۆژانەی دەبوو نامەی رێكخستنی ناو شار ببەم بۆ دەرەوە، دەبوو بەیانیان سەعات پێنج بەڕێكەوین بۆ ئەوەی نووسراوەكە بگەیەنم، دەبوو نووسراوەكانم بە تیپ ببەستم لە ئەژنۆكانم، هەندێكجار  لە رێكخستنەوە فەرمانم پێدەكرا هاوكاری هەڤاڵان بكەم بە مەبەستی گەیاندن بۆ دەرەوەی شار منیش لەگەڵ هاوسەرەكەم ئەو كارەم دەکرد یەكێكیش لەو كەسانە كاك عەدنان شاسوار بوو، كە لەگەڵی چووم  بۆ كۆتەڵ، چونكە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو بوو هەتا گەیاندمانە شوێنی مەبەست دەمانچەو نووسراوەكانم بۆ هەڵگرتبوو، بەشێكی تری كارەكانم بریتی بوو لە هاوكاریكردنی هاوسەرەكەم كە لێپرسراوی چاپەمەنی رێكخستنی سلێمانی بوو.
چاپکردن بە نهێنی
ئەو ژنە وتی: هاوسەرەکەم دوو جیهازی چاپ ‌و دوو جیهازی رۆنیۆی هەبوو لە ژێر زەویدا ژوورێكی بچووكی بۆ دروست كردبوون، بە نهێنی شەوانە كاری چاپكردنی پێ دەكردن ئەمەش ترسناكترین كار بوو لە سەردەمی رژێمی بەعسدا، بەشێوەیەكی گشتی كارەكانی من پڕ مەترسیی‌و سەركێشیی بوون لەو سەردەمەدا بۆ ژن، بەڵام من خۆشەویستیم بۆ خاك‌و نیشتمان ئەوەندە زۆر بوو، بۆیە هیچ شتێكی مەترسیدارم لەلا قورس نەبوو، دەتوانم كارەكانم  پۆلێن بكەم بۆ سێ شێوە:
یەكەم: هێنان‌و بردنی نووسراوەكانی رێكخستن بوو لە نێوان شارو شاخدا.
دووەم: هاوكاریكردنی ئەو هەڤاڵانەی رێكخستن کە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەردەچوو لە لایەن بەعسەوە، من بەشێوەی نهێنی لەگەڵ هاوسەرەكەم دەمانبردنە دەرەوەی شار دەمانگەیاندنە لای هەڤاڵانی شاخ.
سێیەم: بڵاوكردنەوەی بەیاننامەكانی شۆڕش كە لە ماڵی ئێمە چاپدەکران و لە ناوبردنی پاشماوە بێ كەڵكەكانی تەواوی نووسراوە نهێنیەكان، بەم شێوەیە بەردەوام بووم تا 12/4/1989 كاتێك مامۆستا ئەحمەدی هاوسەرم لەو شەوەدا دەستگیر كرا  ئیتر دوای دەستگیركردنی من و هەر چوار منداڵەكەم لەلایەن حكومەتی ئەو سەردەمەوە فەرمانی دەستگیركردنمان بۆ دەرچوو، بۆیە هەتا راپەڕینی ساڵی 1991 دەربەدەر بووین، هەر ماوەیە و لە شوێنێك بووین ماوەیەك لە بازیان‌و ماوەیەك لە باینجان‌و چەمچەماڵ بووین، ئەمنی سلێمانی زۆر مەبەستیان بوو من دەستگیر بكەن، چونكە ئەو شەوەی مامۆستا ئەحمەدی هاوسەرم دەستگیركرا سێ نامەی زۆر گرنگی رێكخستنی ئەو لای من بوو دەبوو بۆ بەیانی بیدەمە دەستی شەهید وەستا بەكر و ببرێت بۆ دەرەوە، بۆیە مولازم عەلی ‌و  مولازم خەڵەف زۆر مەبەستیان بوو ئەو نامانە بدۆزنەوە، بەڵام بەجۆرێك شاردبوومەوە نەیانتوانی بیدۆزنەوە، گەیاندنی نووسراوەكانی رێكخستن بۆ ئیزگەی یەكێتی بەلامەوە زۆر خۆش بوو، چونكە  هاوسەرەکەم جارێكیان پێی وتم: مام جەلال لە ئیزگەیە، منیش زۆرم حەزدەكرد لە نزیكەوە بیبینم، بۆیە هەرچەندە بەفرێكی زۆر باریبوو، بەڵام لەخۆشی ئەوەی بەڕێز مام جەلالی هەمیشە زیندوو ببینم، ئەو رۆژە بە سواری  ئێسترێك رۆیشتم، بەڵام كەوتمە خوارەوەو ئازارم گەیشت‌و نەمتوانی بڕۆم.
دەستگیرکردنی مامۆستا ئەحمەد
قورسی ژیان لەكاتی دەستگیركردنی هاوسەرم مامۆستا ئەحمەد دەستیپێكرد، چونكە ئەو ماوەیە داواكراوبووین پیاوانی ئەمنی عێراقی بەدوامانەوە بوون  هەموو كەسوكارم لەژێر چاودێریدا بوون كەس نەیدەتوانی سەردانمان بکات، بۆیە وەك شارەزایەكی بە ئەزموون دەجووڵاینەوە، هەمیشە هەنگاوەكانمان لەبەرچاو بوو، زۆر قورسیش بوو بۆم بۆ دابینكردنی بژێوی خۆم ‌و منداڵەكانم كاری رستن ‌و چنینم دەكرد بۆ پەیداكردنی بژێویی‌ ژیان، بە گشتی ژیانێكی پڕ مەینەت بوو بۆ من‌و بۆ تەواوی گەلی كورد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان