دارا بینایی
نووسەر لەم کتێبەدا باس لە کۆمەڵێک گەنجی شاری کۆیە دەکات کە لەسەردەمی رژێمی بەعسدا لە ژێر زەمینەکان بە نهێنی لە رێکخستنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چالاکیی سیاسی ئەنجام دەدەن
یەکێک لەو کتێبانەی کە لەم ماوەیەی پێشوودا خوێندمەوە، کتێبی (هەنگاونان بەرەو ئەودیو دیوارەکانی زیندان)بوو، کە نووسینی عیماد غەفوری یە و ساڵی 2024 زانکۆی کۆیە چاپی کردووە. کتێبەکە لە دووتوێی 271 لاپەڕەدا، بیرەوەریی زیندانییەکی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ناو زیندانەکانی رژێمی بەعسدا دەگێڕێتەوە، بەڵام بە شێوازی ژانری رۆمان، رۆمانێکی پڕ لە رووداوی جۆراوجۆر، بەتایبەتی کە رووبەڕووی ئەشکەنجەدانێکی نا مرۆڤانە دەبێتەوە، تا دەگاتە ئاستی لەسێدارەدان و شەهیدکردنی.
نووسەر لەم کتێبەدا باس لە کۆمەڵێک گەنجی شاری کۆیە دەکات کە لەسەردەمی رژێمی بەعسدا لە ژێر زەمینەکان بە نهێنی لە رێکخستنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چالاکیی سیاسی ئەنجام دەدەن و بەهۆی ئاشکرا بوونیان لەلایەن سیخوڕ و خۆفرۆشەکانەوە، دەستگیر دەکرێن و لە کونجی زیندان خۆیان دەبیننەوە و رۆژانێکی سەخت و پڕ لە ئەشکەنجە و ئازار بەڕێ دەکەن.
بێگومان دەستدانە کاری سیاسیی و چالاکیی نهێنی لەو رۆژگارە پڕ لە مەترسیەدا کە رژێمی بەعس لەوپەڕی بەهێزی و دڕندەییدا بوو، هەموو کوچە و کۆڵانەکانی شاری بە کەسانی سیخوڕ و بە کرێگیراو پڕکردبۆوە، بۆ خۆی یاریی کردن بوو بە ئاگر و ملدانە بەر پەتی سێدارە، لەو رۆژگارەدا کەم کەس دەیوێرا خۆی لەقەرەی کاری وا بدات، چونکە لە حاڵەتی ئاشکرا بوونیاندا روو بەڕووی کوشتن دەبوونەوە، بەڵام کۆمەڵە گەنجێکی بوێر و ئازای ئەوکاتی شاری کۆیە خۆنەویستانە لە رێکخستنەکانیاندا بەنهێنی چەندین چالاکییان دژ بە پیاوانی رژێمی بەعس ئەنجام دەدا کە ئەوەش تەواوکاری خەباتی پێشمەرگاییەتی بوو، بگرە سەخت و زەحمەت تریش بوو،
ئەوەی لێرەدا من مەبەستمە هەڵوێستەی لەسەر بکەم کە لە کتێبەکەدا رەنگی دابۆوە دوو لایەن بوو، ئەویش بەدەستهێنانی متمانەی نووسەر و روڵی خیانەت و خۆفرۆشان لە تێکدانی ریزی رێکخستنەکان و هێزی پێشمەرگە لە شاخ.
نووسەری ئەم کتێبە خۆی، هەر لە تەمەنێکی تازە پێگەشتووەوە تێکەڵ بە رێکخستنەکانی ناو شاری کۆیە دەبێت و پاش ماوەیەک دەتوانێت ببێتە جێی متمانەی هاوڕێکانی لە رێکخستن، بێگومان دروستکردنی متمانەش لەو رۆژگارەدا شتێکی هەروا ئاسان نەبوو، چونکە رژێم بە هەموو کوچە و کۆڵانەکانی شاردا سیخوڕی بڵاو کردبووەوە، ئەمەش وای لە زۆر کەس کردبوو کە خۆ پارێزیی بکەن و متمانە بەکەس نەکەن، بە تایبەتی ئەوانەی باوک و کوڕ و کەسی نزیکیان پێشمەرگە بوون، دوای ئەوەی نووسەری ئەم کتێبە دەچێتە ناوچە ئازادکراوەکان، بۆ بەدواداچوونی سۆراغی بەرپرسی رێکخستنەکانیان کە ماوەیەکی کەم بوو پەیوەندیی بە هێزی پێشمەرگەوە کردبوو، لە میانی چوونی بۆ ناوچە ئازادکراوەکان، فەرماندەیەکی پێشمەرگە دەبینێت و باسی دۆخی خوێندن و دواکەوتنی لە خوێندن بۆ دەکات، ئەویش نامەیەکی بە مۆری مەڵبەندەوە پێ دەدات، تا بیگەیەنێتە مامۆستاکەی کە جێگری بەڕێوەبەری ئەو خوێندنگەیەیە و نووسەری ئەم کتێبە لەوێ دەیخوێند، بەو هیوایەی هاوکاریی بکات و ئەو ماوەیەی لە خوێندن و تاقیکردنەوە دابڕا بوو، بۆی بکاتە مۆڵەت، کاتێک نامەکە دەگەیەنێتە مامۆستاکەی، مامۆستاکە رەنگی دەگۆڕێت و ترس دایدەگرێت کە چۆن گەنجێی تازە پێشکەوتوو نامەیەکی لەم شێوەیەی گەیاندۆتە دەستی، بەتایبەتی گەر ئاشکرا بوایە گیانی هەردووکیان دەکەوتە مەترسییەوە و رووبەڕووی مەرگ دەبوونەوە، هەربۆیە مامۆستاکەی لە شوێنێکدا ئامۆژگاریی دەکات بە هیچ شێوەیەک باسی هێنانی ئەو نامەیە بۆ هیچ کەسێک نەکات، نووسەریش چونکە بەڵێنی بە فەرماندەکەی دابوو و هەمان بەڵێنیش بە مامۆستاکەی دەدات و متمانە لای مامۆستاکەی دروست دەکات.
دوای ئەوەی رێکخستنەکانی کۆیە بەهۆی سیخوڕەکانەوە ئاشکرا دەبن و نووسەری ئەم کتێبە لەگەڵ چەند هەڤاڵێکیدا لە لایەن پیاوانی ڕژێمەوە لە کۆیە دەستگیر دەکرێن و هەواڵی گیرانیان بە ناو شاری کۆیەدا بڵاو دەبێتەوە، کاتێک جێگری بەڕێوەبەرەکەی بەم هەواڵە دەزانێت، لە ترسی ئەوەی نەکا ئەو گەنجە لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی ئەمن و ئیستخبارات ئیعتراف لەسەر ئەمیش بکات، بەناوی نەخۆشییەوە مانگێک مۆڵەت وەردەگرێت، تا لە چاوی پیاوانی رژێم بەدوور بێت، بەڵام چونکە عیماد غەفوری بەڵێنی دابوو هەرکات بگیرێت ناوی هیچ کەسێک نەهێنێت، هەرواش بوو، تا ئەو رۆژەی بە لێبوردنی گشتیی لە زیندان ئازاد کرا، سەرباری ئەو هەموو ئەشکەنجەیەی جەلادەکانی بــــەعس بەرامـــــبــــەری ئەنجامیاندا، ئیعترافی لەسەر هیچکام لە هەڤاڵەکانی خۆی بە مامۆستاکەشیەوە نەکرد.
خیانەت و خۆفرۆشیی کە بۆ هەندێک دەستکەوتی ماددی بووە، لە مێژووی گەلاندا بـــوونی هەبووە، بێگومان لای خۆشمان رێکخستنەکانی ناو شار و هێزەکانی پێشمەرگەش بێ بەش نەبوون لەو جۆرە مرۆڤە قێزەون و خۆفــــرۆشانەی لە ژێرەوە پەیـــوەندییان بە ئەمن و ئیستخباراتی رژێمەوە هەبوون و بەردەوام زانیارییان پێدەگەیاندن و ویژدان و ئەخلاقی خۆیان بە رژێم فرۆشتبوو، هەر بە هۆی ئەو سیخوڕانەوە دەیان رۆڵەی کوردستان دەگیران و چەندین خانەوادەش شوێن بزر دەکران.
بێگومان ئاشکرا بوونی رێکخستنەکانی ناوشاری کۆیە و دەستگیرکردنی 13 کادری رێکخستنەکانی یەکێتی شۆڕشگێڕان لە شەوی 23 / 24ی11 1986 بە هۆی خیانەت و خۆفرۆشی بەرپرســــەکەیانـــــەوە بــوو، تەنانەت دوای ئەوەی هەواڵی دەستگیر کردنی رێکخستنەکان دەگاتە سەرکردایەتی یەکێتی، لە کاتی گواستنەوەی دەستگیرکراوەکان لە سەربازگەی کۆیەوە بۆ شاری هەولێر، هێزێکی پێشمەرگەی یەکێتی کەمین بۆ هێزەکانی رژێم دادەنێن، تا هەڤاڵە دەستگیرکراوەکانیان لە چنگی پیاوانی ئەمن و ئیستخبارات رزگار بکەن، دیسانەوە بەهۆی سیخوڕەکانەوە کە لەناو ریزەکانی پێشمەرگە خۆیان مەڵاس دابوو، شکست بەو پلانە دێنن و زانیاریی دەگەیەننە رژێم، ئیتر پیاوانی ئەمن هەر زوو پەیوەدیی بە هەولێرەوە دەکەن وداوای یارمەتی و بە هاناوە چوونیان لێ دەکەن، ئەوانیش بە کۆپتەر کۆمەکیان دەکەن و دەستگیرکراوەکان بە سواری کۆپتەر دەگوێزنەوە بۆ هەولێر و لەوێشەوە بۆ کەرکوک و بەغداد، ئیتر لە میانەی لێکۆڵینەوەکانیانەوە، ئەشکەنجەی زۆریان دەدەن و لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا چەند هەڤاڵێکیان شەهید دەکرێت، کەسی خۆفرۆش هەر بەوەشەوە ناوەستێت، بگرە لە کاتی دادگایی کردنیان لە مەحکەمەی سەورە، شایەتی لە سەر زۆرینەیان دەدات و دەستگیرکراوەکان بە بڕیاری مەحکەمەی سەورە هەر لە سێدارەدان تا حوکمی هەتاهەتایی دەیانگرێتەوە.
وەنەبێ ئەو خۆفرۆشانە بەو کارە قێزەونەیان بە مەرامی خۆیان گەشتبن، بەڵکو ئەو خیانەتکارەی رێکخستنەکانی کۆیەی ئاشکرا کرد، کە بەرپرسیان بوو و ناوی موحسین بوو، دوای راپەڕینەکە بەرەو موسڵ هەڵدێت و دواتر لە رێکەوتی 23ی6ی1993، لەناو شاری موسڵ، ئەو خۆفرۆشە بە سزای گەل و شۆڕش دەگەینرێت، ئەمە و زیندانییە سیاسییە کوردەکان، لە رێکەوتی 15ی9ی1988 بەر لێبوردنی گشتی دەکەون و ئازاد دەکرێن.