دەرهاویشتەکانی کشانەوەی ترەمپ لە رێکەوتننامەی پاریس بۆ ژینگە

12:48 - 2025-02-24
ژینگە
92 جار خوێندراوەتەوە
کاتی ئیمزاکردنی بڕیاری کشانەوە لە رێکەوتننامەی پاریس لە واشنتۆن

ئا: دڵان سامان

بۆ جاری دووەم لەم سەدەیەدا سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، لە کۆتایی مانگی رابردوودا رایگەیاند کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێکەوتننامەی پاریس بۆ ژینگە دەکشێتەوە، ئەوەش واتای کشانەوەی گەورەترین سەرچاوەیە بۆ گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوڵە جیهانییەکان بۆ رووبەڕووبونەوەی گۆڕانی ژینگە، بەمشێوەیەش ئەمریکا دەچێتە پاڵ ئێران و لیبیا و یەمەن کە لە دەرەوەی ئەو رێکەوتنامەیەن. 
ئەم هەنگاوەی ترەمپ لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کاتێک گومانی خۆی لە راست و دروستیی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جیهانیی راگەیاندن و بە «فێڵ» وەسفی کرد، هەروەها پابەندبوونی وڵاتەکەی بەو رێکەوتننامەیەوە لەگەڵ ئامانجەکانی بۆ فراوانخوازیی لە بواری نەوت و گازدا ناگونجێت و دەیەوێت تا ئەوپەڕی سوودی لێ ببینێت. 
ترەمپ ئیمزای لەسەر بڕیاری جێبەجێکردنی کشانەوە لە رێکەوتننامەی پاریس لە واشنتۆن کرد و وتی «زۆر بە خێرایی لەم فێڵی رێکەوتنامەیەی پاریس دەکشێمەوە کە نادادوەریی و لایەنگیریی تێدایە» هاوکات وتی «وڵاتە یەکگرتووەکان پیشەسازییەکانی ناشێوێنێت لەکاتێکدا چین بەئارەزووی خۆی ژینگە پیس دەکات و لە سزا رزگاری دەبێت»  حکومەتی پەکین -یش بەوە وەڵامی دایەوە کە هەست بە دڵەڕاوکێ دەکات لەبەرامبەر ئەو راگەیاندنەی ترەمپ و گۆڕانی ژینگەی بەوە وەسف کرد کە کێشەیەکە رووبەڕووی هەموو مرۆڤایەتی دەبێتەوە.

رێکەوتننامەی پاریس چییە؟
رێکەوتنامەی (پاریس یان کوپ 21) یەکەم رێکەوتنامەی جیهانییە بۆ ژینگە، دوای چەندین ساڵ لە گفتوگۆ و دانوستانی ئاڵۆز لە کۆنفرانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتە ئەنجام تا دواجار لە ساڵی 2015 دا لە پاریس گەیشتنە ئەو رێکەوتنامەیە و هەموو لایەنە بەشدارەکان تێیدا کە 195 وڵات بوون ئیمزایان لەسەر کرد. لوران فابیۆس وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی فەرەنسا پڕۆژەی کۆتایی رێکەوتنامەکەی لە دانیشتنێکی گشتیدا پێشکەشکرد و وتی: «ئەو رێکەوتننامەیە، گونجاو و بەردەوامە و لە رووی یاساوە ئەو وڵاتانەی ئیمزایان لەسەر کردووە پابەندکراون» واتا ئەو وڵاتانە رێکەوتوون لەسەر ئەوەی مەسەلەی گەرمبوونی جیهانیی کۆنتڕۆڵ بکەن بۆ ئەوەی لە پلە 2 بەرزتر نەبێتەوە و هەوڵی کەمکردنەوەی بدەن بۆ 1.5 پلە، هەروەها ساڵانە دیاریکردنی کەمترین ئاستی خەرجیی کە 100 ملیار دۆلارە وەک هاوکاریی ژینگەیی بۆ وڵاتانی جیهانی سێ و وا بڕیارە لەم ساڵدا پێداچوونەوە بە بڕی ئەو پارەیەدا بکرێت.    
کارگەرییەکانی کشانەوەی ترەمپ
پێشتر ترەمپ لە ساڵی 2017 دا لە ویلایەتی یەکەمی سەرۆکایەتیدا کشانەوەی وڵاتەکەی لەو رێکەوتنامەیە راگەیاند، ئەوەش وایکرد لەو ساڵەدا پێگەی ئەمریکا لە دانوستانە نێودەوڵەتییەکانی ژینگەدا لاواز ببێت، هۆکاریش بوو بۆئەوەی چین بتوانێت بۆشایی ئەمریکا پڕبکاتەوە و ببێت بە سەرۆکی گۆڕانی جیهانیی بۆ وزەی سەوز، هەروەها وڵاتانی دیکەی وەک هیندستان و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا پێگەیان لە کەیسەکانی پەیوەست بە ژینگە پتەو بکەن. 
یەکێک لە هەرە خراپترین کاریگەرییەکانی ئەو کشانەوەیە راگرتنی پاڵپشتیی داراییە بۆ سندوقی سەوزی ژینگە کە لە سەردەمی باراک ئۆبامادا بە رێژەیەکی زۆر ئەمریکا لەو سندوقەدا بەشدار بوو، بۆیە کشانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان لەو رێکەوتننامەیە و راگرتنی ئەو هاوکارییە داراییە بۆ وڵاتانی جیهانی سێ و وڵاتە هەژارەکان کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی ژینگەیان لەسەرە، کاریگەری وێرانکەری دەبێت لەسەریان و ئەو وڵاتانەی بەبێ سەرچاوەی بنەڕەتیی هێشتۆتەوە بۆ رووبەڕووبونەوەی کارەساتە ژینگەییەکان، وەک ئەو هەڕەشە ژینگەییانەی لەسەر وڵاتانی ئەفریقا و دەریای کاریبی و هەندێ ناوچەی ئاسیا و ئەمریکای لاتین و زەریای هێمن هەیە.
هاوکات بۆ ئەمریکا لە کاتی فەرامۆشکردنی کۆت و بەندە ژینگەییەکان بۆ کەمکردنەوەی لێچوونی گازی کاربۆن کاریگەریی لەسەر ژینگەی وڵاتەکە دەبێت، وەک زیادبوونی کارەساتە ژینگەییەکان.  

بابەتە پەیوەندیدارەکان