سیماف عەفرینی، نووسەر و هەڵبەستڤانی خەڵكی عەفرین چەندین هەڵبەست و رۆمانی نووسیوە، ساڵانێكی زۆرە لە بواری نووسیندا كاردەكات و ماوەیەكیش لە پەخشی رادیۆی خۆجێی شام لە سوریا هەڵبەستەكانی بە زمانی عەرەبی بڵاوكردۆتەوە.
سیماف عەفرینی، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: كاتێك تەمەنم دوانزە ساڵ بوو دەستمكرد بە نووسینی هەڵبەست و چیرۆك، بەڵام ئەو كاتە بە زمانی عەرەبی دەمنووسی، چونكە لە قوتابخانەكان تەنها وانەی عەرەبی دەوترایەوە و زمانی كوردی قەدەغە بوو، لە هەمان كاتدا لەگەڵ رادیۆی ناوخۆیی شام پەیوەندیم هەبوو، چیرۆك و هەڵبەستەكانمیان بە زمانی عەرەبی پەخش دەكرد.
وتیشی: تا ئێستا سێ بەرهەمی هەڵبەستم هەیە بە ناوەكانی رەش زەیتون، پشكی بن گیان و سەمیربازی، لە ئێستادا لەگەڵ چەند نووسەرێكی كورد كاری هاوبەشم هەیە، هەروەها هەڵبەستەكانم وەرگێڕدراون بۆ سەر شێوەزاری كوردی سۆرانی و زمانەكانی عەرەبی و ئینگلیزی و فەرەنسی و رۆمانی و ئەڵمانی، ناوەڕۆكی زۆربەی هەڵبەستەكانم لەسەر خۆشەویستی و نەتەوەیی و گەلەری و مێژوویی و چیرۆك و بەسەرهاتەكانی میللەتی كوردە، وێژەی كوردی زۆر دەوڵەمەندە و هەڵبەستی جۆراوجۆر دەنووسم بە پیتی كوردی-لاتینی، بە شێوەی ژاپۆنی بە كوردی دەنووسم، چونكە دەمەوێت ئەدەبی ژاپۆنی بخەمە خزمەت زمانی كوردی، لە نووسینی هەڵبەستدا ئامانجی جیاوازم هەیە بۆ گەیاندنی پەیام و بیركردنەوەكانمان، دەمەوێت گەلانی بیانی لە رێگەی نووسین و هەڵبەستەوە ئازار و مەینەتیەكانی نەتەوەی كورد بزانن.
ئەیاز هەركی