هەناردەی غاز بۆ لاتیڤیا رادەگیرێت

09:20 - 2022-07-31
جیهان
446 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دیاری سابیر

لە چوارچێوەی ناكۆكییەكانی نێوان روسیا ‌و خۆرئاوا، دوێنێ كۆمپانیای غازپڕۆمی روسی رایگەیاند، كە بەهۆی پێشێلكردنی مەرجەكانی كڕین ‌و هاوردەوە، هەناردەی غازی سروشتی بۆ لاتیڤیا راگرتووە.   
ئەو هەنگاوەی غازپڕۆم دوای رۆژێك لە راگەیاندنی كۆمپانیای لاتیڤیا غاز بۆ وزە دێت، كە رایگەیاندبوو، بۆ غازی روسیا، بە یۆرۆ پارە دەداتە كۆمپانیا روسییەكە نەك بە رۆبڵ، وەك ئەوەی غازپڕۆم داوای دەكات.
لای خۆشیەوە، كۆمپانیای غازپڕۆمی روسی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوە داوە، كە هەناردەی غازی بۆ لاتیڤیا راگرتووە، چونكە مەرجەكانی كڕینی غازی پێشێلكردووە. 
وڵاتانی خۆرئاوا، مۆسكۆ بەوە تۆمەتبار دەكەن، كە چەكی سووتەمەنی لە دژی سەپاندنی سزاكانی سەری بەكاردەهێنێت، لای خۆشیەوە كۆشكی كریملین جەختدەكاتەوە، كە سزاكانی ئەوروپا بۆ سەر مۆسكۆ، بوونەتە هۆی كێشەی تەكنیكی لە دامەزراوەكانی غازی مۆسكۆدا ‌و سزاكانی وڵاتانی ئەوروپا لێكەوتەی نەرێنی بۆ سەر خۆیان دەبێت.
جێی ئاماژەیە، پێشتریش بەهۆی پارەنەدانیان بە دراوی رۆبڵ كە دراوی رەسمیی روسیایە، غازپڕۆم رازینەبوو غاز بە چەند وڵاتێكی ئەوروپا بفرۆشێت. 
راگرتنی هەناردەكردنی غازی روسیا بۆ لاتیڤیا لە كاتێكدایە، كە ئاڵۆزیی توند كەوتۆتە نێوان مۆسكۆ ‌و خۆرئاواوە بەهۆی هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا ‌و سزاكانی ئەوروپا لە دژی مۆسكۆ. هەروەها هاوكاتە لەگەڵ كەمكردنەوەی بڕی غازی هەناردەكراوی روسیا بۆ ئەوروپا لە رێی هێڵی بۆری نۆرد ستریم-ەوە. 

سەرچاوە: ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان