حه‌مه هاشم
مه‌به‌ستمانه باس له‌و ره‌نگ و شێوه تایبه‌تانه بكه‌ین كه له كاره هونه‌رییه ئهبستراكتییهكانی هونه‌رمه‌ند (حسێن كاكه‌یی)دا باڵاده‌ستن و ده‌مانگه‌ڕێننه‌وه بۆ كه‌شی سروشت له ته‌كنیكی به‌هێز و بوێریی له دانانی ره‌نگدا.
دیمه‌ن له كاره‌كانییدا پانتاییه‌كی زۆر وه‌رده‌گرێت، دیمه‌نی سروشت، خانوو، لادێ، رووبار، هه‌وری زستانی، به‌ڵام جیاواز له بینینی ئاسایی، فۆڕمێك له بنه‌چه‌دا په‌یوه‌ندیی به نۆستالۆژیاوه هه‌یه، نۆستالۆژیای هونه‌رمه‌نده‌كه بۆ شوێن، كه تێكڕای ئه‌و دیمه‌نانه فۆڕمێكی ئه‌بستراكت وه‌رده‌گرن، به هه‌ستێكی ئه‌كادیمیی واقیعیی، ئه‌مه‌ش بۆ خۆی جۆرێكه له هێزی ده‌ربڕینی راسته‌قینه بۆ دیمه‌ن له دیدگای هونهرمهندێكەوە كه ئه‌زموونی كاره‌كانی ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن هێزێكی گه‌وره له پشت ته‌كنیكی كاره‌كانییه‌وه هه‌یه.
ئه‌و هێزه ته‌كنیكییه‌ی له به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م هونهرمهندهدایه، جۆرێكه له شێوه‌ی سادهكراوهی ئه‌بستراكتییانه بۆ دیمه‌ن، دانانی هه‌ندێ په‌ڵه ره‌نگی گه‌رم، له نێو سپه‌یسێكی ده‌وره‌دراو به ره‌نگی خۆڵه‌مێشیدا، به‌خشینی شكۆمه‌ندییه بۆ په‌ڵه‌ی ره‌نگی وه‌ك سوور، یان پرته‌قاڵی، یان هه‌ندێ جار سپی ره‌ها، له فۆڕمێكدا كه هێڵی زبری ره‌ش خزمه‌تی ده‌كات و تێكڕای فۆڕمه‌كانی پڕ ده‌كات به هه‌ستی ده‌ربڕین له سروشت، كه تێیدا گرنگی داوه به روانگه و سپه‌یس و ساو(مه‌لمه‌س) بۆئه‌وه‌ی بینه‌ر هه‌ستی هه‌بێت له بینینیاندا.
ئه‌مجۆره كارانه پێیان ده‌وترێت هونه‌رى ئهبستراكتى ساده و له‌دواى هونه‌رى ئهبستراكتى ئه‌ندازه‌ییه‌وه په‌یدابووه، چونكه زۆرێك له شێوه‌گه‌لی ئه‌ندازه‌ییش به شێوه‌یه‌كى ساده‌كراوه پیشان ده‌درێنه‌وه كه له پێشتردا ئه‌و فۆڕمانه‌یان نه‌بووه، جگه له‌مه‌ش شێوه‌ى ئه‌ندازه‌یی سێ رهههندییش به‌كارهاتووه كه جیاوازیی هەیە له پێش خۆى، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرنگه ده‌ركه‌وتنى
فۆڕمێكى زۆر ساده‌كراوه له تێكڕاى پانتایی كاره هونه‌رییه‌كاندا، ئه‌مجۆره كاركردنه ساده‌یه، ناوبانگى زیاترە و زووتر ده‌گاته بینه‌ر و به‌ربڵاوتره له جۆره‌كانى دیكه‌ى ئه‌بستراكت.
له هه‌ندێ كاتدا ئه‌مجۆره ئه‌بستراكته به ئهبستراكتى میوزیكیی ناوده‌برێت، چونكه راسته‌وخۆ جۆرێك له ئاواز و میلۆدیی ره‌نگیی بۆ بینینی و هه‌سته‌وه‌ره جوانبینییهكانى ته‌ماشاكار ده‌خوڵقێنێت، ئه‌مه‌ش به‌شێكه له توانستى ئیستاتیكی بۆ كاره‌كه به‌جیا له هێزى ده‌ربڕینى هەستیی بۆ كه‌سى ته‌ماشاكار.
هه‌ندێکجاریش وه‌ك هونه‌رى په‌ڵه‌ى ره‌نگیی ده‌بینرێت، چونكه كار ده‌كات بۆ نمایشى گوزارشتێك له رێگاى په‌ڵه‌ى رهنگیى و سنوورى هێڵ و بارستاییهكانى له كاره‌كه‌دا. ماتریاڵ و كه‌ره‌سته‌ى به‌كارهاتوو بایه‌خی زۆریان هه‌یه له تێكڕاى فۆڕمى پیشاندراودا، چونكه هیچ مه‌رج نییه هونه‌رمه‌ند ده‌ستى به‌ستراو بێت له به‌كارهێنانى ماتڕیاڵى باوى هونه‌ر، به‌ڵكو ئازادییه‌كى ره‌هاى هه‌یه له به‌كارهێنانى هه‌ر شتێك بۆ فۆڕمى كاره‌كه‌ى، ئه‌وه‌ى چه‌ند زیاتر له خزمه‌تى كاره هونه‌رییه‌كه‌یدا بێت.
چالاكییه نه‌ستییه‌كان یان بڵێین چالاكیی لاشعورى هونه‌رمه‌ند، سنوورى به‌هێزى دهربڕینهكانه و كارلێكى ئه‌و نهستهشه كه ده‌گاته هه‌مان چالاكیی لاشعوریی بۆ بینه‌ر و له‌وێڕا ته‌فسیری جیاواز و ته‌ئویلى ده‌ربڕینه‌كانى كاره‌كه شیته‌ڵ ده‌بێته‌وه، هه‌روه‌ها خۆى ده‌رباز ده‌كات له چاودێرییه هۆشیارییه سنوورداره‌كانى كه داده‌تاشرێت بۆ كاره‌كه‌ی.
هونه‌رى ئه‌بستراكت زۆرترین هه‌وڵ ده‌دات تا دامانبڕێت له بابه‌ت و مانا و لێكدانه‌وه‌ى ئێكسپرێشینیزمیانه بۆ ژیان و بینین و ته‌ن و بارسته جیاوازه‌كان، هه‌ربۆیه پشت ده‌به‌ستێت به ره‌نگ و هێڵ وه‌ك مۆسیقایه‌ك به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ تێكستێكى دهربڕیندارى له‌گه‌ڵدا بێت، گوێى بۆ ده‌گرین و چێژى لێ ده‌بینین، ئه‌مه‌ش ته‌نها ئه‌ركى گواستنه‌وه‌ى چێژى مۆسیقاكه له رێگاى گوێچگهوه به‌ره‌و مێشك ده‌رده‌خات، هه‌روه‌ك چۆن له بینینى تابلۆیه‌ك یان به‌رهه‌مێكى ئهبسرتاكتیڤدا چاوه‌كانمان ئه‌ركێكى ئیستاتیكیمان بۆ ده‌گوازێته‌وه بۆ مێشك له نێوان جوان و جوانیی وه‌ك مهعنهویاتى وه‌همیی بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندبوونى چێژبینینمان. له‌به‌رئه‌وه‌شه كه زۆربه‌ى بینه‌رى هونه‌ر حه‌ز دەکەن، ئاسانتر له تابلۆ بگەن و تابلۆكان یان كارههونهرییه بینراوه‌كان باسى چیرۆك و مێژوو و رووداوه‌كانیان بۆ بكات، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ربازبێت له‌و ئه‌ركه ئیستاتیكییه قورسه‌ى له بینینى به‌رهه‌مێكى ئهبسرتاكتیدا ده‌یخاته‌گه‌ڕ و له ئاستى ئه‌زموونه ئیستاتیكییهكانى چاو و مێشكى خۆیدا باڵاتر ده‌یبینێت.
بارێكى دیكه‌ى هونه‌رى ئه‌بستراكت بۆ بینه‌رى كاره‌كانى ئه‌وه‌یه، هونه‌رمه‌ند هیچ ته‌فسیر و تهئویلێكى راسته‌وخۆ نادات به بینه‌ر به‌ڵكو بینه‌ر له رێگاى ئه‌زموونه‌كانى خۆیه‌وه ده‌گاته ئه‌و مهغزایانهى له به‌رهه‌مه‌كه‌دا هه‌م چێژى لێده‌بینێت، هه‌م وه‌ك ده‌ربڕین خواستى بۆى هه‌یه.
خاڵێكى گرنگ له بینینى به‌رهه‌مى ئهبستراكتیدا دروستكردنى پرسیاره بۆ بینه‌ر، یان بینه‌ر خۆى پرسیارى له‌لا دروست ببێت سه‌باره‌ت به كاره هونه‌رییه‌كه، ئه‌مه‌ش نزیكمان ده‌كاته‌وه له به‌راوردكاریی له نێوان ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه فكریی و چێژوهرگرتنانهدا كه پێویسته ئینسان هه‌یبێت. له‌به‌رئه‌وه هونه‌رى ئه‌بستراكت هه‌رگیز كه‌متر نییه له بایه‌خه‌كانى هونه‌رى واقیعیی یان هه‌ر هونه‌رێكى دیكه كه بینه‌ر ئاره‌زووى ده‌كات، هه‌رگیز ته‌نها ئه‌و شه‌ڕه‌پشیله و هێڵه خێرا و ره‌نگه په‌ڵه په‌ڵانه نییه كه هونه‌رمه‌نده‌كه پیشانمانی ده‌دات. بێگومان ئه‌بستراكت جیاوازییه‌كى بنه‌ڕه‌تى و دژبه‌یه‌كى هونه‌رى ئه‌كادیمییه، به‌ڵام به ئاراسته‌یه‌كى جیاواز و به‌بێ ئه‌وه‌ى له بنه‌ما ئهكادیمییەکان بدات، به‌ڵكو هێز له‌و جیاوازییانه وه‌رده‌گرێت بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى ئه‌و ئه‌زموونه ئیستاتیكییانهى كه بینه‌ر پێیان ده‌گات. ئه‌م بۆچوونانه‌ش ته‌ریبن له‌سه‌ر كاره ئهبستراكتییه ده‌ربڕین خوازییه‌كانی (حسێن كاكه‌یی)، كه چیرۆكی فۆڕمه‌كانی له‌وه زیاتر هه‌ڵده‌گرن.
مرۆڤ رۆژانه چاوى ده‌كاته‌وه و ملیۆنان دیمه‌ن ده‌بینێت، له خه‌و هه‌ستان و نانخواردن و سه‌یركردنى ئاوێنه و خۆگۆڕین و چوونه ده‌ره‌وه و رۆیشتن به‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا تا ده‌گاته شوێنى كاره‌كه‌ى و له‌ناو كاره‌كه‌یدا و ...هتد، هه‌موو ئه‌مانه دیمه‌ن گه‌لێكن له دیوى ده‌ره‌وه‌ى خۆى وه‌ك بازنه‌یه‌ك به‌ده‌وریدا سووڕاونه‌ته‌وه، له‌و دیمه‌نه زۆرانه‌دا كه زۆربه‌یان دیمه‌نى ئاسایی واقیعى ژیانن، به‌ڵام له پاڵیاندا كۆمه‌ڵێ دیمه‌نى دیكه ده‌بینێت جێگاى تێڕامان و سه‌رنجن، بۆ نموونە بە به‌رده‌مى دیوارێكى كۆندا ده‌ڕۆیت و چاوت ده‌كه‌وێته سه‌ر گۆشه‌یه‌كى كۆن كه هه‌ندێ خشتى دیواره‌كه ده‌ركه‌وتوون و له‌سه‌ره‌وه په‌نجه‌ره‌یه‌كى ره‌نگ شین هه‌یه، له كاتى بۆیاخكردنیدا چه‌ند په‌ڵه ره‌نگێك كه‌وتۆته سه‌ر خشتى دیواره‌كه، منداڵانى كۆڵانیش له‌كاتى یاریكردنیاندا دیواره‌كه‌یان وه‌ك ته‌خته‌ڕه‌شى قوتابخانه به‌كارهێناوه و چه‌ند پیت و ژماره‌یه‌كیان به ره‌نگى سپى له‌سه‌ر دیواره‌كه بەجێهێشتووه، به به‌رده‌مى ئه‌م دیمه‌نه‌دا گوزه‌ر ده‌كه‌یت و به‌خێرایی چاوت ده‌كه‌وێته سه‌ر دیمه‌نه‌كه، به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ ده‌ربڕینێك بە تۆ بدات، هه‌ندێك هه‌ڵوێسته ده‌كه‌یت و ده‌ڕۆیت، تاچه‌ند هه‌نگاوێك دیمه‌نه‌كه له بیرهوهریتدا ده‌مێنێته‌وه، ده‌چه‌سپێت و له‌هه‌ندێ كاتى جیاجیادا دێته‌وه بیرت، ئه‌م رووداوه نه هیچ گوزارشتى روونكرده‌وه نه هیچ پێگه و رێكخستنێكى ده‌ستكردى تێدا بوو وه‌ك هونه‌ر، به‌ڵام بۆ تۆ دیمهنێكى ئارامبه‌خش بوو بۆ ده‌روونت.
هونه‌رى ئه‌بستراكت زۆرترین هه‌وڵ ده‌دات كه دامانبڕێت له بابه‌ت و مانا و لێكدانه‌وه‌ى ئێكسپرێشینیزمیانه بۆ ژیان و بینین و ته‌ن و بارسته جیاوازه‌كان، هه‌ربۆیه پشت ده‌به‌ستێت به ره‌نگ و هێڵ وه‌ك مۆسیقایه‌ك كه به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ تێكستێكى دهربڕیندارى له‌گه‌ڵدا بێت، گوێى بۆ ده‌گرین و چێژى لێ ده‌بینین
ئه‌م دیمه‌نه بۆچى ئارامبه‌خش ده‌بێت بۆ ده‌روونى مرۆڤ؟ بێگومان له‌به‌رئه‌وه‌ى هێزێكى ئیستاتیكى زۆرى تێدا دروست بووە، ئه‌و هێزه ئیستاتیكییه وا له تۆ ده‌كات پێشوازیی له دیمه‌نه‌كه بكه‌یت وه‌ك فۆڕمێكى جوانیی به‌خش و به‌كارى بهێنیت بۆ ئاسووده‌یی ده‌روون و حه‌سانه‌وه‌ى ناخى خۆت، لێره‌وه هێزه ئیستاتیكییهكه خۆى ده‌سه‌پێنێت وه‌ك دیمهنێكى ئهبستراكتیی و گۆشه بینراوهكهمان پێشكه‌ش ده‌كات. له‌به‌ر ئه‌مه‌شه كاتێك روانینی ئیستاتیكیمان به‌هێز بوو، له تێگه‌یشتن و بینینی تابلۆ ناوازه‌كانی هونه‌رمه‌ند(حسێن كاكه‌یی) چێژی ته‌واو وه‌رده‌گرین. بێگومان نابێت ئه‌وه‌ش له‌بیربكه‌ین کە سه‌رنجدانى ئه‌م دیمه‌نانه له هه‌موو كه‌سه‌كاندا وه‌ك یه‌ك نییه و چێژ وه‌رگرتن له وزه ئیستاتیكییهكانى ئه‌م دیمه‌نانه‌ش لای هه‌موومان جیاوازیی هه‌یه، هه‌ندێ كه‌س به به‌رده‌مى ئه‌م دیمه‌نه جوانانه‌دا ده‌ڕوات و هه‌ر ناشیان بینێت، بێگومان ئه‌گه‌ر سه‌یریشیان بكات هه‌ر نایانبینێت، چونكه ئه‌زموونى چاو و بینینى ئیستاتیكییانهى كه‌مه، بێگومان ئه‌مه‌ش جۆرێكه له كه‌مته‌رخه‌میى له په‌روه‌رده‌ى بینین‌دا، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت ئێمه ناتوانین سه‌رزه‌نشتى ئه‌و جۆره كه‌سانه بكه‌ین كه ئه‌م دیمه‌نه ئهبسرتراكتییه جوانانه نابینن، به‌ڵكو سه‌رنجمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه بایه‌خی گه‌وره‌ی ئه‌م كارانه بزانیین.