وەرگێڕانی لە هۆڵەندییەوە:
بافڵ هیوا سەرهەنگ
رامبرانت ڤان راین Rembrandt Van Rijn لە شاری لایدنی هۆڵەندا لە 1606/7/15 لەدایکبووە. بە یەکێک لە گەورەترین شێوەکارەکانی مێژووی هونەریی خۆرئاوا دادەنرێت. بەهرەکەی نەک تەنها لە شارەزایی تەکنیکیدا بوو، بەڵکو بەتوانا بوو لە دەربڕینی هەست و ئەزموونە مرۆییەکاندا بە شێوەیەکی بێ هاوتا. بەرهەمەکانی بەهۆی دژایەتییە درامـــاتیکییەکانی رووناکـیی - تـاریکیی(Clair- Obscure) و قووڵی و ئاڵۆزییە دەروونییەکانەوە، ستایش دەکرێن. پۆرترێتەکانی رامبرانت ئایکۆنین، بەتایبەتی بەهۆی توانای گرتنی رۆحی وەرگرەوە، شاکارەکەی (چاودێری شەو)، یەکێکە لە تابلۆ بەناوبانگەکانی جیهان، ئەو دیمەنێکی زیندوو بە پێکهاتە و دینامیکیی داهێنەرانە پیشان دەدات کە هونەری پۆرترێتی نەریتیی ئەو سەردەمەی تێکشکاند. خۆ وێنەگرتنی یان وێنەگرتنی خۆی بەگشتی، زیاتر لە 80 وێنەیە، یاداشتێکی بینراوی بێوێنە پێکدەهێنێت کە تێیدا ژیانی خۆی و پیربوونی و خەباتی ناوەوەی خۆی کردووە بە بەڵگەنامە.
رامبرانت لە سەردەمی زێڕیندا ژیاوە، کە سەردەمێکی خۆشگوزەرانیی ئابووری و کەلتوریی بێوێنە بوو لە هۆڵەندا. وەک هونەرمەند و خاوەنکارێک لە رادەبەدەر سەرکەوتوو بوو، بەڵام تووشی پاشەکشەیەکی گەورە بوو. ژیانی تایبەتیی ئەو بە کارەساتەکان ناسرابوو، لەوانە لەدەستدانی (ساسکیا)ی هاوسەری و سێ دانە لە چوار منداڵەکەی. کێشەی دارایی و قەرزەکانی سەرەنجام ناچاری کرد خانووەکەی و بەرهەمە هونەرییەکانی خۆی بفرۆشێت. سەرەڕای ئەم پاشەکشانەش، دیدگای هونەریی ئەو وەک خۆی مایەوە و گۆڕانکاریی بەسەردا نەهات. کارەکانی لە ژیانیدا رێزی زۆریان لێگیرا و زۆریش ستایش کران، هەرچەندە ناوبانگەکەی دوای مردنی بۆ ماوەیەکی کاتیی لە پاشەکشەدابوو، بەڵام ئەمڕۆ رامبرانت لە سەرانسەری جیهاندا وەک مامۆستای رووناکیی و پێکهاتە و هەست ناسراوە.
تابلۆکانی لە مۆزەخانە بەناوبانگەکانی وەک مۆزەخانەی(ریکس) لە ئەمستردام هەڵواسراون و ساڵانە هەزاران کەس سەردانی دەکەن، لەبەرئەوەی خەڵک سەرسامن بە کار و بەرهەمەکانی. ناوەکەی بۆتە هاوواتای گەورەیی هونەری و قووڵایی مرۆڤایەتی و بەردەوامە لە بوون بە سەرچاوەی سروش بۆ هونەرمەندان و هونەردۆستان لە سەرانسەری جیهاندا.
ئەم هونەرمەندە مەزنە لە رۆژی 1669/04/10دا کۆچی دوایی کردووە.