لەژێر دروشمی «بەرەو سوریایەکی ئازاد و دیموکرات و فرەیی» شاری رقە چالاکییەکانی کۆڕبەندی سوریای بۆ دیالۆگی نیشتمانی لەئامێزگرت کە سەنتەری رۆژئاوا بۆ لێکۆڵینەوە رێکیخستبوو.
کۆنگرەکە بە چەند پێشنیاز و راسپاردەیەکەوە بۆ بەردەم رای گشتی و بڕیاربەدەستانی دیمەش و ئیدارەی خۆسەری لە باکوور و باکووری خۆرهەڵاتی سوریا کۆتایی بەکارەکانی هێنا.
ژنان و پیاوانی بەشدار لە کۆنگرەکەدا لە بەیاننامەی کۆتاییدا جەختیان لەو کردووەتەوە کە بەبێ رەچاوکردن بنەماکانی دیموکراسی و نیشتمانیی روون، هیچ چارەسەرێکی دیکە سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت و قەیرانەکان بەردەوام دەبن و هەر دەستوەردانێکی دەرەکی و پەراوێزخستنی هەر پێکهاتەیەکیشیان رەتکردەوە.
لەبارەی دەستووری نوێی سوریاشەوە بەیاننامەی کۆتایی کۆنگرەکە جەختی لەسەر فرەیی نەتەوەیی و کەلتوریی سوریا کردووەتەوە کە ئەوەش وا دەخوازێت داڕشتنی دەستوور وەک گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی بە بەشداریی هەموو پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و رێزگرتن و دەستنیشانکردنی تایبەتمەندیی هەر پێکهاتەیەک بەڕێوەبچێت.