کاوبۆی ژینگە پیس دەکات

12:22 - 2022-07-31
ژینگە
731 جار خوێندراوەتەوە

ئا: بورهان ئەمین

شمەک وکەلوپەلەکانی دەوروبەرمان ئەوانەی رۆژانە بەکاریان دەهێنین زۆربەیان زیانیان بۆ ژینگە و ئاو و هەوا هەیە، یەکێک لەوانە قوماشی کاوبۆیە Jeans، کە لەپیشەسازی دروستکردنیدا زیانێکی زۆرمان پێ دەگات، چونکە کاوبۆی لە مادەیەک دروستدەکرێت پێی دەڵێن  دەنیم Denim  کە مادەیەکی  دژوارە و رەنگی سپیە، بەئاوی گوڵی نیلی رەنگەکەی شین دەکەن، بەمجۆرە هەر جۆرە جلوبەرگێکی جینز وەک پانتۆڵ و چاکەت و هێلەگ و شتی تر تێکەڵەیەکی مادەکانی دەنیم و پۆلستەر و رەنگ پێکهاتووە،  مادەی دەنیم لەژێر کاریگەریی ئاوێکی زۆردا لە پەموو دروست دەکرێت، بۆ بەرهەمهێنانی هەر کیلۆیەک لەو مادەیەک 10 هەزار لیتر ئاو پێویستە کە ئەمەش بەهەردەردانێکی زۆری ئەو سامانە سروشتیەیە.
بۆ پانتۆڵێک 20 هەزار لیتر ئاو
بەپێی توێژینەوەکان دروستکردنی قوماشی کاوبۆی بۆ یەک پانتۆڵ 700 گرام پەمووی پێویستە ئەمەش 20 هەزار لیتر ئاوی دەوێت لەو کردارە کیمیاویەشدا 1800 کیلۆ دووەم ئۆکسیدی کاربۆن فڕێ دەدرێتە ناو هەواوە کە رێژەیەکی بەرزی پیسکردنە، جگە لەوەش چاندن و پێگەیاندنی پەموو خۆی لە خۆیدا ئاوێکی زۆری پێویستە و ئەو بەرهەمە بۆ خاک پەسەند نییە، چونکە بەپیتی خاک ناهێڵێت و مێروولە و هەنگ و زیندەوەرانیش دەکوژێت ئەمەش زیانێکی ترە، بەو پێیە کاوبۆی چ لە پێکهاتە سەرەکییەی کە پەمووە و چ لە شێوازی دروستکردنەکەی و پاشەڕۆکەشی هەموویان ژەهری ناو سروشت و ژینگەن.
ژەهر دەکرێتە ناو ئۆقیانوسەکان
مادەی دەنیم هەروا بەئاسانی کاوبۆی لێ دروست ناکرێت، بەڵکو بە چەندین قۆناغ  و پرۆسەی کیمیاویدا تێپەڕ دەبێت پاشان دێتە بەرهەم  و پاشەڕۆیەکی یەکجار زیانبەخشی لێ پەیدا دەبێت، توێژەران لە روبارێکی نزیک لە کۆمپانیای بەناوبانگی  Xintang ی چینی کە سەرچاوەی پیسی و ئاوەڕۆی کارگەکەی تێ دەڕژێت نموونەی ئەو ئاوەیان پشکنیوە و بۆیان دەرکەوتووە لەناویدا چەندین مادەی کیمیاوی وەک کادمیۆم و کرۆن و زیئبەق و رەساس و نوحاسی تێدایە، ئەو کۆمپانیایە یەک لەسەر سێی کاوبۆی هەموو جیهان بەرهەم دەهێنێت و پایتەختی مادەی دەنیمە، بۆیە ئەو رێژە زۆرەی ئەو مادەکیمیاویانەی کە دەڕژێنە ناو رووبارەکە و لەوێشەوە بۆ ناو دەریا و ئۆقیانووسەکان کارەساتێکی پیسبوونی ژینگەی دروستکردوە و ئاسەواری زۆر خراپی بەجێ هێشتووە.
کاوبۆی بۆتە مەترسی
ژینگەپارێزان دەڵێن: ئەگەر کۆمپانیا زەبەلاحەکان کە جلوبەرگی مارکە و گرانبەها بەرهەمدەێنن لە هەریەک لە «بەنگلادیش، چین، تورکیا و پاکستان» مارکەی بازرگانی نایابیان هەیە ئەگەر بەمجۆرە رەفتار لەگەڵ ژینگە بکەن ئاخۆ دەبێت کۆمپانیا بچوکەکان ئەوانەی جلی هەرزان بەرهەمدەێنن چی بکەن  و لە قۆناغی داهاتووی مرۆڤایەتی و نەوەکانی داهاتووماندا چ کارەساتێک لە بەرهەمهێنانی کاوبۆیدا رودەدات.

سەرچاوە: Natur Schutz، Focus Online

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان