دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ پەروین بوڵدان ئەندامی وەفدی ئیمراڵی (دەم پارتی) ئەنجامدا، بوڵدان وتی: نەك تەنها من، بەڵكو باخچەلی تەلەفۆنی بۆ سری سورەیا ئۆندەر، ئەحمەد تورك و تونجەر باكرهان-یش كردووە. بوڵدان رایگەیاند: پێموایە ئەوەی تا 1ی ئۆكتۆبەر روویدا لە كەسایەتی باخچەلیدا مایەی رێزە. گرنگە باخچەلی پشتگیریی لە پرۆسەكە بكات. راشیگەیاند: ئۆجەلانیش ئەوەی لەلا بەنرخە.
دوابەدوای بانگەوازیی وەفدی ئیمراڵی بۆ دانانی چەك و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە، باخچەلی بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە سەڵاحەدین دەمیرتاشەوە كردووە كە ئێستا لە زینداندایە و ئەردۆغانیش بواری پێداوە لە ئەدرنەوە بیهێننە ئەستەمبوڵ بۆ ئامادەبوون لە نەشتەرگەریكردنی خێزانەكەیدا.
بوڵدان رایگەیاند: پێدانی «مافی هیوا» بە ئۆجەلان و ئازادكردنی زیندانییەكان دەبێتەهۆی رزگاربوون، سەبارەت بە قەیومەكانیش رایگەیاند: ئەمە كارێكی ئیستیفزازییە و ئۆجەلانیش لەم بابەتە زۆر توڕەیە.