ئەو کەلوپەلانەی بەكاریان دەهێنین و زیانیان هەیە

12:26 - 2022-07-31
ژینگە
666 جار خوێندراوەتەوە

تارا شێخ عوسمان

هەندێك كەلوپەل هەن لەگەڵ ئەوەی بوون بە بەشێك لە ژیانمان و كاری قورسیان  بۆ ئاسان كردوین، كەچی زیانیان هەیە و رەنگە بەهۆیانەوە تووشی چەندین نەخۆشیی ببین لەوانەش:

مادە پاككەرەوەكانی جلوبەرگ شتن
 زۆربەی ئەو مادانەی جلوبەرگی پێدەشۆرێن پێكهاتەی (فینۆل)یان تێدایە كە مادەیەكی ژەهراوییە و زۆر بە ئاسانی جەستە هەڵیدەمژێت، ئەوەش دەبێتە هۆی هەستیاری و هەوكردنی توندی پێست، هەروەها ئەو مادەیە كاریگەریی لەسەر جگەر و گورچیلەش هەیە، بۆیە لەكاتی كڕینی شامپۆ و هاڕدراوەكانی جلشۆریندا، باشترە ئەو جۆرانە هەڵبژێردرێت كە مادەی فینۆلی تێدا نەبێت، بە تایبەت بۆ جلوبەرگی منداڵان و ئەوانەی هەستیاری پێستیان هەیە و ئەو كەسانەی تووشی سەدەفییە بوون.
ناسنامە و باجە پلاستیكییەكان 
هەندێك كەس بۆ چوونە سەركارەكەی پێویستی بە ناسنامەیەكی تایبەت یان باجێك هەیە  كە لەناو شوێنی كارەكەیدا دەبێت لە ملیدا بێت، بەڵام كەمترینیان دەزانن كە ئەو ناسنامە و باجە پلاستیكییانە مۆڵگەیەكی گەورەی ڤایرۆس و میكرۆبەكانن، هەربۆیە پێویستە بەر لە بەكارهێنان و دوای بەكارهێنانیان جوان باجەكە و دەستەكانیش پاكژ بكرێنەوە ناو بەناویش ئامێرەكانی خوێندنەوەی باج و ناسنامەكانیش پاك بكرێنەوە.
مایكرۆوەیڤ
زۆربەی ماڵەكان ئامێری ماكرۆوەیڤی تێدایە، رەنگە هەندێك كابان ناوبەناو پاكی بكاتەوە، بەڵام لە خواردنگە و شوێنە گشتییەكان ئەو كارە زەحمەتە،  ئەمەش وا دەكات بەكارهێنانی مایكرۆوەیڤ ببێتە سەرچاوەی مەترسیی، پێویستە كەسەكان تا بۆیان دەكرێت خۆیان لەوە بەدوور بگرن لە دەرەوەی ماڵەكانیان خواردن لەناو مایكرۆوەیڤی شوێنە گشتییەكان گەرم بكەنەوە.
مادەكانی بۆنخۆشكردنی بن باڵ
زۆربەی ئارەق لابەرەكان و بۆنخۆشكەرەكانی بن باڵ مادەی ئەلەمنیۆمیان تێدایە كە یەكێكە لەو هۆكارانەی نەخۆشیی زهایمەر پێشدەخات و هۆكارێكیشە بۆ توشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمك و پرۆستات، جگە لە مانەش رەنگە بەكارهێنانی بەشێوەیەكی نادروست بەكتریا لە بن باڵەوە بگوێزێتەوە بۆ بەشێكی تری جەستە، زۆر خراپیشە  لە بری خۆشتن پشت بەم جۆرە بۆن بڕانە ببەسترێت بۆ نەهێشتنی بۆنی ئارەقی بن باڵ.
هەروەها پزیشكەكانیش رێنمایمان دەكەن لەكاتی كڕینی ئەو بابەتانە بێ زیانترینیان هەڵبژێرین و ئەو جۆرانە بەكاربهێنین كە مادەی سروشتیی لە پێكهاتەكانیاندا هەیە.
ریمۆت كۆنترۆڵ
 پسپۆڕانی تەندروستی بەردەوام جەخت لەوە دەكەنەوە كە كۆنتڕۆڵەكان یەكێكن لەو شتانەی بە ئاسانی پیس دەبن و دەبنە مۆڵگەی میكرۆب و ڤایرۆسەكان، مەبەستیشیان هەموو جۆرێكی كۆنترۆڵە، بۆیە پێویستە زوو زوو بە دەرمانی تایبەت پاكژ بكرێنەوە و باشتریشە هەرگیز لەكاتی نانخواردندا دەستیان  لێنەدرێت.
پلاك و دوگمەكانی داگیرساندنی كارەبا
پلاكی كارەبا و دوگمەكانی داگیرساندنی كارەبای ناوماڵ و شوێنی كاركردن دەكرێت باشترین شوێن بن بۆ بەكتریا و میكرۆبەكان، هەر بۆیە پاككردنەوەی بەردەوامیان بەر لە دەستلێدانیان شتێكی زۆر پێویستە.
پاككەرەوەی دەست
زۆر كەس لەو بڕوایەدایە پاكژكەرەوەی دەست لە میكرۆب و ڤایرۆسەكان دەمانپارێزن، بەڵام زۆر بەكارهێنانیان بۆ ماوەیەكی زۆر زیانی لە سوودی زیاترە، توێژەرەوەكانی بەڕێوەبەرێتی خۆراك و دەرمانی ئەمریكا بۆیان ئاشكرا بووە، ئەو پێكهاتەی (تریكوسان)ەی كە لە (75%)ی پاككەرەوە و دژە بەكتریاكانی تردا هەیە زیانبەخشە و بۆی هەیە فەرمانی كوێرە رژێنەكان تووشی پشێوی بكات و ببێتە هۆی ناجێگیریی هۆرمۆنەكان و هەستیاریی و رەبۆ.
سەرین 
ئەم پێداویستییە گرنگەی خەوتن یان حەوانەوە، دەكرێت ببێتە مایەی نەخۆشیی، چونكە زۆر بەئاسانی دەبێتە ژینگەی لەبار بۆ زیادبوونی بەكتریا و ڤایرۆسەكان و گواستنەوەیان لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی تر، لە دۆخی ئاساییدا پێویستە بەرگی سەرین و چەرچەفەكان هەفتانە بشۆردرێن، بەڵام ئەگەر كەسێك لە ماڵدا تووشی نەخۆشییەك لە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە بوو، ئەوا دەبێت بەرگی سەرینەكە رۆژانە بشۆردرێت و خودی سەرینەكەش بۆ ماوەی سەعاتێك بدرێتە بەر تیشكی خۆر یان هەوای پاك، بۆ ئەوەی نەخۆشییەكە نەگوازرێتەوە بۆ ئەوانەی لەگەڵ نەخۆشەكەدا دەژین.

سەرچاوە: sky news

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان