هەولێر/ رەوەست نەوزاد
كەرتی گەشتیاری بەهۆی ئەو پێشكەوتنەی بەخۆیەوە بینیووە یەكێكە لە سێكتەرو پایە گرنگەكانی ئابووری وڵاتان كە وڵات هەیە بەشێكی گەورەی ئابووریەكەی پشت بەو كەرتە دەبەستێت بەهۆیەوە ساڵانە دەیان ملیار دۆلار داهاتیەتی و هەزاران كەسیش هەلی كاریان بۆ دەڕەخسێت، ماوەی چەندین ساڵیشە لەو كەرتە بەشێكی گرنگ زیاد بووە ئەویش گەشتیاری ئاینیە پێكدێت لە شوێنی وەكو مزگەوت و كڵێساو پەرستگای مێژوویی و مەزاری پیاوانی ئایینی كە بەهۆیانەوە سەدان هەزار گەشتیار بۆ سەردانیكردنی ئەو شوێنانە گەشت بۆ ئەو وڵاتانە دەكەن، لە هەرێم بەسەدان شوێنی ئایینی هەیە تائێستا گرنگیەكی تەواوی پێنەدراوە و دەكرێت وەكو بەدەستهێنانی داهات لە هەرێمەكە سوودیان لێ ببینرێت.
شەیما موحسین هاووڵاتیەكی شاری هەولێرە وتی: ئەوەی من بینیومە تەنیا لە پارێزگای هەولێر چەندین مەزارو گۆڕی پیاوچاكانی ئایینی موسڵمان و كریستیان و ئاینی تر هەن كە دەكرا وەزارەتی ئەوقاف و دەستەی گەشتوگوزار گرنگیان پێبدایە و لە دەرەوەی هەرێم ریكلامیان بۆ كرابایە ئێستا گەشتیارێكی زۆری عیراق و وڵاتانی جیهان سەردانی هەولێریان دەكرد و بەهۆیەوە داهاتێكی زۆر بۆ هەرێمەكەمان بەدەستدەهات، چونكە ئێمە لە هەولێر مەزاری كەسایەتیەكی وەكو سوڵتان موزەفەر و مەزاری عوزێر پێغەمبەر و چەندین مەزاری ترمان هەیە كە خەڵكی وڵاتانی تر هەن بەلایانەوە گرنگە، پێویستە حكومەت لەسەر ئاستی هەموو هەرێم كاری پێویست و بەپەلە بۆ نۆژەنكردنەوە و جوانكردنی ئەو شوێنە ئاینیانە بكات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا كوردستان داهاتی گەشتیاری بەرەو پێش ببات بەتایبەتی كە هەرێم وەكو هەموو ناوچەكانی تری عیراق بەلانكەی شارستانیەت و ئایینەكان ناسراوە.
پلانی هەشت ساڵەی دەستەكەمان داناوە
لەوبارەیەوە ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ئێمە لەچوارچێوەی پلانی هەشت ساڵەی دەستەكەمان پلانمان داناوە لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی هەرێم تایبەت بە گەشتوگوزاری ئاینی بنەماكانی گەشتوگوزاری ئاینی بەشێوازێكی زۆر فراوان هەمانە لە هەموو ئایین و ئایینزاو مەزهەبە جیاوازەكان كە سەرمایەیەكی نیشتمانی گرنگن دەتوانرێت سوودی لێببینین لە راكێشانی گەشتیاری سەر بە ئاینە جیاوازەكان بەتایبەتی جگە لە ئاینی ئیسلام ژمارەیەكی زۆری شوێنی گرنگ و گۆڕی پێغەمبەران و پەرستگای ئایینە جیاوازەكان لە هەرێم هەن، بۆیە ئەمانە بوونەتە بنەمای پلانەكانی ئێمە بەنیازین خزمەتگوزاریەكانی وەكو رێستۆرانت و هۆتێل و هۆڵی گفتوگۆی ئاینەكان و مۆزەخانەی تایبەت بەئاینە جیاوازەكان ببێتە بەشێك لە پلانەكەمان كە لێك تێگەیشتنێك ئامادەكراوەو بەم زوانە ئیمزا دەكرێت.
وتیشی: ئێستا دەستمان كردووە بەنۆژەنكردنەوەی بەشێك لە پەرستگە و شوێنە ئاینیەكان لە رێگای كونسوڵخانەكان و بەڕێوبەرایەتی گشتی شوێنەواری هەرێم و وەزارەتی ئەوقاف هەروەك بۆ بەشەكانی تری پلانەكەمان لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی ئەوقاف لە گفتوگۆداین تا بتوانین ئەو چالاكیانەش بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئەمەل جەلال ئەوەشی روونكردەوە ئێستا خەڵكی گەشتیاری بیانی دێنە شوێنە ئایینیەكانی هەرێم، بەڵام رێژەكە زۆر نییە وەک ئەوەی ئێمە چاوەڕێی دەكەین، بۆیە هەوڵەكانمان بۆ ئەوەیە بەشێوەیەكی رێكخراوتر ژمارەیەك لە گروپی گەشتیاری بهێنینە هەرێم هەروەك پەیوەندی بەدامەزراوە ئاینیەكانی وڵاتانی تر بكەین تا بتوانین شوێنەوارە ئاینیەكانی ئێمە ببن بە بەشێك لە شوێنە گەشتیاریەكانی ئەوان، ئێستا گەشتیاری دەرەوە بۆ هەموو شوێنە ئاینیە جۆراوجۆرەكان دێنە هەرێم بۆ نموونە شوێنە ئاینیەكانی ئێزدی بە بەردەوامی شوێنكەوتوانی دێنە پەرستگای لالش كە تاكە پەرستگەی گەورەی ئەو ئاینەیە لەسەر ئاستی هەموو جیهان، جگە لەوە گۆڕی پێغەمبەران بەتایبەتی گۆڕی پێغەمبەر (ناحوم) و كڵێساكان و چالاكیە شوێنەوارییە ئاینیەكانیش بەشێكی زۆری لەو گەشتیارە بیانیانە دەیانەوێت ئەو شوێنانە بەسەربكەنەوە كە مێژوو و شارستانیەتە جیاوازەكان لەخۆدەگرێت.
نەبوونی سیستمی بانكی و داتا بەیس
سەرۆكی دەستەی گەشتوزاری هەرێم ئەوەشی ئاشكراكرد بەهۆی نەبوونی سیستمی بانكی و داتا بەیسەوە داهاتی گەشتوگوزاری ئاینی لە هەرێم دیار نییە بە وردی چەندە كە پێمان بڵێ گەشتیاری ئاینی و گەشتیاری كات بەسەربردن چەندە، بۆیە ئەوەی ئێمە جەختی لەسەر دەكەین ئەوەیە چۆن وڵاتی سعودیە لە چوارچێوەی پڕۆسەی حەج و عەمرە داهاتی خۆی دەزانێت چەندە یان هەردوو شارەكانی كەربەلاو نەجەف لە رێگای مەراسیمی خۆیان یان كڵێساكانی ئەوروپا و ئەمریكا كە ساڵانە بە ملیۆنەها دۆلار داهاتیان هەیە بۆ ئەو وڵاتانە، بۆیە تائێستا لە هەرێم ئەو سیستمە نییە كە جیاكردنەوەیەك لەسەر جۆری چالاكیە گەشتیاریەكان بکرێت.
لەبارەی هەمان پرس، ئەمیر عوسمان بەڕێوبەری پێكەوە ژیانی ئایینەكان لەوەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ئێستا خەریكە كار بۆ بوژانەوەی گەشتیاری ئاینی لە هەرێمی كوردستان بكرێت و ئێمە لەناو پڕۆسەكەداین كە لەنێوان وەزارەتەكەمان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لەنێوانماندا هەیە بۆ ئەوەی لەمەوداو گرنگی بەشوێنەوارە ئاینیەكان بدەین هەندێكیان لەلایەن ئێمەوە نۆژەنكراوەتەوە وەكو مەزاری سوڵتان مزەفەردەین كەوكەبەری لە هەولێر و شوێنە پێرۆزەكانی ئێزیدیەكان لە ناوچەی شێخان و پەرستگەی لالش، هەروەها شوێنەواری (رەبەن بۆیا) یا موسڵمانەكان پێی دەڵێن (وسو رەحمان) كە هی پەیڕەوانی ئاینی موسڵمان و كریستیانەكانە بە هاوبەشی لەناوچەی شەقڵاوەیە لە رابردوو ئەویش نۆژەنكرایەوە.
پڕۆسەی گەشتیاری ئاینی بەسیستەم بكەین
وتیشی: ئێمە دەمانەوێت پڕۆسەی گەشتیاری ئاینی بەسیستەم بكەین كە بەشێوەیەكی دامەزراوەیی كارەكە بکەین كە لەناو یاداشتی لێكتێگەیشتنەكە دەمانەوێت چەندین گروپ دابنێین بۆ ئەوەی بەهەموو لایەنەكانی پەیوەندار پڕۆسەكە بەڕێوەببەین بۆ نموونە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەواری هەرێم و دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و وەزارەتی ئەوقاف بەیەكەوە گرنگی پێدەدەین ئێستاش لەناو وەزارەتەكەمان بەشێك كراوەتەوە بەناوی بەشی گەشتوگوزاری ئاینی و شوێنەوار كە مەبەستمان ئەوەیە چۆن بتوانین داهاتێك بۆ هەرێمی كوردستان بەگەشتوگوزاری ئاینی بەدەستبێنین، بەڵام هێشتا داهاتی ئەو جۆرە گەشتیاریە لە هەرێم دروست نەبووەو لە قۆناغی سەرەتاییداین كە لەعیراقدا پێكهاتەی شیعە سودێكی زۆری لەو بوارە وەرگرتووە، بەڵام ئێمەی كوردو عەرەبە سوننەكان تائێستا نەمانتوانیوە سوود لەو جۆرە گەشتیارییە ببینین.
باسی لەوەشكرد خەڵكێكی زۆر لە باشوورو ناوەڕاستی عیراق بۆ گەشتوگوزار سەردانی هەرێم دەكەن و ئارەزووی گەشتكردن بۆ شوێنەواری كۆنی ئاینیەكانیش دەكەن هەروەك گەشتیاری بیانیش دێنە هەرێم بۆ نموونە گروپێكی گەشتیاری خەڵكی روسیا و ئۆكررانیا بوون هاتبوونە هەرێم و سەردانی مزگەوتی (جەلیل خەیات) و مەزاری (سوڵتان موزەفەر) و پەرستگای (لالش) ی ئێزیدیەكان و تەكیەو خانەقای (كاك ئەحمەدی شێخ) لە سلێمانی كرد .
ئەمیر عوسمان ئاشكراشی كرد كە ئەوان بە سێ قۆناغ دەتوانین پەرە بەو پرسە بدەن و وتی: قۆناغی یەكەم دەبێت ئەو شوێنەوارانە لە مەترسی رزگار بكەین و مەسحێكی تەواومان بۆیان كردووە، قۆناغی دووەم دەبێت نۆژەنیان بكەینەوە ، قۆناغی سێیەمیش دەبێت كاری بە بازاڕكردنیان بۆ بکەین.
سەبارەت بەو شوێنەی دەوترێت مەزاری (عوزەیر) پەیامبەری خودای لێیە لەناو سەنتەری شاری هەولێر، ئەمیر عوسمان وتی: تائێستا یەكلایی نەكراوەتەوە، راستە دەوترێت مەزاری ئەو پەیامبەرەیە یا هی ئەو نییە دەبێت توێژینەوەی لەسەر بكرێت.
مەزاری ئیمام تەعجیل لە گەڕەکی تەعجیل لە شاری هەولێر
سەبارەت بەو گۆڕە دوو وتە هەیە
هەولێر چەندین مەزاری دێرینی كەسایەتیە ئایینەكانی تێدایە كە تەمەنی هەندێكیان بۆ سەدان ساڵ و هەندێكی تریان بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە یەكێك لەوانە دەوترێت مەزاری عوزێری پەیامبەری خودایە كە دەكەوێتە سەنتەری شارەكە، نەهلە نەداف ئێستا خزمەتكاری مەزارگەی ئەو پەیامبەرەیە وتی: بنەماڵەكەمان ماوەی سەد ساڵە خزمەتكاری ئەو مەزارگەیەن، سەبارەت بەو گۆڕە دوو وتە هەیە كە یەكێكیان دەڵێن ئەو گۆڕە هی عوزێر پێغەمبەرە بەپێی وتەیەكی تریش كە لە دایكمەوە بیستوومە دەڵێن تەنیا خۆی لێرە ژیاوە و دواتر پاش مردنی لاشەكەیان بردووە لە وڵاتی سوریا شاردویانەتەوە.
وتیشی: لەكۆندا یەكەمجار ئەو شوێنە تەنیا گۆڕێك و بەردێك بووە كە دەڵێن عوزێری پەیامبەر لەگەڵ خۆی هێناویەتی دواتر چەندین ساڵ لەمەوبەر خەڵكی خێرخواز لەكاتی بوونی پەیڕەوانی جووەكان لە هەولێر بیناكەیان دروستكردووە، پاشان چەند ساڵێك لەمەوبەر لەوكاتی عوسمان موفتی بەڕێوبەری گشتی ئەوقاف بوو نۆژەنكرایەوە ئێستاش خەڵكی بۆ مەولود لە رۆژانی چوارشەممە دێنە سەر گۆڕەكە هەندێكیان خواردن دەهێنن یا بەمەبەستی منداڵبوون یا چارەسەری نەخۆشی یا
مرازگرتن دێن. وتیشی خزمەتكارە وتی: خۆم خەرجی زۆر شتی ئەو مەزارە دەكەم كە پێشتر خەڵكی خێرخواز پارەیان دەخستە ناو دەخیلەكەی مەزارەكە یا شتیان بۆمان دەكڕی، نوێنەری حكومەتیش سێ مانگ جارێك دێت پارەكەی ناو دەخیلەكە دەبات.