لە راپۆرتێكدا، رۆژنامەی ئیسرائیل هایۆم بڵاویكردەوە، ئیسرائیل داوای دڵنیایی لە ئەمریكا دەكات سەبارەت بە كاریگەرییەكانی توركیا لە سوریا. لە راپۆرتەكەدا بانگەشەی ئەوە دەكات توركیا بەنیازە سێ بنكەی سەربازی لە سوریا دابمەزرێنێت.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەداوە: ئیسرائیل داوای دڵنیایی لە ئەمریكا كردووە سەبارەت بەوەی كە توركیا سیاسەتی دژی ئیسرائیل لە سوریا نەگرێتەبەر، ئەمەش دوای ئەوە هات كە ئەردۆغان لە پەیامێكدا وتی: ئەوانەی هەوڵی سوودوەرگرتن لە ناسەقامگیریی سوریا دەدەن بە وروژاندنی پەیوەندییە نەتەوەیی و ئایینییەكان، پێویستە بزانن كە ناتوانن بە ئامانجەكانیان بگەن.
هەروەها بەگوێرەی راپۆرتی وای نێت، ناتانیاهۆ لەم دواییانەدا، سكرتێری سەربازیی خۆی، مەیجر جەنەڕاڵ رۆمان گۆفمان، بۆ زنجیرەیەك كۆبوونەوەی ئەمنی و دیپلۆماسی بە ئامانجی پتەوكردنی هاوكارییەكان و پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی ئیسرائیل، رەوانەی مۆسكۆ كردووە، بەتایبەت بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی روسیا لە سوریادا دژ بە سیاسەتی توركیا .