هاوسەرۆكانی دەم پارتی، تولای حاتەم ئۆغولاری و تونجەر باكرهان، كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانییان لە پەرلەمانی توركیا سازكرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانیان دایەوە، هەردووكیان تەئكیدیان لەوەكردەوە: پێویستە بارودۆخی فیزیكی و هاتوچۆی ئۆجەلان باشتر بكرێت و رێگەی پێبدرێت قسە لەگەڵ ئەو گروپانە بكات كە خۆی دەیەوێت، هەروەها ئاماژەیان بە رێكخستنی یاسایی بۆ دامەزراندنی سكرتاریەتێك بۆ ئۆجەلان كرد، لەگەڵ بەشداریكردنی ڤیدیۆیی لەو كۆنگرەیەی كە بڕیارە پەكەكە بیبەستێت.
هاوسەرۆكانی دەم پارتی داوای وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەودیو سنوور و هەنگاونانی حكومەتیان كرد بۆ بەدەمەوەچوونی پرۆسەكە. تەئكیدیان كردۆتەوە: داواكاریی چەكدانان تەنها پەكەكە و یەپەگە ناگرێتەوە و ئەوان لە دەرەوەی كاروباری توركیان. حاتەم ئۆغولاری هاوسەرۆكی دەم پارتی ئاماژەی بەوەدا: خودی ئۆجەلان وتی: تەنها من دەتوانم پەكەكە هەڵبووەشێنمەوە. بۆ ئەمەش پێویستە هەلومەرجی كاركردن ئازاد بكرێت. هەروەها پێویستە كارەكە لەسەر بنەمای یاسایی بێت. پێویستە لە چوارچێوەی هاووڵاتیبوونی یەكساندا بچینەناو پرۆسەی دیموكراتیزەكردنەوە، باكرهانیش تەئكیدی كردەوە كە پێویستە یاسای تیرۆر بگۆڕدرێت و سكرتاریەتێك بۆ ئۆجەلان دابنرێت تا كاروبارەكانی رایی بكات.