گرژیی دیپلۆماسی لە نێوان ئەنقەرە و تاران..

01:08 - 2025-03-05
جیهان
119 جار خوێندراوەتەوە

فیدان: كە خۆت لە ماڵێكی شوشەییدا بیت، نابێت بەرد بهاوێژیت
ویلایەتی: پێویستە بەرپرسانی توركیا پابەندی ئەتەكێتی كاری دیپلۆماسی بن 

  لە پێشهاتێكی چاوەڕوانكراودا، گرژییەكی دیپلۆماسی لە نێوان توركیا و كۆماری ئیسلامیی ئێراندا هاتەكایەوە، دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی توركیا، كۆمەڵێك رەخنەی توندی لە تاران گرت.
   دوێنێ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەسەر رەخنەی توند و ئاشکرای ئێران لە لێدوانەکانی هاكان فیدان، بانگهێشتی راوێژکاری کاروباری ئێرانی کرد و پێیڕاگەیاند: نابێت بابەتی سیاسەتی دەرەوە وەک ئامرازێکی سیاسەتی ناوخۆ بەكاربهێنرێت. ئەم هەنگاوەی تورکیا رۆژێک دوای بانگهێشتکردنی باڵیۆزی تورکیا دێت لە تاران لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە، ئەوەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە لێدوانەکانی فیدان -ی وەزیری دەرەوەی تورکیا كە هەفتەی رابردوو لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندبوو: سیاسەتی دەرەوەی ئێران كە پشت بە بریكارەكانی خۆی و باڵ و گروپە چەكدارەكان دەبەستێت، سیاسەتێكی مەترسیدارە و دەبێت بیگۆڕێت و خۆیشی بپارێزێت لە پاڵپشتیكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە سوریا لە دژی توركیا و كاری وانەكات، هەروەها وتی: خۆت لە ماڵێكی شوشەییدا بیت، نابێ بەرد بهاوێژیت!
 لەبەرامبەردا، ئێران ئەم لێدوانانەی فیدان-ی وەک هەڕەشەیەک بۆ وروژاندنی پشێوی و نائارامی لە ناوخۆی وڵاتەكەیدا لە قەڵەمدا، لەم بارەیەوە، فاتمە موهاجرانی وتەبێژی حکومەتی ئێران لێدوانەکانی بە «نا بنیاتنەر» وەسف کرد و هیوای خواست کە دووبارە نەکرێنەوە. هەر دوێنێ عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی وتی: پێویستە بەرپرسانی تورکیا پابەندی ئەتەکێتی كاری دیپلۆماسی بن.
الشرق اڵاوسط

بابەتە پەیوەندیدارەکان