دوابەدوای بانگەوازەكەی ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە، تولای هاتیمۆغولاری هاوسەرۆكی دەم پارتی وتی: ئەم بانگەوازە زۆر روونە و بێ دوودڵی لە هیچ شوێنێكی دەقەكەدا باسی یەپەگە نەكراوە.
لەبەرامبەردا سری سورەیا ئۆندەر ئەندامی وەفدی ئیمراڵی، كە لەگەڵ ئۆجەلاندا وتووێژی كردووە، لە بەیاننامەكەیدا لەسەر ئەو بابەتە رایگەیاندووە: بانگەوازەكە یەپەگەش دەگرێتەوە و دەڵێت «لە بنەڕەتدا هەمووان دەگرێتەوە».
د.یاسین ئاتیلیئۆغڵو پسپۆڕی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سەبارەت بەو مەسەلەیە رایگەیاندووە: پەیەدە - یەپەگە لە سوریا، بە پشتیوانیی ئەمریكا، هەم هێزێكی چەكداری گەورەی بۆ خۆی دروستكرد و هەم ئیدارەیەكی سەربەخۆی ناوچەیی دامەزراند، لەم چوارچێوەیەدا دەتوانین بڵێین ئەو بانگەوازەی ئۆجەلان لەبری ئەوەی بەشداری لە ئاشتی ناوچەكەدا بكات، رێگەی خۆشكرد بۆ ئەوەی پەكەكە بگۆڕێت بۆ پەیەدە - یەپەگە، هێشتا ڕوون نییە كە ئایا پەیەدە - یەپەگە بەشداری لە بنیاتنانی دەوڵەتی نوێ لە سوریا دەكات یان نا؟ بژاردەكان لە ئۆتۆنۆمییەوە دەست پێدەكات تا سەربەخۆیی تەواو، بێگومان ئەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەبێت نەك ئۆجەلان كە بڕیار دەدات ئایا پەیەدە - یەپەگە چەك دادەنێت و كام لە بژاردەكانی ئۆتۆنۆمی یان سەربەخۆیی لەبەرچاو دەگرێت.