دۆخی ژنان لە هەڵەبجە

״ژنان لەم دەڤەرەدا مێژوویەكی جوانیان تۆمار كردووە״

11:03 - 2025-03-09
دیدار
123 جار خوێندراوەتەوە

پ.د.مهاباد كامیل بۆ  کوردستانی نوێ :  وەك سەرۆك مام جەلال دەیوت ئێوە هەوڵبدەن و ئێمەش پشتیوانتانین 

پ.د. مهاباد كامیل عەبدوڵڵا سەرۆكی پێشووی زانكۆی هەڵەبجە، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، بیروبۆچوونی خۆی سەبارەت بە ژنان لە هەڵەبجە خستەڕوو، وتی: ژنان لەم دەڤەرەدا مێژوویەكی جوانیان تۆمار كردووە، كەلتور و فەرهەنگی رۆشنبیریی ناوچەكە بەجۆرێكە كە دەرفەتی یەكسان بە ژن و پیاو دراوە و ژنان لەخێزاندا پێگەی تایبەتیان هەبووە و هیچ بڕیارێكی چارەنووسساز بە بێ ژنان نادرێت. هەمیشە ژنان لەناو ماڵ و دەرەوەی ماڵدا لە باخەكان و تەنانەت ئەگەر پیاوەكان بۆ بازرگانیی گەرمیان و كوێستانیان كردبێت، هاوسەرەكانیان لەگەڵ خۆیان بردووە و ژنانیش خاوەن داهاتی خۆیان بوون و خاوەن دارایی سەربەخۆ بوون ئەمەش تاڕادەیەك دەروونێكی ئارامی بە خێزانەكان بەخشیوە.

 خوێندەواریی پێویستییەکی حەتمییە
سەرەڕای ئەمانەش ناوچەی هەورامان ناوچەیەكی سەخت و شاخاویی بووە، خەڵكی دەڤەرەكە لەگەڵ سروشت جەنگاون و هەمیشە پشتیان بەخۆیان بەستووە، هەرزوو دركیان بەوە كردووە كە خوێندەواریی پێویستییەکی حەتمییە و كچان و كوڕان وەك یەك نێردراونەتە بەرخوێندن و ئیدی خاوەن بڕوانامە بەرزەكان لەم ناوچەیەدا لەچاو بچووكیی سنوورە جوگرافییەكەیاندا زۆر زیاتر بووە. تەنانەت شاعیر و مەلا خوێندەوارەكانی تریش لە تەكیە و خانەقاكانی ئەو دەڤەرەدا پێگەیشتوون، هەر لەسەردەمی ژیلا و مەرێوە بۆ سانەكان و بۆ عادیلەخانم و بۆ ئێستاش هەڵەبجە بەو شارە دەناسرێتەوە كە ژنان بەڕێوەی دەبەن. پێویستە ئەم ناسنامەیەی لێ نەسندرێتەوە، هەمووان پشتگیرییان بن بە تایبەتی حزبەكان، هەرچەندە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرمەشقی ئەو پشتگیرییەیە، بەڵام دەبێت سەرجەم رێكخراوەكان ئەمە بكەنە ئەركی لەپێشینەیان، ژنانی خاوەن توانا و بە ئەزموون پێبگەیەنرێن و دەستبەرداری ئەو ژنانەش نەبن كە خاوەن ئەزموون و كەسایەتیی كۆمەڵایەتی و ئیدارین، چونكە ئەو ژنانە وزەی ئیداریی و كۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسیشیان تێدایە.
نموونەی ژنە سەركەوتووەكان
د. مهاباد دەڵێت: پێویستە نموونەی ژنە سەركەوتووەكان زیاتر بكرێن و هەمیشە ئەزموونی ئەوان بە گوێی نەوەكانی تردا بدرێت و خولی بەردەوام و تێڕوانینە چەق بەستووەكان لە مێشكیان دەربهێنرێت، وەك سەرۆك مام جەلال دەیوت ئێوە هەوڵبدەن و ئێمەش پشتیوانتانین، واتە دەبێت ژنان خۆیان نیەتی لێبێنن و هەوڵی بۆ بدەن بۆئەوەی رێكخراو و دەسەڵاتی سیاسیی و حكومییش پشتیوانیان بن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان