ئا: یانی سابیر
نانسی پیلۆسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئەمریکا رایگه‌یاندووه: له‌گه‌ڵ وه‌فدێك له كۆنگرێسی وڵاته‌كه‌ی، بۆ هه‌ردوو ناوچه‌ی زه‌ریای هیندی و هێمن گه‌شت ده‌كات، به مه‌به‌ستی گفتوگۆ له‌سه‌ر تۆكمه‌كردنی په‌یوه‌ندی و به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌كان و ته‌ئكیدكردنه‌وه‌ی پابه‌ندبوونی واشنتۆن به‌رامبه‌ر هاوپه‌یمانه‌كانی له ناوچه‌كه‌دا.
پیلۆسی هه‌ر چه‌نده پێشتر به‌نیاز بوو سه‌ردانی تایوان-یش بكات، به‌ڵام له تویتێكدا ئاشكرایكردووه: سه‌ردانی هه‌ریه‌ك له سه‌نگاپوره، مالیزیا، كۆریای باشوور و ژاپۆن ده‌كات، به‌ڵام ئاماژه‌ی به سه‌ردانیكردنی ئه‌و وڵاته نه‌داوه.
شاره‌زایانی سیاسی ده‌ڵێن: ده‌رهێنانی ناوی تایوان له لیستی ئه‌و وڵاتانه‌دا كه سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت سه‌ردانیان بكات، په‌یوه‌ندی به نیگه‌رانییه‌كانی حكومه‌تی په‌كین-ه‌وه هه‌یه، چونكه چه‌ند جارێك به ئاشكرا ناڕه‌زایی ده‌ربڕیوه له سه‌ردانیكردنی هه‌ر به‌رپرسێكی ئه‌مریكا بۆ تایوان و جه‌ختیشیكردۆته‌وه، كه ئه‌گه‌ر نانسی پیلۆسی سه‌ردانی تایوان بكات، ئه‌وا رێوشوێنی توند ده‌گرێته‌به‌ر.
له‌میانی مانۆڕێكی سه‌ربازیی هێزه ئاسمانییه‌كانی چیندا، وته‌بێژێكیش به ناوی ئه‌و هێزانه‌وه رایگه‌یاندووه: په‌كین به هه‌موو شێوه‌یه‌ك پارێزگاری له سه‌روه‌ریی نیشتمانی و یه‌كپارچه‌یی خاكی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات. ته‌ئكیدیشیكردۆته‌وه، كه تایوان به‌شێكی دانه‌بڕاوه له خاكی چین.
جێی ئاماژه‌یه، حكومه‌تی په‌كین دژی هه‌ر ده‌ستپێشخه‌ری و پێشنیازێكه، كه شه‌رعیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی به ده‌سه‌ڵاتدارانی تایوان بدات و هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌و وڵاته‌ش له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌دا ره‌تده‌كاته‌وه، چونكه وه‌ك هه‌رێمێكی سه‌ر به خاكی چین مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات و به پارچه‌یه‌ك له خاكی خۆی ده‌زانێت. له به‌رامبه‌ریشدا ده‌سه‌ڵاتدارانی تایپێ ئه‌و جۆره مامه‌ڵه‌یه‌ی په‌كین ره‌تده‌كه‌نه‌وه و وه‌ك وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ خۆیان ناساندووه و چاوه‌ڕێی هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن، تا دان به سه‌ربه‌خۆییاندا بنرێت، به تایبه‌تی ئه‌مریكا و وڵاتانی سه‌ر به ناتۆ.
سه‌رچاوه: ئاژانسه‌كان