سەعدی گچکە، هەڵۆکەی داستانی دەشتێو

11:57 - 2025-03-09
کوردستان
119 جار خوێندراوەتەوە

قادر عەزیز

مانگى ئادار، مانگێكى جیاكه‌ره‌وه‌ و شوێنێكى دیارى له‌ مێژووى گه‌له‌كه‌مان و خه‌بات و قوربانییه‌كانیدا هه‌یه‌، له‌م مانگه‌دا جگه‌ له‌ نه‌ورۆز و (8)ى مارس و یادى راپه‌رین، ده‌یان بۆنه‌ى خۆش و ناخۆشى تر هه‌یه‌ كه‌ هه‌رگیز له‌بیر گه‌له‌كه‌مان ناچێته‌وه‌، یه‌كێک له‌م بۆ نانه‌ كه‌ پتر له‌ (4) ده‌یه‌یه‌ به‌شكۆ و داخ و كه‌سه‌رێكى زۆره‌وه‌ هه‌میشه‌ یادى ده‌كه‌ینه‌وه‌.
داستانه‌كه‌ى ((ده‌شتێو)) و شه‌هیدبوونى سه‌ركرده‌ى ئازا و دیارى گه‌له‌كه‌مان سەعدى عەزیز ناسراو به‌ سعدى گچكه‌ و (12) له‌ هه‌ڤاڵه‌كانیه‌تى، شه‌ڕ و داستانى ده‌شتێو ده‌كه‌وێته‌ رۆژى (8)ى مارس و ئه‌مساڵیش (8/3/2025)، (47) ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و یاده‌دا تێده‌په‌ڕێت. 
(47) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ كاتێكدا شه‌هید سەعدى گچكه‌ هێزێكى پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌ردوو هه‌رێمى ده‌شتى هه‌ولێر و خۆشناوه‌تى به‌ره‌و سه‌ركردایه‌تى (نۆكان) به‌ڕێوه‌بوون له‌گه‌ڵ نه‌شاره‌زاییان له‌ ناوچه‌كه‌ و نابه‌رابه‌ریه‌كى زۆر له‌گه‌ڵ هێزى دوژمن ده‌كه‌ونه‌ شه‌ڕێكى ده‌سته‌ویه‌خه‌ له‌گه‌ڵ هێزێكى زۆرى دووژمن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێزه‌كه‌ى پێشمه‌رگه‌ به‌هۆى ئازایه‌تی و لێهاتویی و شاره‌زاییان له‌ شه‌ڕدا له‌ ماوه‌ى (12) كاتژمێر شه‌ڕى به‌ره‌یی و ده‌سته‌ویه‌خه‌دا ده‌توانن زه‌ره‌ر و زیانێكى یه‌جگار گه‌وره‌ به‌ هێزه‌كانى دوژمن بگه‌یه‌نن، بۆیه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ بە یەكێك لە داستانە هەرە گەورەكانی‌ شۆڕشی‌ نوێی‌ گەلەكەمان ئەژمار دەكرێت.
ئەو شەڕە كاتێك روویدا كە كاك سەعدی‌ بە یاوەریی‌ سەید كاكە، فەرماندەی‌ هەرێمی‌ خۆشناوەتی‌‌ و ژمارەیەك لە كادیر‌و پێشمەرگەكانی‌ هەردوو‌ هەرێمی‌ دەشتی‌ هەولێر‌ و خۆشناوەتی‌ كە ژمارەیان 42 كەس بوو، بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی‌ سەركردایەتیی‌ یەكێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان ‌و كۆبوونەوەی‌ فراوانی‌ بزووتنەوەی‌ سۆسیالیستی‌ كوردستان بەرەو نێوزەنگ ‌و نۆكان، بارەگای‌ سەركردایەتیی‌ شۆڕش بەڕێوەبوو.
پێشمەرگەكانی شەڕی‌ (دەشتێو) بەهۆی‌ پلانی‌ پێشوەختی‌ سوپای‌ رژێم‌ و نەشارەزایی‌ ناوچەكە لە هەر چوارلاوە گەمارۆدرابوون، شەڕەكەش لەلایەن خودی (ئیسماعیل تایە النعێمی‌) فەرماندەی‌ فیرقەی ‌1ی‌ ئەو كاتەی سوپای‌ عیراق سەرپەرشتی‌ دەكرا، لەو شەڕەدا كە لە بەرەبەیانی‌ ئەو رۆژە تا درەنگانی‌ ئێوارەی‌ خایاند بە قسەی‌ (ئیسماعیل تایە النعێمی‌) كە سەرپەرشتیاری‌ شەڕەكەی‌ دەكرد زیانی‌ دوژمن بریتی بوو لە كوژرانی‌ 160 سەرباز ‌و ئەفسەر‌ و برینداربوونی‌ 250ی‌ تر‌و پێكانی‌ 8 تەیارەی‌ هەلیكۆپتەر‌و كەوتنە خوارەوەی‌ دوانیان لە مەیدانی‌ شەڕەكەدا، بەداخەوە ئەو سەركەوتنە گەورەیە بە شەهیدبوونی‌ كاك سەعدی‌ خۆی‌‌ و 16 كادیر ‌و پێشمەرگەی‌ قارەمان نووسرایەوە كە 12یان لە مەیدانی‌ شەڕەكە شەهید بوون‌و 4 یشیان دوای‌ برینداری ‌‌و بەدیلگیران، دواتر لە سێدارەدران.
گرنگی‌ شەڕی‌ (دەشتێو) لەوەدابوو كە (ئیسماعیل تایە النعێمی‌) دوای‌ شەڕەكە نامیلكەیەكی‌ بە ناوی‌ (بساط ناجح فی‌ منظقە قلعدزە)، (تجربتی‌ مع القیاده) نووسیوە‌ و لە ریزەكانی‌ سوپادا بڵاویكردۆتەوە، لە نامیلكەكەدا هۆشداری دەداتە سوپا كە پێشمەرگە شەڕی‌ لەگەڵ سوپا قۆناغی‌ پارتیزانی‌ تێپەڕاندووە‌ و چۆتە قۆناغی‌ شەڕی‌ گەڕۆك (الحرب المتحركە) كە ئەمەش بۆ سوپا لەمەودوا رووبەڕووبونەوە لەگەڵ پێشمەرگە دژواردەكات.

ژیاننامەی شەهید سەعدی گچکە
شەهید سەعدی عەزیز، ناسراو بە سەعدی گچكە، ساڵی 1946 لە دێی (سێبیران) ی نزیك قوشتەپەی هەولێر لە بنەماڵەیەكی هەژارو نیشتیمان پەروەر چاوی بە دونیا هەڵهێناوە. 
ساڵی  1963ریزی سوپای عیراقی بەجێهێشتوەو پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلولەوە كردووە، سەرەتا لە ناوچەی‌ دەشتی كۆیە‌ و چەمی ڕێزان‌و پاشان لە ناوچەی‌ خۆشناوەتی‌و باڵەكایەتی درێژەی‌ بەكاری پێشمەرگایەتیداوە بەهۆی ئازایەتی‌و لێهاتوویی لە شەڕ و نەبەردیەكاندا هەرزوو پلەی‌ سەرپەل‌و پاشان سەرلق‌و دواجاریش فەرماندەی‌ بەتالیۆنی بەدەستهێناوە.
لە زۆربەی‌ شەڕەكانی دەشتی هەولێر، خۆشناوەتی، كۆیە، باڵەكایەتی بەشداریی دیار و كاریگەری هەبووە،‌ ساڵی 1974 یەكێك لە فەرماندە مەیدانییەكانی شەڕەكانی ماكۆك بووە، دوای 3 مانگ لەبەرگریكردنی بەردەوام بریندار بووە.
هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلول لە 1975 ورەی‌ بە كاك سەعدی بەرنەداوە‌، بەڵكو هەر زوو لەگەڵ بەشێك لە بەشداربوانی شۆڕشەكە خولیای دروستكردنەوەی‌ مقاوەمەت‌و سەرلەنوێ تێهەڵچونەوە بووە، بۆ ئەو مەبەستەش هەر لە مانگەكانی هەوەڵی دوای هەرەس، لە مهاباد ‌و ئورمیە لەگەڵ ژمارەیەك لە كادیر‌و سەركردە تێكۆشەرەكانی‌ شۆڕشی‌ ئەیلول لە مشوری دروستكردنی ڕێكخراوێكی تازەدا بووە‌و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو لایەكیان گەڕاونەتەوە عیراق‌و دواتر لە بەغدا ئەو رێكخراوەیان بە ناوی‌ (بزووتنەوەی‌ سۆسیالیستی كوردستان) دامەزراندوە.
دوای‌ دامەزراندنی‌ (بزووتنەوەی‌ سۆسیالیستی كوردستان) بە چەند مانگێك لەسەر راسپاردەی‌ مام جەلال ‌و بە هەماهەنگی‌ و هاوبەشی یەكێتی ‌و بزووتنەوە ‌و كۆمەڵە بەمەبەستی بەشداریكردن لە هەڵگیرسانەوەی‌ شۆڕشی نوێی گەلەكەمان لە ڕۆژی 8/8/1976 لەگەڵ تێكۆشەران (عەلی عەسكەری، عومەر دەبابە، دكتۆر خالید، ملازم تایەری علی والی، یاسین قادر، سەید كاكە، قادر عەزیز، جەعفەر ئەسوەد)‌و چەندین كادیر‌و پێشمەرگەی‌ تری بزووتنەوە گەیشتونەتە چیاكانی‌ كوردستان‌ و دەستیان بەدروستكردنی مەفرەزە سەرەتاییەكانی پارتیزانی كردووە، لە دوای چەند مانگێك لە هاتنە دەرەوەی‌ بووە بە فەرماندەی‌ هەرێمی دەشتی هەولێر و سەركردایەتی یەكەم مەفرەزەی‌ پارتیزانی بۆ ناوچەكانی خۆشناوەتی‌و دەشتی هەولێر كردووە‌و یەكەم چالاكی پێشمەرگانەشی لە 4/1/1977 لە جادەی‌ نێوان بەستۆرە و مەلا ئۆمەری هەولێر بووە كە بووە هۆی كوشتنی بەڕێوەبەری ئەمنی پیرمام (سابیر زێدان) ‌و پارێزەرەكانی‌و هەر لەو چالاكییەشدا بریندار بووە.
شەهید سەعدی یەكێك بووە لە سەركردە هەرە ئازاو شارەزاكانی شەڕی پارتیزانی‌و لە ماوەی‌ ساڵێك‌و حەوت مانگدا لە دەسپێكی هەڵگیرساندنی شۆڕشدا سەركردایەتی چەندین شەڕی قارەمانانەی‌ دژ بە رژێمی رەگەز پەرستی بەغدا كردووە، لەناویاندا شەڕەكانی (خانزاد، هەورێ، سەفین، دیدەوان، شیوەشان)، لە شەڕی (حسن موترب)ی (بناری‌ دێدەوان)یش جارێكی تر برینداربووە.
شەهید سەعدی لە رێگەی‌ چونی بۆ سەركردایەتی، بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆبونەوەكانی كۆمیتەی‌ سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبونەوەی‌ فراوانی‌ بزوتنەوەی‌ سۆسیالیستی‌ كوردستان لە رۆژی 8/3/1978 لە دیارترین‌و بەناوبانگترین شەڕی دەستەویەخە كە بەشەڕی (دەشتێو) ناسراوە لەناوچەی‌ قەڵادزێ لە تەك 12 كادیر‌و پێشمەرگەی‌ تردا شەهید بووە بە شەهیدبوونی زەرەرو زیانێكی گەورە لە شۆڕش كەوت.
خوالێخۆشبوو مام جەلال بەبۆنەی ئەو شەڕەوە بەیاننامەیەكی بە زمانی عەرەبی لەژێر ناونیشانی (معركە بطولیە من الشفق الی‌ الغسق) واتە شەڕێكی قارەمانانە لە كازیوەوە بۆ تاریكی بڵاوكردەوە كە لە دەرەوەی كوردستانیش دەنگدانەوەی زۆری هەبوو.
شەهید سەعدی لەدوای خۆی ژنێك‌و چوار منداڵی بەناوەكانی (هێرش، هێمن، ماكۆك، لەنجە) بەجێهێشتووە..
هەزاران سڵاو لەگیانی پاكی شەهیدی سەركردە سەعدی گچكەو هاوڕێكانی.
ناوی شەهیدەكانی شەڕی دەشتێو:
سەعدی عەزیز، ئەندامی سەركردایەتی بزووتنەوە‌و ئەندامی كۆمیتەی‌ سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان‌و فەرماندەی‌ هەرێمی دەشتی هەولێر.
فاروق سدیق، ئەندامی پێشكەوتووی‌ كۆمەڵە ‌و رابەر سیاسی هەرێم (هەولێر-گوندی‌ قوشاعلۆ)
فەرخ قادر- پێشمەرگە (هەولێر-قەراج)
فەریق هەمزە- پێشمەرگە (كەركوك-ساڵەیی)
شاهێن عیزەدین- پێشمەرگە (پردێ)
تاهیر محەمەد عەلی- پێشمەرگە (هەولێر-قەراج)
جەبار ئیسماعیل- پێشمەرگە (هەولێر)
عوسمان باوە- پێشمەرگە (هەولێر)
سامی عوبێد- پێشمەرگە (هەولێر)
سەباح جەمیل- پێشمەرگە (هەولێر)
ئەحمەد محەمەدئەمین- پێشمەرگە (هەولێر-چەمرگە)
ئەحمەد محەمەد- پێشمەرگە (هەولێر-پیرەرەر)
هەروەها لەو شەڕەدا 4 پێشمەرگە بە برینداری بەدیلگیران كە پاشان لە رۆژی‌ 21/6/1978 لە زیندانی موسڵ لە سێدارەدران، ئەوانیش (جەعفەر مام ئەسوەد كۆیی‌، جەواد كەریم گۆمەشینی‌، كەمال واحید گۆمەشینی‌، حسێن عەبدولڕەحمان گۆمەشینی). هەروەها عەزیز باپیر ناسراو بە سەید عەزیز گۆمەشینی‌ دوای‌ گیرانی‌ بە ماوەیەك بەهۆی‌ بچووكیی‌ تەمەنییەوە بە لێبوردنی‌ گشتی‌ ئازادكرا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان