لیڤا ماڵی باڤارییەكانی شێواندووە

11:05 - 2022-08-01
وەرزش
373 جار خوێندراوەتەوە

چونی رۆبێرت لیڤاندۆ ڤسكی لە یانەی بایرن مونشنی ئەڵمانییەوە بۆ یانەی بارسیلۆنا، نا سەقامگیرییەكی لە یانە باڤارییەكەدا دروستكردووە و ماڵی ئەو یانە ئەڵمانییەی شێواندووە.
ئەم یاریزانە پۆڵەندییە رۆیشتنەكەی لە بایرن مونشن چەند ئارەزووی یانەی بارسیلۆنا بووە، دوو هێندە ئارەزویی یاریزانەكە خۆی بووە، ئەم خۆی ئاڵای رۆیشتنی لەو یانە باڤارییە هەڵكرد، وەك مانگرتن مانی لەو یانەیە گرت و بە ئاشكرا ئەوەی ووت كە ئەوە بەئارەزوی خۆی دەچێتە بارسیلۆنا، هیچ گوشار و پاڵنەرێكی تری دەرەكی نییە لەسەری و ئەوەش دوا بڕیارێتی و لێیشی پەشیمان نابێتەوە. 
ئەم هەنگاوە وەڵامی سەخت و یەكلا كەرەوەی لیڤا بوو بۆ چەند بەرپرسێكی باڵای یانەكە كە دەیانویست رێگری لێبكەن، لێدوانەكانیشان وابوو كە بەهیچ شێوەیەك قایل نابن بەو رۆیشتنە و تەنانەت ووتیان بەناچاری دەبێت ئەم وەرزە لە یانەی بایرن بمێنێتەوە، بەڵام دواجار قسەكانی ئەوان بوون بە بڵقی سەر ئاو و ئارەزوی لیڤا هاتە دی و بووبە یاریزانی بارسیلۆنا.
لیڤای تەمەن 33 ساڵ بەرامبەر بڕی 50 ملیۆن یۆرۆ چووە بارسا، ئەم بڕە پارەیەش زۆرە بۆ یاریزانێك كە تەمەنی لە 34 ساڵ نزیك دەبێتەوە، بەڵام ناو و ناوبانگی لیڤاندۆڤسكی كەم نییە و رەنگە ئەم بۆندەش تائێستا بۆندی پلە یەك بێت لە ڕوی گرنگی و ناو و نابانگی یاریزانەكە و رۆیشتنی لەیانەیەكی وەك بایرنەوە بۆ بارسیلۆنا كە دوو لووتكەی دیاریی یانەكانی ئەوروپان.
دوا هەواڵ لەمباریەوە ئەوەیە لیڤا لەلێدوانێكیدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی ئیسپن هێرشی توندی كردە سەر هێندێك لە بەرپرسانی یانەی بایرن مونشن و سەبارەت بە شێوازی رۆیشتنەكەی لە یانەكەیان بە درۆزن ناوی بردن. 
لەو بارەیەوە دوا لێدوانی ئەوەبووە كە ئەم ئێستا لە یانەیەكە زۆر گونجاوە بۆی، كاتێكیش بایرنی جێهێشت ئەو بەرپرسانە بیانووی بێ بنەمایان بە هاندەران گەیاند بۆ رۆیشتنەكەی تا لەگوشاری هاندەران رزگاریان ببێت.
رۆیشتنەكەی لیڤا بۆ بارسیلۆنا ماڵی یانەی بایرنی شێواندووە، پێشتریش بەریەككەوتن و ناڕزایەتی لە نێوان یۆلیان ناگڵسمانی راهێنەری بایرن و ئۆلیڤەر كانی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەكەدا درووستبووبوو، كان خۆی یەكێك بووە لەو كاربەدەستانەی یانەی بایرن بەتوندی دژی رۆیشتنی لیڤا بووە.
ناگڵسمان هەر پاش تەواو بوونی پرۆسەی رۆیشتنی لیڤا بۆ یانەی بارسیلۆنا ووتی: من تێناگەم بارسیلۆنا لەو یانانەیە كە قەیرانی داریی هەیە، لەژێر باری قەرزێكی زۆردایە، كەچی ئەوەتا بەردەوام یاریزان دەكڕێت، لەمەشدا مەبەستی ئەوەبوو لیڤاندۆڤسكییان لە بایرن كڕیوە و بایرنیش باشترین بارو دۆخی داریی هەیە تەنیا دوو بۆندی دیاریی كردووە ئەویش لەگەڵ سادیۆ مانی و دی لیخت دایە.
بەڵام ئۆلیڤەر كان بۆ ئەو قسانەی ناگڵسمان وەڵامی خۆی هەبوو، لە كاتی كۆنگرەی رۆژنامەوانی ناساندنی دی لیختدا وەك وەڵامێك بۆ ئەو ووتی: راستە یانەی بارسیلۆنا قەرزی زۆری لەسەرە، بەڵام بۆ ئێمە نەهاتووە باسی ئەوە بكەین و حوكمێكی لەو شێوەیە بدەین.
هەروەها ووتی: ئەوان خۆیان زۆر باش دەزانن چەند پارەیان هەیە و چی لێدەكەن، بۆ ئێمە نییە باس لەو شتانە بكەین ئەوە كاری ناوخۆی یانەی بارسیلۆنا خۆیەتی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان