خێزانەكانی كەمپی هۆل نایانەوێت بگەڕێنەوە

01:18 - 2025-03-09
جیهان
29 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی (السوري) بڵاویكردەوە، سەرەڕای ئاسانكارییەكان، بەڵام خێزانە ئاوارەكانی كەمپی (هۆل)، گەڕانەوە بۆ ناوخۆی سوریا رەتدەكەنەوە بەهۆی نەبوونی ئەمن و ئاسایشەوە. ئەوەش دوای ئەوەی كە دەسەڵاتی ئیداریی خۆسەری لە 23ی ینایری 2025دا بڕیاریدا لەبارەی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئاوارە سورییەكان لە كەمپەكانی باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا بەتایبەت كەمپی (الهول)، بەڵام سەرەڕای ئاسانكارییەكان كە ئیدارەی زاتی پێشكەشی كردوون، هێشتا هەندێك لەو خێزانانە ترسیان هەیە لە گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانیان بەهۆی وێرانبوونەوە، ئەمە لەكاتێكدایە پێشتریش ئیدارەی خۆسەری لە ساڵی 2020دا بڕیاریدا بوو بە لێبووردن لە تەواوی ئەو ئاوارانەی كە کەمپەكەیان جێهێشتووە و دەگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان، ئەوەش لە چوارچێوەی ئاسانكاریی بۆ گەڕانەوەیان.

وەك رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ كردووە: سەرەڕای ئەو ئاسانكارییانە، بەڵام هەندێك لەو خێزانانە ئەوە رەتدەكەنەوە كە كەمپەكە بەجێبهێڵن، بەو پێیەی ماڵەكانیان وێران بووە، لەگەڵ نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان و نەبوونی ئاسایش و خراپی بارودۆخی ئەمنی.
لەو بارەیەوە، شێخموس ئەحمەد هاوسەرۆكی نووسینگەی كاروباری ئاوارە و پەنابەران لە دەستەی كاروباری كۆمەڵایەتی و كرێكاران لە ئیدارەی خۆسەریی باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ رۆژنامەی (السوري) رایگەیاندووە: دوای ئەو ئاسانكارییانەی بۆ ئەو خێزانانە كراوە كە دەیانەوێت كەمپەكە بەجێبهێڵن، ژمارەیەكی زۆریان كەمپەكانی (ئەلعریشە و ئەلمەحمودلی)یان بەجێهێشتووە و گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان