قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، مانگی رابردوو لیژنەکان شەش هەزار و 353 سەردانیان ئەنجامداوە و لە کۆی سەردانەکان بەهۆی سەرپێچییەوە 21 شوێن داخراون، کە بەراورد بە مانگی یەک ئامارەکە زیادی کردووە.
قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، مانگی رابردوو لیژنەکانی قائیمقامییەت شەش هەزار و 353 سەردانیان ئەنجامداوە، کە لە کۆی سەردانەکاندا 482 سەرپێچی تۆمارکراون و 166 شوێنیش ئاگادار کراونەتەوە. هاوکات، 21 شوێن داخراون و 3 شوێنیش دراون بە دادگا.
بەپێی ئامارەکەی قائیمقامییەت، ژمارەی سەردان و سەرپێچی و سزادانەکان بەراورد بە مانگی یەک زیادیان کردووە، لە مانگی یەکی ئەمساڵدا شەش هەزار و 276 سەردان ئەنجامدراون، کە تیایدا 376 سەرپێچی تۆمارکراون و 154 شوێن ئاگادار کراونەتەوە، هەروەها 16 شوێن داخراون.
لە ئامارەکەی قائیمقامییەتدا هاتووە، بڕی سزای مانگی یەک 53 ملیۆن و 250 هەزار دینار بووە و لە مانگی دوودا بۆ 56 ملیۆن و 100 هەزار دینار زیادیکردووە.
ئەوەش خراوەتە روو، لەماوەی مانگی دووی ئەمساڵدا 36 تۆن و 686 کیلۆگرام خواردن و شتومەک لەناوبراون.