دانانی منداڵی بلووری، ئێستا ئومێدێکی بەخشیووە بەو هاوسەرانەی کە بەهۆی نەزۆکییەوە بێبەش دەبن لە دایکایەتی و باوکایەتی، لەوبارەیەشەوە دكتۆر كانی محەمەد فەلاح پسپۆری كۆرپەلەزانی و دانانی منداڵی بلووری بە كوردستانی نوێی وت: منداڵی بلووری چارەسەری نەزۆكییە و رێگریی لە نەخۆشییە بۆماوەیی و كرۆمۆسۆمییەكان دەكات و رەگەز دیاریدەكات و باشترین تەمەن بۆ دانانی منداڵی بلووریش خوار تەمەنی 35 ساڵییە.
ئەو پزیشكە پسپۆڕە وتیشی: ئەو كەسانەی سوود لە چارەسەری منداڵی بلووری وەردەگرن، هەردوو بۆریی فالوبیان گیراوە، لەپیاواندا كێشەی نەزۆكییان هەبێت و لە ژناندا كێشە لە گەشەی هێلكە و دابەزینی هێلكەدا هەبێت، وەك حاڵەتی (Endometriosis) نەخۆشیی ناوپۆشی منداڵدانیان هەبێت و نەزۆكییەكی دیاركراویان هەبێت بۆ ماوەیەك كە هیچ هۆكارێكی ئاشكرا نەبێت كە بۆ رێگریی لە دووبارەبوونەوەی نەخۆشیی بۆماوەی بەكاردێت.
دكتۆر كانی جەختیشیكردەوە لەوەی منداڵی بلووری رێگری لە لەبارچوون دەكات و هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ منداڵی دیكەدا، ئەو كەسانەی هەوڵی منداڵی بلووری دەدەن زیاتر رەگەزی كوڕیان دەوێت.
لە وڵاتانی دەرەوەش بۆ ئەو كەسانەی تەمەنیان لە 40 ساڵ زیاترە، لە رێگەی بەكارهێنانی هێلكە و سپێرمی كەسێكی بەخشەرەوە دەبێت، كە لە كوردستان رێگەپیدراو نییە.