رۆژانی رابردوو، وەفدێكی وەرزشیی و ئیداریی باڵا لەشاری كەركوك، كارەكانی پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی یاریگای ئۆڵۆمپیی شاری كەركوكیان بەسەركردەوە و جەختیان لەوە كردەوە کە دەبێت پەلە بكرێت لە نۆژەنكردنەوەی یاریگاكە.
وەفدەكە پێكهاتبوو لە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی عیراق بۆ پڕۆژەكان لە شاری كەركوك و بەڕێوەبەری وەرزش و لاوانی كەركوك و سەرۆكی لقی كەركوك -ی لیژنەی ئۆڵۆمپی عیراق.
ئەندازیار محەمەد ئیبراهیم ئەلحافز، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، جەختی لە گرنگی نۆژەنكردنەوەی یاریگاكە كردەوە و رۆڵی وەزارەتی لاوان و وەرزشی عیراق و كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەكەشیان بەرز نرخاند بۆ تەواو كردنی پرۆژەكە و رایگەیاند كارئاسانی تەواویان بۆ دەكات تا پرۆژەكە زوو تەواو ببێت.
د.عامر ئەلجبوری راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ پڕۆژەكان لە شاری كەركوك، لەلای خۆیەوە رایگەیاند زیاتر 80 %ی كارەكانی نۆژەنكردنەوەكە تەواو بووە، كۆمپانیای جێبەجێكاریش دووپاتی كردەوە كە بەردەوامن لە كاركردن لە پرۆژەكەدا و سەرەڕای سەرجەم ئاستەنگەكان، هەوڵ دەدەن لەكاتی خۆیدا پرۆژەكە تەواو بكەن.
رزگار شوانی