یادەوەریی وەرزشی

11:21 - 2022-08-01
وەرزش
465 جار خوێندراوەتەوە

خەسرەو گورون
51

وەك لە چەند ژمارەی پێشووی ئەم باسەمدا ئاماژەم بۆكرد كە تیپی تۆپی پێی یانەی سلێمانی بەچەند یارییەكی دۆستانە و خۆ ئامادە كردن  وەرزی 1988-1989-مان دەستپێكرد، ئەمجارەش باسی یارییەكی تری دۆستانەی خۆمان دەكەم كە بەرامبەر تیپی یانەی سامەڕا بوو.
پێش ئەم یارییە دوو یاریی دۆستانەی ترمان كردبوو، ئەنجامی هەردوو یارییەكە وەك لە ژمارەكانی پێشوودا بە درێژی باسم كردوون بەمجۆرە بوون:
* یەکەم یاریمان لەگەڵ یانەی 1 ی حوزەیرانی کەرکوک بوو رۆژی 29/6/1988 لە یاریگای سلێمانی کرا و ئێمە (3-2) ئەم یارییە دۆستانەیەمان بردەوە.
*دووەم یاریی دۆستانەمان لەگەڵ یانەی سامەڕا بوو، رۆژی 1/8/1988 ئەو یارییەمان کرد، یارییەکەش لە یاریگای سامەڕا کردمان و 1-0 یارییەكەمان بردەوە و گۆڵەکەی سلێمانیش (ئازادی حاجی مەلا شەریف د.16، تۆماریکرد.
رۆژی 6/8/1988 سێیەم یاریمان بەرامبەر یانەی سامەڕا بوو، ئێمە لە یاریگای سلێمانی میوانداریی ئاوانمان کرد و ئەنجامی یارییەکەش بە یەکسانبوونی هەردوولا 1-1 کۆتاییهات.
یارییەکە لە یاریگای سلێمانی (مەلعەبەکە) کراو سەعات 7 فیکەی دەستپێکی بۆ لێدراو تیمێکی ناوبژیوانی لە سامەڕ یارییەکەیان بەڕێوە دەبرد.
راهێنەرانی ئێمە (ئازاد وەهاب و حەمە بچکۆل) بوون، هانەرانی یارییەکە زۆر نەبوون و بگرە کەمیش بوون، تیپی میوان بە درێسی سەوز و ئێمەش بەدرێسی سپییەوە یاریمان کرد.
پێکهاتەی سەرەکی ئێمە کە بە پلانی 4-4-2 یاریمان کرد بەمشێوەیە بوو؛
*گۆڵچی (رەفیق عەلی).
*بەرگری (خەسرەو گورون، هادی کەریم، سۆران ئەحمەد، نەبەزی عەلی ئاسکە).
*ناوەند (فەلاح عەلی، جەعفەر تۆفیق، ئامانج سەید برایم-کاپتنی تیپ، سەڵاحی شێخ ئەمین. 
*هێرشبەر (ئازادی حاجی مەلا شەریف، حەمەی کەریم).
راهێنەرانیش ئەم گۆڕانکارییانەیان کرد؛
*بەکری شێخ مستەفا بۆ شوێنی حەمەی کەریم.
* رزگار مستەفا بۆ شوێنی سۆران.
*دارای تیپی چیا بۆ شوێنی سەڵاح.
گۆڵەکەی سلێمانیش (سەڵاحی شێخ ئەمین د.33)  تۆماریکرد، تیپی میوانیش لە دەقیقەی 61 دا گۆڵی یەکسان بوونیان کردەوەوە.
پاش ئەم یارییە راهێنانەکانمان بە چڕی بەردەوام بوون، تا رۆژی هەینی رێكەوتی 15/ 8/1988 هیچ یارییەکی دۆستانەی ئەوتۆمان نەکرد، بەڵام ئەو رۆژە میوانداریی یانەی کەرامەی کەرکوکمان کرد و چوارەم یاریی دۆستانەمان کرد و لە ژمارەی ئایندەدا تیشکێک دەخەمە سەر ئەو یارییەش.

 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان