هاكان فیدان بۆ ئەوروپا: «تیرەكە لە كەوان دەرچووە»

12:31 - 2025-03-10
جیهان
113 جار خوێندراوەتەوە

هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند: لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ناتۆدا، توركیا دەیەوێت بەشێك بێت لە هەیكەلی نوێی ئاسایشی ئەوروپا. 
سەبارەت بە ئاسایشی ئەوروپاش، فیدان دەڵێت: «تیرەكە لە كەوان دەرچووە و هیچ رێگایەك بۆ گەڕانەوەی بۆ دواوە نییە».
هاكان فیدان لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز رایگەیاندووە: بۆچوون و كردەوەكانی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا هۆشدارییەكە بۆ یەكگرتن و خۆڕێكخستنەوەی ناوەندەكەی خۆمان.
سەبارەت بە هێرشەكانی ئیسرائیلیش بۆ سەر باشووری سوریا، فیدان دەڵێت: «هێرشە بەردەوامەكان و جووڵە سەربازییە نوێیەكان، ئیستفزازێكی ئاشكران. ئیسرائیل هەموو وڵاتێكی عەرەبی و موسڵمان وەك هەڕەشەیەك دەبینێت و ئەمەش لە رادەبەدەر مەترسیدارە».
 فیدان جەختی لەوەش كردووەتەوە كە پەكەكە - یەپەگە كە ناوی «هەسەدە» لە سوریا بەكاردەهێنێت، «دوژمنی باوەكوشتەی توركیایە» و ناتوانرێت رێگە بەو رێكخراوە بدرێت بەردەوام بێت لە چالاكییەكانی.
فیدان ئاماژەی بەوەش داوە كە ئەنقەرە ئەگەر پێویست بكات، دەتوانێت دەست بەسەر ئەو كەمپ و زیندانانەدا بگرێت كە لەژێر كۆنترۆڵی یەپەگەدایە، كە ئەندامانی رێكخراوی داعش و كەسوكارەكانیان تێیدا دەمێننەوە.
لەلایەكی دیكەشەوە هاكان فیدان لە چاوپێكەتنێكیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی كرواتیادا وتوویەتی: «ناكرێت مەسەلەی ئاسایشی ئەوروپا بەتەنها لە شەڕی ئۆكرانیادا كورت بكرێتەوە، مەسەلەی هەیكەلی ئەمنیی ئەوروپا دەبێت لە روانگەیەكی درێژخایەن و ستراتیژییەوە چارەسەر بكرێت. لەو چوارچێوەیەشدا هەیكەلێكی ئەمنیی بەردەوام و پۆڵایین تەنها بە بەشداریی توركیا مەیسەر دەبێت».

بابەتە پەیوەندیدارەکان