شەڕ و ئاڵۆزییەكانی كەناراوەكانی سوریا كە لە 6/3وە لە سوریادا سەریهەڵداوە، پێینایە رۆژی پێنجەمەوە و بووە پرسی گەرمی میدیا ناوچەیی و جیهانییەكان و بە گرنگییەوە باس لەو رووداوانە و هۆیەكانی دروستبوونی دەكەن، بەپێی هەواڵی میدیاكانیش تا ئێستا نزیکەی 1000 كەس كوژراون و چەندانی تریش برینداربوون كە زۆرینەیان مەدەنیین.
پێكهێنانی لیژنەیەك
رۆژنامەی (الشرق الاوسط) رایگەیاندووە: بەپێی بڵاوكراوەیەك كە وێنەیەكی بۆ رۆژنامەكە نێردراوە، دیمەشق لیژنەیەكی 7 كەسی پێكهێناوە بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكاری دروستبوونی ئەو كێشانە و چارەسەركردنیان، لە بڵاوكراوەكەدا هاتووە، تەواوی لایەنەكانی سوریا رادەسپێرێت بۆ هاوكارییكردنی ئەو لیژنەیە و گەیشتن بە چارەسەری پێویست، هەر بەپێی بەیاننامەكەش پێویستە لەماوەی 30 رۆژدا ئەنجامی لیژنەكە بگەڕێنرێتەوە بۆ سەرۆكایەتی كۆماری سوریا.