راپۆرتی/ ئالان محەمەد جەزا
پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی شێخ عەبدولقادری چوێسە بۆ کوردستانی نوێ : نپێویستە لەسەر مسوڵمانان لە رەمەزاندا زیاتر دەستکراوە و دڵفراوان بن و دەستی خێر وچاکە بۆ یەکدی درێژ بکەن
پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی سلێمانی بۆ کوردستانی نوێ : لە سەرەتای دروستکردنی مزگەوتی گەورەدا هیچ ناوەندێكی خوێندن نەبووە، لێرە منداڵان فێری خوێندنەوە و نووسین و
زانستە شەرعییەکان کراون
مزگەوتی گەورەی سلێمانی، یەكێكە لە دێرینترین مزگەوت و شوێنە ئاینییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی، مێژووی دروستكردنەكەی بۆ سەردەمی بونیادنانی شاری سلێمانی و ساڵی 1784 دەگەڕێتەوە، مزگەوتی گەورە لە سەردەمی شێخ مارفی نۆدێدا دروستكراوە كە ئەوكات شێخ مارف بەرپرسی قوتابخانەی غەزایی بووە لە قەڵاچوالان و قوتابخانەكەشی هێناوەتە ناو مزگەوتەکە.
مزگەوتی گەورەی سلێمانی، دەكەوێتە ناوەندی شار و رۆژانی هەینی وتاری تێدا دەخوێنرێت، شوێنی كۆبوونەوەی زانایانی ئایینی و نوێژخوێنان و خەڵكی ئایینپەروەرە، بەهۆی ئەوەی مەزاری كاك ئەحمەدی شێخ دەكەوێتە ناو مزگەوتەكە رۆژانە سەدان كەس لەناو شار و ناوچەكانی دیكەی كوردستان و عیراق و دەرەوە سەردانی دەكەن.
مزگەوتی گەورە وەک ناوەندێکی خوێندن
محەمەد حسێن پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی سلێمانی بۆ كوردستانی نوێ وتی: مزگەوتی گەورەی سلێمانی لە سەرەتای بونیادنانییەوە تائێستا لە خزمەتكردن لە رووی زانست و زانیاریی بەردەوامە، لە سەرەتای دروستکردنیدا هیچ ناوەندێكی خوێندن نەبووە و لێرە منداڵان فێری خوێندنەوە و نووسین و زانستە شەرعییەکان کراون.
رووبەری مزگەوتی گەورەی سلێمانی 7000 مەتر چوارگۆشەیە و چەند بەشێك لەخۆ دەگرێت لەوانە: قوتابخانەی شێخ مارفی نۆدێ، بەشێكی مزگەوتەكە تایبەتە بە نابیناكان، چێشتخانەی خێریی لەگەڵ بەشی مەزاری كاك ئەحمەدی شێخ، ئەو ژوورەی ئێستا گۆڕی كاك ئەحمەدی شێخی لێیە، كاتی خۆی ژووری خۆی بووە و لەوێ كاروبارەكانی رۆژانەی کردووە، لەسەر وەسێتی خۆی پاش کۆچی دوایی هەر لەوێ بەخاک سپێردراوە.
بەشەکانی مزگەوتەکە
مزگەوتەکە بە بەردەوامیی مەراسیمی ئایینی و كۆڕی زیكر لەخۆ دەگرێت.
پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی سلێمانی وتیشی: دوای کۆچی دوایی شێخ مارفی نۆدێ حاجی كاك ئەحمەدی شێخ چەند بەشێكی بۆ مزگەوتی گەورەی سلێمانی زیاد كرد یەكێك لەوانە خوێندنگەی نابیناكانە بۆ فێركردن و لەبەركردنی قورئانی پیرۆز، هەروەها چێشتخانەیەكی خێرییە، کە تائێستا بەردەوامە، رۆژانە خواردنی تێدا دروست دەکرێت و بەبێ بەرامبەر دەدرێت بە کەسانی هەژار و ئەو رێبوارانەی روو دەکەنە مزگەوتەکە.
مزگەوتی گەورە بێجگە لە مەزاری كاك ئەحمەدی شێخ گۆڕی چەند میرێكی بابان و بنەماڵەكانیان و كەسایەتییەكی دیكەی تێدایە، وەك شوێنەوارێكی مێژوویی و ئاینیی گرنگ لە قەڵەم دەدرێت لەسەر ئاستی كوردستان.
تائێستا چەند جارێك مزگەوتی گەورەی سلێمانی و مەزاری كاك ئەحمەدی شێخ تازە کراوەتەوە، یەكەمیان لە ساڵی 1964دا بووە، دواتریش ساڵی 1994 مەزارگەكە جارێکی دیکە تازە کراوەتەوە و گومەزێكیش لەسەر مەزارەكە دروست كراوە، کۆتا جاریش ساڵی رابردوو بوو پاش تازەکردنەوەی لەسەر شێوازی دێرینی خۆی بە رووی نوێژخوێنان و سەردانکەرانیدا کرایەوە.
چێشتخانەکەی مزگەوتی گەورەی سلێمانی
رۆژانی ئاسایی، لە چێشتخانەکەی مزگەوتی گەورەی سلێمانی بۆ ژەمەکانی نیوەڕوان و ئێواران خواردن دروست دەکرێت و دەبەخشرێتەوە، محەمەد حسێن دەڵێت: لە مانگی رەمەزانیشدا چێشتخانەکە بەردەوامە، بەڵام خواردن تەنها بۆ ژەمی ئێوارە ئامادە دەکرێت، بەشی 4000 کەس و دابەش دەکرێت بەسەر ئەو کەسانەی رووی تێدەکەن.
رەمەزان سۆز و برایەتی بۆ كۆمەڵگە دروست دەكات و پێویستە لەسەر مسوڵمانان لەم مانگەدا زیاتر هاوکاری یەکدی بکەن.
مەحمود مستەفا پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی شێخ عەبدولقادری چوێسە بۆ کوردستانی نوێ وتی: خودای گەورە لێخۆشبوو و میهرەبانە بەرامبەر کەسانی لەخوا ترس و خێركەر، ئەوانەش كە باوەڕیان بە دەسەڵات و قودرەتی خوا هەیە، بۆیە پێویستە لەسەر مسوڵمانان لە رەمەزاندا زیاتر دەستکراوە و دڵفراوان بن بەرامبەر برا مسوڵمانەکانیان و دەستی خێر و چاکە بۆ یەکدی درێژ بکەن.
وتیشی: رەمەزان وا لە مرۆڤەكان دەكات بەزەیی و رەحمیان بۆ یەكتری بجوڵێ و هەموویان بە یەكەوە بژین و كێشە و گرفتی هەموان بەیەك چاو سەیربكرێت، هەروەها تێر و برسی ببنە هاوتای یەك، بۆ رزگاربوون لە هەژاریی دەستڕۆیشتوان ببەخشن بۆ ئەوەی ژیان بۆ هەموان ئاسان بكرێت.