کۆمەڵناسی و ئەدەب

ئەدەب وەک ئامڕازى گۆڕانى کۆمەڵایەتى

11:13 - 2025-03-11
کەلتور
102 جار خوێندراوەتەوە

پ.ی.د. عومەر عەلی ئەحمەد
 لە روانگەى کۆمەڵناسییەوە، ئەدەب تەنیا گێڕانەوەی رووداوەکان و باسکردنیان نییە، بارتەقاى ئەوەى ئامرازێکە بۆ تێگەیشتن لەو پێکهاتە کۆمەڵایەتی و ئابووریی و سیاسییانەی کە لە قۆناغێکی دیارییکراودا زاڵن

کۆمەڵناسی چەندین لقی زانستى هەیە و هەریەکەیان تایبەتن بە بوارێک و کایەیەکى دیارییکراو، بۆ توێژینەوە لە ئەدەب و کاریگەرییەکانى لەسەر تاک و گروپ و کۆمەڵگە، کۆمەڵناسیی ئەدەب هاتە ئاراوە. لەبەرئەوەى کۆمەڵناسی وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی سەیری ئەدەبییات دەکات و پێی وایە کە لەگەڵ واقیعی کۆمەڵایەتی و کەلتوریدا کارلێک دەکات. هاوکات لەڕێگەی کۆمەڵناسییەوە دەتوانین لەوە تێبگەین کە ئەدەب چۆن کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگە هەیە و ئاراستەی دەکات و چۆن دەتوانێت ئامرازێکی بەهێز بێت بۆ گۆڕینی واقیعی کۆمەڵایەتی.
ئەم تێگەیشتنەى سەرەوە رێگەمان پێدەدات لەوە تێبگەین چۆن ئەدەب وەک ئامرازێکى کاریگەر رۆڵى هەبووە لە سەرخستنى چینە پەراوێزخراوەکانى کۆمەڵگە و نەتەوە بندەستەکاندا، چی لەسەر ئاستى ئەدەبیی بەرگری یان ئەو ئەدەبیاتەى باس لە قوڵبوونەوەى جیاوازیی چینایەتى دەکات. لەم روانگەیەوە ئەدەب وەک ئامرازێک بۆ تێگەیشتن و شیکردنەوەی بابەتەکانی گۆڕانیی کۆمەڵایەتی تەماشا دەکرێت و ئەدەبیاتی هەندێک قۆناغی مێژوویی، رەنگدانەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکانە، هەربۆیە ئەدەب توانیویەتى سارێژى هەندێک لە برین و دەردە کۆمەڵایەتییەکان بکات.
لە روانگەى کۆمەڵناسییەوە، ئەدەب تەنیا گێڕانەوەی رووداوەکان و باسکردنیان نییە، بارتەقاى ئەوەى ئامرازێکە بۆ تێگەیشتن لەو پێکهاتە کۆمەڵایەتی و ئابووریی و سیاسییانەی کە لە قۆناغێکی دیارییکراودا زاڵن. بۆ نموونە لە ئەدەبیاتی سەدەی نۆزدەهەمی روسیادا، نووسەرانی وەک دۆستۆیڤسکی و تۆڵستۆی نالەبارى کۆمەڵایەتییان لە رێگەى ئەدەبەوە دەخستەڕوو، بە تایبەت ململانێی نێوان ئەرستۆکرات و جووتیاران و خەباتی ناوخۆیی چینە کۆمەڵایەتییەکان. هاوکات لە فەرەنسا ئەدەب ئامرازێک بوو بۆ رەخنەگرتن لە ستەمکاریى و کۆلۆنیالیزم. جیالەوەش ئەدەبیاتى نەجیب مەحفوز لێوانلێوە لە رەنگدانەوەى خەباتى چینایەتى و پرسە کۆمەڵایەتییەکانى قۆناغێک لە مێژووى میسر.
کەواتە کۆمەڵناسیی ئەدەب بەشدارە لە تێگەیشتن لەوەی کە چۆن ئەدەب وەک ئامرازێک بۆ پێدانی دەنگ بە تاک و گروپە پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگا بەکاربهێنرێت. بۆ نموونە، ئەو ئەدەبیاتەى لەلایەن ژنانەوە یان کەمینە نەتەوەییەکانەوە نووسراوە، رەنگە ئەزموون و دیدگایەک بخاتەڕوو کە زۆرجار لە ئەدەبیاتی سەرەکییدا نوێنەرایەتی نەکرابێت، چونکە ئەم ئەدەبیاتە، تیشک دەخاتە سەر پرسەکانی وەک هەڵاواردنی رەگەزی، هەژاری، نایەکسانی و پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی.
مامۆستاى زانکۆی سلێمانى

بابەتە پەیوەندیدارەکان