سەرۆكی بولگاریا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات

09:51 - 2022-08-02
ڕاپۆرت
390 جار خوێندراوەتەوە

ئا: یانی سابیر

دوای ماوەیەك لە هەڵوەشانەوەی حكومەتی ئیئتلافی بە سەرۆكایەتیی كیریل بیتكۆڤی ریفۆرمخواز، دوێنێ رۆماین رادیڤ سەرۆكی بولگاریا، بڕیارێكی دەركرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەكەی، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمدا.
هەروەها سەرۆكی بولگاریا، گوڵاب دونیڤ وەزیری پێشووی كاری وڵاتەكەی وەك سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەر دەستنیشان كرد، كە لە دوێنێوە تا پێكهێنانی حكومەتی نوێ، كارەكانی دەستپێكردووە.
بولگاریا كە ئەندامی ناتۆیە، رووبەڕووی هەڵاوسانی گەورە ‌و كێشەی راكێشانی غازی سروشتی ‌و دەرهاویشتەی دیكەی جەنگی ئۆكرانیا بۆتەوە ‌و دامەزراندنی دونیڤ كە راوێژكاری سەرۆكایەتیی وڵاتە بۆ سیاسەتی كۆمەڵایەتی بە سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەر، كاری لە پێشینەی حكومەتەكەی، پاراستنی خێزانەكان دەبێت لە گرانیی نرخی سووتەمەنی ‌و خۆراك ‌و رەنگە ئەو هەوڵانە، دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی غازی روسیا ‌و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوان سۆفیا ‌و مۆسكۆ بگرێتەوە، كە لە سایەی حكومەتەكەی كیریل بیتكۆڤدا گرژیی تێكەوتبوو.
جێی ئاماژەیە، بە تۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ وڵاتەكەیان، كیریل بیتكۆڤ سەرۆكی پێشووی حكومەتی بولگاریا، 70 دیپلۆماتكاری روسیای لە وڵاتەكەی دەركرد. هەروەها رازی نەبوو پارەی غازی روسیا بە رۆبڵ بدات، ئەوەش حكومەتی مۆسكۆی هاندا بۆ ئەوەی هەناردەكردنی غاز بۆ ئەو وڵاتە رابگرێت، لە كاتێكدا بە شێوەیەكی نیمچە تەواو، بولگاریا پشت بە غازی سروشتیی روسیا دەبەستێت.  

سه‌رچاوه‌: ئاژانسه‌كان

بابەتە پەیوەندیدارەکان