رۆژنامەی (الوحدة) بڵاویكردەوە، كارلا كینتانا سەرۆكی دامەزراوەی سەربەخۆی تایبەت بە ونبووەكان لە سوریا رایگەیاندووە: دیاریكردنی چارەنووسی ونبووەكانی سوریا كە دەگەڕێتەوە بۆسەردەمی پێشوو، بەیەكێك لە هەنگاوە بنەڕەتییەكان دادەنرێت بەرەو بەدەستهێنانی ئاشتیی سەرتاسەری لە سوریادا.
كینتانا روونیكردۆتەوە: واقیعی نوێ لە سوریادا دەرفەتێكی بێوێنەی رەخساندووە بۆ گەڕان بەدوای دەیان هەزار كەسی بێسەروشوێندا، هەروەها مافی كەسوكارەكانیانە راستی چارەنووسی رۆڵەكانیان بزانن، تەئكیدی كردۆتەوە: دامەزراوەكانی دەوڵەت پێویستیی بەهاوكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و توانا ناوخۆییەكان هەیە لەم هەوڵەدا.
خاتوو كینتانا لە راپۆرتێكدا كە ئاراستەی لایەنەكانی سوریای كردووە، ئاماژە كردووە بۆ كردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەسەر رێككەوتنێك بۆ ئاشكراكردنی چارەنووسی ونبووەكان، باسی لەوەش كردووە: دەزگاكەیان لە هەفتەكانی داهاتوودا پرۆژەیەكی تازە پێشكەشی دەسەڵات دەكەن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لێپرسراوان و خێزانی ونبووەكاندا.