شەرع و عەبدی رێککەوتن

03:36 - 2025-03-11
کوردستان
27 جار خوێندراوەتەوە

لەسەر بنەمای نوێترین رێککەوتن کە دوێنێ دووشەممە 10/3/2025 لەلایەن ئەحمەد شەرع سەرۆکی قۆناغی کاتیی سوریا و جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە ئیمزا کراوە، هەردوولا رێککەوتن لەسەر ئەوەی دەبێت مافی هەموو خەڵکی سوریا لە هاوبەشی و نوێنەرایەتیکردن لە سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتدا لەسەر بنەمای لێوەشاوەیی و بێ گوێدانە باکگراوندی ئایینی و نەتەوەیی زامن بکرێت، جەختیش لەوە کراوەتەوە کە کورد پێکهاتەیەکی رەسەنی سوریایە و دەوڵەتیش هەموو مافێکی دەستووری و  هاووڵاتیبوونی بۆ گەرەنتی دەکات.
هەروەها ئاگربەست لە سەرانسەری سوریادا جێبەجێ بکرێت و سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکوور و خۆرهەڵاتی سوریا تێکەڵ بە ئیدارەی دەوڵەتی سوریا بکرێت وەک دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگەکانی نەوت و غاز. هەروەک ئاوارەکان بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان و لەلایەن دەوڵەتەوە پارێزگارییان لێ دەکرێت.
هاوکات پشتیوانی دەوڵەت بکرێت لە قەڵاچۆکردنی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو ئەو هەڕەشانەی دەکرێنە سەر ئاسایش و یەکێتیی خاکەکەی و هەردوولاش هەموو داواکارییەک بۆ پارچەپارچەکردنی سوریا و هەوڵەکانی ئاژاوەگێڕی لەنێوان پێکهاتەکانی سوریادا رەتدەکەنەوە و بڕیاریشە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکە تا کۆتایی ئەمساڵ تێپەڕنەکات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان