بەگوێرەی بڵاوکراوەیەکی ئاژانسی فەرمی سوریا "سانا"، سوپای ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی پارێزگای دەرعای، لە باشووری سوریا بە فڕۆکە بۆردومان کردووە، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤیش دەڵێت، ئەو ناوچانە 17 جار بۆردومانکراون.
بەپێی ئاژانسە فەرمییەکەی سوریا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دەوروبەری شارۆچکەکانی "جیباب و ئیزرەع"یان لە پارێزگای دەرعا چەندین جار بۆردومانکردووە.
دواتر روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە بۆردومانەکاندا پێگە سەربازییەکانی سوپای پێشووی سوریا کراونەتە ئامانج، لەنێویاندا سەکۆکانی چاودێری و تانکەکان، لە گوندەواری باکووری دەرعا.
لە کۆتایی مانگی رابردووەوە، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر سوریا چڕتر کردووەتەوە، ئەمەش دوای ئەو داواکارییەی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هات، بۆ داماڵینى چەک لەتەواوى باشورى سوریا.
ئەو بۆردومانانە هەفتەیەک دوای ئەوە دێت، کە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سوریا بۆ قۆناغی راگوزەر، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد فشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی "دەستبەجێ" لە باشووری سوریا بکشێتەوە و هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتەکەی راگرێت.