11 رۆژ بەرگری و بەخشینی 300 شەهید بە ئازادی

لە یادی راپەڕیندا، رزگارکردنی خورماتوو بە کەمتر لە 18 سەعات

10:50 - 2025-03-12
ڕاپۆرت
138 جار خوێندراوەتەوە
شاری خورماتوو

راپۆرتی/ عومەر ئاوارە


34 ساڵ بەر لە ئێستا، دانیشتوانی شاری خورماتوو بە هاوكاری هێزی پێشمەرگە راپەڕینیان دژ بە دامودەزگاكانی رژێمی بەعس کرد، لە ماوەیەكی كورتدا كە كەمتر لە 18 سەعاتی خایاند شارەكە بە تەواوەتی لە دەست ئەو رژێمە رزگار کرا.

مەلا هاوار شافیعی بۆ کوردستانی نوێ  :
راپەڕینی ساڵی 1991 لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە سەلماندی كە خورماتوو بەشێكی دانەبڕاوی كوردستانە و ناسنامەكەی كوردستانییە


مەلا هاوار شافیعی كوڕی ئەنفالكراوێكی شارەكەیە لە بارەی راپەڕینەكەی خورماتوو بۆ کوردستانی نوێ وتی: راپەڕینی ساڵی 1991 لە خورماتوو كە لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە کرا، سەلماندی كە خورماتوو بەشێكی دانەبڕاوی كوردستانە و ناسنامەكەی كوردستانییە، بەڵام هێشتا ئامانجەكانی كورد لەو شارەدا بە تەواوی بەدی نەهاتووە و پێویستە كورد كە پێكهاتەی سەرەكی شارەكەیە و خاوەن مێژووی خورماتوو و قوربانی و شەهیدە بە شێوازێكی دیكە یاخود بە رێگەیەكی دیكە ئامانجەكانی راپەڕین بەدیبهێنێت، ئەویش ئەوەیە هەمیشە بوونی خۆی لە شارەكەدا بسەلمێنێت و هەوڵی پاراستنی مێژوو و كەلتور  و دەسكەوتەكانی شارەكە بدات، بۆئەوەی بەردەوام خورماتوو وەك شارێكی كوردستانی مۆرکی کوردی پێوەبێت و بمێنێتەوە.

 

د.خالید قادر بۆ  کوردستانی نوێ  :
ئەو گەشەسەندن و گەیاندنی دەستی خزمەتگوزارییەی لە خورماتوودا هەیە بەرهەمی راپەڕینە و خەڵكی شار شانازی پێوە دەكەن


بەرگریی پێشمەرگە و دانیشتوانی خورماتوو
راپەڕین لە خورماتوو بەراورد بە شارەكانی دیكە زۆر جیاواز بوو، لەبەرئەوەی دوای ئازادکردنی شارەكە رۆژانە سوپای بەعس لە دووری 10 كیلۆمەتر و بە هاوكاری موجاهیدی خەلقی ئێران پەلاماری شارەكەی دەدا.
د.خالید قادر مامۆستای زانکۆ بۆ کوردستانی نوێ وتی: لە یادی 34 ساڵەی راپەڕینەكەی شاری خورماتوودا سەری رێز بۆ شەهیدانی راپەڕین و شەهیدانی 11 رۆژەی بەرگری شاری خورماتوو دادەنەوێنین، لە راپەڕینی خورماتوودا خەڵكی شارەكە و هێزی پێشمەرگە ئازایانە بەرپەرچی پەلامارەكانی دوژمنیان دەدایەوە و شكستیان بە دوژمن دەهێنا، ئێستاش ئەو گەشەسەندن و گەیاندنی دەستی خزمەتگوزارییەی لە خورماتوودا هەیە بەرهەمی راپەڕینە و هەموو خەڵكی خورماتووش شانازی بەو دەستكەوتانەوە دەكەن.
راپەڕینەكەی شاری خورماتوو لە كاتێكدا بوو كە شارەكە لە سێ‌ قوڵەوە بە تانک و زرێپۆش گەمارۆ درابوو، قۆڵی باكوور كە سنووری شاری داقوق بوو و تەنها شاربوو لە عیراق راپەڕینی تێدا نەکرا، قۆڵی خورئاوا كە دەكەوێتە سەر شاری تكریت، قۆڵی باشوور كە دەكەوێتە سەر شەقامی خورماتوو - بەغدا، بەڵام سەرباری ئەوەش خەڵكی شارەكە قارەمانانە هاتنە دەست و راپەڕینییان كرد .

كامەران حاجی ئیبراهیم بۆ  کوردستانی نوێ  :
سێ‌ مانگ پێش راپەڕین ئاگادار كراینەوە كە پێشمەرگەی پارتیزان نزیك شاری خورماتوون و چاوەڕوانی سەعاتی سفرن




بەرگری قارەمانانە
كامەران حاجی ئیبراهیم یەكێك لە بەشداربووانی راپەڕینەكەی خورماتوو بۆ كوردستانی نوێ‌ وتی: سێ‌ مانگ پێش راپەڕین ئاگادار كراینەوە كە پێشمەرگەی پارتیزان نزیك شاری خورماتوون و چاوەڕوانی سەعاتی سفرن، ئێمە وەك شانە نهێنییەكانی ناوشار توانیمان ئەو هێزە پێش راپەڕین ببینین بە مەبەستی پلاندانان بۆ رزگاركردن و كۆنترۆڵكردنی شارەكە، بە درێژایی ئەو سێ‌ مانگە زانیاریمان دەگەیاندە ئەو پێشمەرگانە، لە كاتی نزیكبوونەوەی راپەڕین لە شاری خورماتوو نامەیەكمان بۆ هات لەلایەن ئەو هێزەوە ئاگادار كراینەوە كە ئەوان ئێوارەی 10/3 دێنە ناو شاری خورماتوو، دوای گەیشتنی ئەو هێزە خەڵكی خورماتوو لەگەڵیان راپەڕین.
وتیشی: پێشمەرگە و هاووڵاتیان سەرەتا دەستیان بەسەر بنكەیەكی سوپای شەعبیدا گرت، دواتر وردە وردە بەرەو بارەگای حزبی بەعس و دەزگا ئەمنییەكان كەوتنەڕێ، ئەو شەوە تا بەرەبەیانی رۆژی 11/3/1991 شارەكە بە تەواوی لە دەستی بەعس رزگارکرا، هەموو بارەگا و مۆڵگەكانی رژێمی بەعس كەوتنە دەست خەڵكی راپەڕیوی خورماتوو، دواتر پێشمەرگە و هاووڵاتیانی شارەکە بۆ ماوەی 11 رۆژ بەرگرییان کرد دژی ئەو هێرشانەی سوپای بەعس دەیکرد بۆ داگیرکردنەوەی شارەکە و لەو پێناوەدا زیاتر لە 300 کەس شەهید بوون.

سەبار ستار بۆ کوردستانی نوێ :
یەكێتی چۆن رێبەری راپەڕین بوو، ئاواش ئێستا دەستپێشخەری ئارامیی و خزمەتكردنە لە خورماتوو و تەواوی ناوچە دابڕێنراوەکان


کورد لە خورماتوو
خورماتوو ئێستا یەکێکە لە ناوچە دابڕێنراوەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام کورد دەسەڵاتی هەیە تیایدا و خزمەت بە هەموان دەکات.
سەبار ستار لێپرسراوی كۆمیتەی دووی خورماتوو بە كوردستانی نوێی راگەیاند: هەروەك چۆن یەكێتی رێبەری راپەڕین بوو ئاواش ئێستا دەستپێشخەر و رێبەری ئاوادانی و ئارامیی و خزمەتكردنە لە خورماتوو و تەواوی ناوچە دابڕێنراوەکانی هەرێمی کوردستان.
وتیشی: ئێستا شاری خورماتوو دوو نوێنەری چالاك و بوێری هەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، كە هەردووکیان درێغییان نەكردووە لە داواکردن و فشارخستنە سەر بەرپرسان بۆ گەیاندنی دەستی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی بۆ شارەکە، کاری ئەو دوو نوێنەرە بەرهەمی ئەو راپەڕینەیە كە 34 ساڵ بەر لە ئێستا لە شاری خورماتوو کرا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان